گەزیزە بووەتە سەرچاوەی خولقاندنی خولیا و عەشق بۆ شانۆ
نووسینی: #نیگار حەسیب قەرەداغی#
ساتێک، بیرەوەریی کەسایەتییەکی ناسراو دێتە بەردەستت، تووشی سەرسووڕمان دەبیت لەو ڕووداوانە کە ئەم کەسایەتییە تێیداژیاوە، بەڵام کە بیرەوەریی کەسایەتییەکی نزیک بە خۆتت دێتە بەردەست ئەوا سەرسامییەکەت زۆر زیاترە! ڕاستەوخۆ ساتەوەختی زۆر تاکەکەسی خۆتت دێنێتەوە یاد، لەگەڵ ئەو کەسە. زۆرجار ڕوودەدات ئەو کەسە، زۆر لێت نزیک بوو و چەند جار بەدەم پێکەنین و هەندێکجاریش بەدەم گریانەوە، گوێتان بۆ چیرۆک و بیرەوەرییەکانی یەکتر شلکردووە، بەڵام هێشتا چەندین چیرۆک هەیە لێت نەبیستبوو و بێئاگا بوویت لە هەست و خەم و ترس و دڵەڕاوکێی ئەو کەسە.
خاتوو گەزیزە، لەم پەرتووکەدا بە چەندین گەڕەک و شەقام و شار و وڵاتانی دنیادا، لەتەک بیرەوەرییەکانی خۆیدا گەشتێکمان پێدەکات و تووشی سەرسامی و دڵەڕاوکێمان دەکات، موچوڕکەی خۆشی و ترس بە جەستەماندا دێنێت، چەندین چیرۆکی لێ دەبیستین دەربارەی شار و نیشتمان، کە ڕەنگە لە هیچ پەرتووک و لە هیچ چاوپێکەوتن و سیمینارێکدا پێشوەخت نەتبیستبێت، گەر ئەم بیرەوەریانەی ئەم نەبێت، هەرگیزیش نەتبیستبێت..
کاتێک ئەم پەرتووکەم خوێندووە، ئەو سەردەمانەم دێنێتەوە یاد کە بە منداڵی بە دیار تەلەڤیزیۆنە ڕەش و سپییەکەی ماڵی باوکمەوە سەرجەم خێزانەکە دادەنیشتین تاوەکوو گوێبیست و سەیری گەزیزەی بەسەلیقەی قسەخۆش بین. لە گەڕەک لە ساتی هەڵماقۆ و چاوشارکێدا منداڵەکان، دیالۆگەکانی گەزیزەمان دەوتەوە و لاسایی نواندنەکانیمان دەکردەوە، سەردەمێک کە تیایدا بێئاگا بووم لەوەی کە لە پاشەڕۆژێکی زۆر دوور نا، ڕۆژێک دێت من و گەزیزە، لە هەمان ڕێگەی ژیانی شانۆ شانبەشان هەنگاو دەنێین و دەبینە هاوڕێ و پێکەوە پێدەکەنین و بە کوڵ پێکەوە دەگرین و باوەشی گەرم بۆ دڵنەوایی یەکتر دەکەینەوە.
خاتوو گەزیزە، بووەتە سەرچاوەی خولقاندنی خولیا و عەشق بۆ شانۆ و نواندن و هەروەها دەرهێنان و نووسینی دەقی شانۆیی لای چەندین کیژۆڵەی کورد، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بۆ سەقامگیری عەشق و گرنگیپێدانی نەوەی نوێ بۆ هونەری شانۆ، مێ یاخود نێر ، زۆر گرنگە.
گەر ئەم سەرچاوەیە، تەنیا لە ئەرشیفی پەرتووکخانەکاندا نەبێت بەڵکوو سەرچاوەیەکی زیندوی ئێستایە و درێژەپێدانی ئەو بیرەوەریانەیە کە لەم پەرتووکەدا، خاتوو گەزیزە زۆر بە ڕاشکاویەوە دەیخاتە بەر دەستی خوێنەری کورد، یاخود خوێنەری بێگانەش، چونکە دڵنیام لەوەی کە سەرنجی کەسانێک بۆ خۆی ڕادەکێشێت کە لە پاشەڕۆژدا وەریبگێڕنە سەر زمانەکانی تریش، تا نەتەوەی تر لە ڕێگای ئەو بیرەوەریانەوە ئاشنای لایەنێکی نادیاری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و شانۆی گەلی کورد بێت، هەروەک چۆن ئێمەی خوێنەری کورد، ئاشنای ژیانی نەتەوەکانی تر دەبین لە ڕێگەی بیرەوەری و یاداشتی کەسانێکی تر کە لە دەرەوەی کلتور و زمان و مێژووی ئێمەی کوردن.
پێزانینم بۆ ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیریی #کارۆ# کە لە ڕێگەی خەڵاتکردنی خاتوو گەزیزە و چاپکردنی بەشێک لە بیرەوەرییەکانی، دەرگایەکی نوێمان بۆ دەکاتەوە بۆ ئاشنا بوون بە ژیانی گەزیزە. هیواخوازم نموونەی ئەم چاپکراوانە زیاد بێت…
تەواوی وتارەکە، لە پەرتووکی (کلوە بەفرەکان پەنجەکانم ناتەزێنن) بەشی یەکەمی بیرەوەرییەکانی خاتوو #گەزیزە عومەر عەلی ئەمین#
وێنە: ئەرشیفی د. نیگار حەسیب قەرەداغی
ساڵانی هەشتاکان، خاتوو گەزیزە و د.نیگار، لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا، خوێندکاربوون.
[1]