ناونیشانی پەرتووک: ئاییندەی کەرکووک: نەخشە ڕێگایەک بۆ چارەسەری پرسی پارێزگاکە
دەزگای پەخش: ئینستیتیوتی MERI
ساڵی چاپ: 2015
پرسی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان وەک یەکێک لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکان ماوەتەوە و پێویستە هەردوو حکومەتی ئێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەری بکەن. بەڵام بۆ ئەوەی هەر بەرەوپێشچوونێک بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی دۆخی ئەو پارێزگایە بێتە ئاراوە، پێویستە چەندین بابەتی پەیوەست بە دۆخی کۆتایی کەرکووک چارەسەر بکرێن. ئاشکرایە کە سەرکەوتنی هەر چارەسەرێکی سیاسی پەیوەستە بە بوونی ویستی سیاسی و سازانی تێکڕای لایەنەکان، بەتایبەتیی کاراکتەرە ناوخۆییەکانی کەرکووک.
دوای ساڵێک لە توێژینەوەی مەیدانی لە کەرکووک، ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (ئینستیتیوتی مێری) ڕاپۆرتی توێژینەوەکەی پێشکەش کرد بە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەژێر ناونیشانی “ئاییندەی کەرکووک: نەخشە ڕێگایەک بۆ چارەسەری پرسی پارێزگاکە”. ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی مێری پێشنیازی تێر و تەسەلی سیاسی لەخۆگرتووە و لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ (دووشەممە،07-09-2015) لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێشکەش کرا.
بە گوێرەی وتەکانی ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی مێری بە گەشبینییەوە پێشوازی لێکرا و وتی “ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی مێری یەکەمین ڕاپۆرتە پێشکەش دەکرێت لەوەتەی ساڵی 2011 وە یەکێک لە ئامانجە سەرکییەکانی کۆکردنەوەی کاراکتەرە جیاوازەکانی کەرکووک بە یەکەوە بۆ دیبەیتکردنی پرسی کەرکووک و دۆزینەوەی چارەسەرێک. ڕاپۆرتەکە لە کاتێکی گونجاوە پێشکەشکراوە ئێتر بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆی ئێمەی سەرکردەکانی کەرکووکە بۆ کارکردن لەسەر ئەم نەخشە ڕێگایە و مامەڵەکردن لەگەڵی وەک وەرەقەیەکی کار بۆ بردنە پێشەوەی پڕۆسەکە”.
ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگا، جگە لە ئەندامانی ئەنجوومەن، بریتی بوون لە کاراکتەرە سیاسییە ناوخۆییەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن. هەروەک چۆن لەلایەن کاراکتەرە ناوخۆییەکانەوە دووپاتکرایەوە، مانەوەی دۆخی ئێستای کەرکووک چارەسەر نییە و بەڵکوو پێویستی بە دەستپێکردن و پەیڕەوکردنی پڕۆسەیەکی سیاسییە. کوانگکۆ چۆی، بەڕێوەبەری نووسینگەی یونامی لە کەرکووک وتی “ئێمە خۆشحاڵین کە ئینستیتیوتی مێری هەوڵێکی جیدی داوە بۆ داڕێژتنی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی کەرکووک. هیوادارین ئەم چالاکییە ببێتە هاندەرێک بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە لە ڕێگەی دیالۆگ”.
ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی مێری چەندین پێشنیازی ڕوون لەخۆ دەگرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەئامانجی گەیاندنی پرسی پارێزگاکە بە چارەسەر و زەمینەسازیکردن بۆ دیبەیتی درووستکەر لەمەڕ ئاییندەی کەرکووک، کە ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی ئاستێکی بەرزتری پەیوەندی و لۆبیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لەخۆگرتنی ڕێکارەکانی بنیاتنانی متمانە وە دەردەکەوێت. پێویستە ئەم هەنگاوانەش ئەنجام بدرێن بە ئامانجی بەدیهێنانی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ پرسی کەرکووک.
پەیڕەوکردنی ڕوانگەیەکی هەمەلایەنە و یەکگرتوو یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو بارودۆخی سیاسی و ئەمنییە نالەبارەی کە ڕووبەڕووی کەرکووک بووەتەوە. بەگوێرەی وتەکانی پڕۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، “چارەسەری کەرکووک تەنیا ئەو کاتە دێتە ئاراوە ئەگەر کاراکتەرە ناوخۆییەکان لە کەرکووک ویستی سیاسی پێویستیان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک.[1]
تێبینی: ئەو دێڕانەی زانیاری لەسەری نییە لادەبرێن!