ناونیشانی بابەت: پڕۆسەی خوێندن و کاریگەرییەکانی لەسەر خوێندەوارانی کوردستان
ناوی نووسەر: #کازم عەباس زەندی#
ئاشکرایە کە خوێندن و نووسینی زۆربەی زمانەکان لە سەرەتادا بەو ئەلفبێ و بەو زمانانە کراوە، کە دەقەکی ئایینی پێنووسراوە، وەک ئینجیل و لاتینی بۆ نەتەوە مەسیحییەکان، قورئان و عارەبی بۆ موسڵمانەکان ئینجا لە دواتردا، بە تایبەتیش لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی فەڕەنسا لە 1789 و دامەزراندنی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان، بەپێی هەلومەرج و گونجان، زۆر لە وڵاتەکان، ئەم ڕێڕەوەیان گۆڕی و زمانی نەتەوەیی خۆیان بەکارهێنا، وەک تورکەکان، کە زمانی تورکی و ئەلفبێی لاتینیان لەجیاتی ئەلفبێی عارەبی کردە زمانی وڵات. لەم حالەتەشدا زمانە ئایینییەکان لە بەرانبەر زمانە نەتەوەییەکاندا پاشەکشەیان کرد. ئێمەی کوردیش کە میدییەکان بە ڕەچەڵەکی خۆمان دەزانین، لە دەستپێکدا زمانی ئاڤێستاو خەتی بزماریمان بەکارهێناوە، چونکە دەقی ئاڤێستای پێنوسراوە و ئایینی زەردەشتیمان پەیڕەوکردووە، بەڵام لە دوای لەناوبردنی میدییەکان لە 553پ.ز. لەسەر دەستی هەخامەنشییە پارسەکان، بەدیاریکراویش لە سەردەمی داریۆشی یەکەمەوە (523پ.ز.) ئەم ئاڤێستایە بوونی نەما، چونکە پەیڕەوکەرە هەخامەنشییەکان، کە تازە هاتبوونە سەر ئایینی زەردەشتی، لە خەت و زمانی میدییەکان نە دەگەیشتن، بۆیە خەت و زمانەکەیان گۆڕی و وەریانگێڕایە سەر ئەلفبێی ئارامی و زمانی خۆیان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەیەک کات و سەردەمدا، دەسەڵات و زمانی دەقی ئایینی لە بنەچەی کوردان بسەنرێتەوە، لە بەرانبەردا فارسەکان ببنە خاوەنی دەسەڵات و زمانەکەیان ببێتە زمانی دەقی ئایینی. بەمەش بەردەوام خوێندن و نووسینی پێکرا، بۆیە هەر یەکە لە دوو زمانەکە کەوتنە ژینگەیەکی تایبەتەوە، زمانی فارسی ناسراوتربوو، لە ڕێی خوێندن و نووسینەوە سووڕی گەشە و گۆڕانیشی پێشتر کەوت کەچی زمانی کوردی هەر لە ئاخاوتنی نێو ماڵەکاندا مایەوە. بۆیە پاشکەوت و هەر شێوەزارەکی بە ئاڕاستەیەک گەشەی کرد. لە سەرەتای سەدەی حەفتەمی زاینییشەوە، کە ئایینی ئیسلام داهات و سەرکەوت و پەرەی سەند، زمانی عارەبی جێگەی زمانی فارسی گرتەوە، چونکە دەقی قورئان بە عارەبی بوو. بەڵام بەهۆی ئەو پێشینەیەی کە لە پێشتردا، لە سەردەمی هەخامەنشییەکان تا سەردەمی ساسانییەکان بۆ زمانی فارسی هەڵکەوتبوو، توانیان لەدواتردا، زمانەکەیان بەر لە نەتەوەکانی دیکەی موسڵمان لە خوێندن و نووسینی ئەدەبیدا زیندوو بکەنەوە. زمانی کوردییش هەر لەو سەردەمەوە کەوتە سەر ڕێڕەوێکی سەخت و چەندین سەردەمی تاریکی بەسەردا هات، چونکە لەهەر سەردەمەکدا، زمانەکی زاڵ، وەک زمانی ئایین و دەسەڵات، باڵادەستی بەسەریدا دەنواند، ئەمەش هۆکارە بۆ دەرکەوتنی ئەو کەلێنە ناڕۆشنانەی کە لە ئێستادا، لە زمانەکەماندا پەیدابووە.
بەهۆی نەبوونی دەسەڵات، لە دوای میدییەکانەوە تا دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان، بەردەوام خوێندەوارانی کورد لەژێر کاریگەریی زمانە زاڵەکانی عارەبی و فارسی دا بوون چونکە لەلایەکەوە موسڵمان بووین و دەبوایە زمانی قورئان بخوێنین و فێر ببین، لەلایەکی دیکەوە ژێر دەستەی فارس-ان بووین، کە زمانەکەیان زمانی ئەدەب و دەسەڵات بوو.
