ناونیشانی بابەت: گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەری راستەوخۆی بایوجیوکیماوییەکان (بەتایبەتی پەینی نایترۆجینی)
ناوی نووسەر: #سان ساراڤان#
گۆڕانی کەشوهەوا ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری درێژخایەن لە پلەی گەرمی و شێوازی کەشوهەوادا. دەکرێت ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە سروشتی بن؛ بەهۆی گۆڕانکاری لە چالاکییەکانی خۆر یان تەقینەوەی گڕکانە گەورەکان. بەڵام لە دوای ساڵانی 1800ەوە چالاکییەکانی مرۆڤ، بزوێنەری سەرەکی گۆڕانی کەشوهەوا بووە، بە پلەی یەکەم بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنی بەردینی وەک خەڵوز و نەوت و گاز.
هەروەها سوڕەکانی بایۆجیۆکیمیایی بە شێوەیەکی سەرەکی ئاماژەن بۆ جوڵەی ماددە خۆراکیەکان و توخمەکانی تر لە نێوان هۆکارە بایۆتیک(زیندەییەکان) و نابایۆتیکەکاندا(نازیندەەیەکاندا).“ زاراوەی بایۆجیۆکیمیایی لە “بایۆ” بە واتای بایۆسفێر کە ئەمەش بەرهەگەوا و هایدرۆسفێری زەوی دەگرێتەوە کە زیندەوەران تیدا دەژین، و زاراوەی “جیۆ” بە واتای پێکهاتە جیۆلۆجیەکان ، لە کۆتاییدا “کیمیایی” خولی پێکھاتە، تایبەتمەندی، ئاوێتەبوون و گۆڕانی توخمەکانە.
دەرئەنجامی هەموو ئەو چالاکییانەی کە مرۆڤ لە بەکارهێنان و بەگەڕخستنی ئەو وزەو سەرچاوانەی وەک سووتەمەنی کەپشتی پێ دەبەستێت بۆ گوزەران ئێستای ژیانی رۆژانە بۆتە هۆکاری دەردانی گازی گەرمەخانەیی (گرینهاوز گاز). ئەو گازانەی کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی سوومەنی بەردین دەردەچن سەرەکیترینیان برییتە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، میتان و ئۆکسیدی نایترۆجین. کە ئەمانە بوونەتە هۆکاری گەرمبوونی گۆی زەوی. بەڵام جگە لە سەرچاوەکانی سووتەمەنی، چالاکی تری مرۆڤ زۆرن کە بوونەتە هۆی بەرهەمهێنانی گازە گەرمە خانەییەکان.
لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر کاریگەری چالاکیەکی تری مرۆڤ ئەویش بەرهەمهێنانی مادە بایۆجیۆکیماییەکان، بۆ نموونو وەک پەینی نایترۆجینی.
لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی، گەر بەراوردێک بکەین لە ژمارەی دانیشتوان لە سالی 1900 دا تەنها یەک ملیار و شەش ملیۆن کەس بوونیان هەبووە بەڵام لە ساڵی 2024 ئەم ژمارەیە گەشتۆتە هەشت ملیار و سەدو دە ملیۆن کەس بەواتا ئەم رێژەیە زۆر زیادی کردووە. لەبەر ئەم هۆکارەیە خواستەکان لەسەر خۆرا ک و بەرهەمهێنانی خواردن لە زیادبووندان. دەولەتە زلهێزەکانیش لە پێشبڕکێدان بۆ بەرهەمێنانی زۆرترین خۆراک لە زووترین کاتدا. بەدەسهێنانی خۆراک سەرەکیترین پێداویستی مرۆڤە کە لەڕێی بەروبوومی کشتوکاڵیەوە دەستی دەکەوێت ،کشتوکاڵیش پێویستی بنەرەتی بە پەیین و هەموو ئەو مادە بەهێزکەرانەیە کە بەرهەمێکی بە پیت و بڕێکی زیاتر بەرهەم بهێنێت لە خێراترین کاتیشدا، بