#مەسرور بارزانی#، سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#، پێشوازیی لە هانس ساندی، باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە ئێراق کرد کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کرد بوو.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی دوو لایەنە.
هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیووانیی بەردەوامیی هۆڵەندا لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی #داعش# و پشتگیریی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەتایبەتیی کەرتی کشتوکاڵ دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی هۆڵەندا خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا، ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کرد کە ڕێژەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی لەنێوان هەردوولادا دوو هێندە زیاتر بووە و خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی ئێراق و ناوچەکە و گرنگیی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەم ساڵ 2024دا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. [1]