لە دوای شەڕی چاڵدێرانیشەوە (22 ئابی 1514) بەشەکی تر لە خاکەکەمان و ئاخێوەرانمان کەوتنە ژێر دەستی عوسمانییەکان، بۆیە لەم ڕێکەوتە بەدواوە کاریگەری زمانی تورکیشی هاتەسەر. ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر بیرکردنەوەی خوێندەوارانی کورد و لەنێویاندا دەستەبژێرانیدا هەبوو. لە هەر پارچەیەکی کوردستان دا، خوێندەوارانی بە زمانەکی زاڵ فێرە خوێندن و نووسین دەبوون، کە زمانی خۆیان نەبوو، بە بابەتەک پەروەردە دەکران، کە بە تایبەتمەندی خۆیان دانەنرابوو، ئەمەش وای دەکرد هەردەم خۆیان بە قەرزاری ئەو زمانە زاڵە بزانن کە پێی فێر دەبوون، بۆیە زمانی خۆیان بە هاوتای زمانە زاڵەکان نەدەزانی و بەکەمتر لێیان دەڕوانی، هەر بەمەش خوێندەوارانی کورد بە مێژووەک ئاشنا دەبوون، کە پەیوەندی بە مێژووی خۆیانەوە نەبوو، بە ڕۆشنبیرییەک ڕۆشنبیر دەبوون، کە لە کلتوور و دابوونەریتی خۆیان جیاوازبوو، بە زانیارییەک شارەزا دەبوون، کە بۆ کۆمەڵگەکانی خۆیان نامۆ بوو، هەموو ئەمانەش ڕەنگدانەوەیان لەسەر بیرکردنەوەی خوێندەواران و سووڕ و پێگەیشتنی زمانەکەمان و دواکەوتن و پێگەیاندنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی تاکەکاندا هەبوو. ئەمەش وای دەکرد خوێندەواران نەبنە تەواوکەری نەخوێندەوارانی هەروەها زمانەکەمان بە شێوەزارەکانی بناسرێت و تاکی کورد وەک نەتەوە باوەڕی بە بوونی خۆی نەبێت .
هەروەک دەزانین پێگەیشتنی هەستی نەتەوەیی ئەو چەکەیە کە باوەڕ بەخۆبوون زیاد دەکات و خۆ بە کەمزانین ناهێلێت، ئەو گرفتە لاوەکیانەش لەنێو نەتەوەیەکدا ڕادەماڵێت، کە دەبنە تەگەرەو کۆسپ لە نێوان تاکەکاندا، تاوەکوو ئامانجی گەورەتر بەدی بهێت، بەڵام ئەو ڕێڕەوە مێژوویییەی کە لەڕێی خوێندنەوە بەسەر ئێمەی کورددا هاتووە، وای کردووە نەتەوەکەمان بە خوێندەوارو نەخوێندەوارانی، بە گوندنشین و شارنشینانی، لە چەند کۆمەڵگەیەکی لەیەکتر نەگەیشتوو لەڕووی بیرکردنەوە دروست ببێت، کە نەتوانن ئامانجەکی دیاریکراو بۆ بەرژەوەندی گشتی دیاربکەن و زەمینەی لەیەکتر نزیکبوونەوە بۆ شێوەزارەکانی بڕەخسێنن، هەر ئەم هۆیەش بوو کە وای کرد خوێندەوارانی، لەنێو خوێندەوارانیشیدا دەستەبژێرانی، نەتوانن وەک دەستەبژێری نەتەوەکانی دیکە ڕۆڵی پێشەنگی ببینن، چونکە کە پێ دەگەیشتن، لە کۆمەڵگەکانی خۆیان دادەبڕان یان وەک چینەکی جیاواز لە نێو کۆمەڵگەی خۆیاندا دەردەکەوتن، بەمەش پەیوەندییان بە کۆمەڵگەکانی خۆیانەوە لاواز دەبوو. بە زمان و بە کلتوور و بە مێژووی داگیرکەران کارلێکراو دەبوون، زۆربەیان بەبێ ئەوەی ویستی خۆیانی لەسەر بێت، لە خزمەتی داگیرکەراندا دەبوون، چونکە هەستی خۆنەناسینەوەیان بۆ دروست دەبوو، بەڵام ئەوانەی لە خزمەتی نەتەوەکەی خۆیاندا کاریان دەکرد و بەجیاوازتر بیریان دەکردەوە و وەک کوردستانییەکی دڵسۆز هەڵدەکەوتن، زۆربەیان لەگەڵ چواردەور و کۆمەڵگەکانی خۆیان ناکۆک دەبوون، چونکە لە دنیابینی یەکتر نەدەگەیشتن. ئەمانەش زیاتر بێدەنگیان هەڵدەبژارد یان لە کۆمەڵگەکانی خۆیان دوور دەکەوتنەوە و سەری خۆیان بۆ شوێنەکی دی هەڵدەگرت، چونکە نەیان دەتوانی بەرگەی نەزانی و ئەو بێهەستی و خۆبەکەمزانینە بگرن کە لەنێو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا هەبوو.
ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=