ئەمڕۆ چوارشەممە #22-11-2023#، #مەسرور بارزانى#، سەرۆکى #حکومەتی هەرێمى کوردستان#، پێشوازى لە شاندێکی سەربازیى بەریتانی بە سەرۆکایەتیى مارشاڵ سامى سیمپسن، گەورە ڕاوێژکارى بەرگریى بەریتانى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاریکاریى ئەمنی و سەربازیى دوولایەنە کرا.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریى ناوچەکە و دوورخستنەوەی ئێراق لە شەڕ و پێکدادانی سەربازی.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە پاراستن و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی یاسایی و دەستووریى هەرێم و پتەوکردنی سیستەمی فیدراڵی ئێراق کردەوە.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بگێڕێت. [1]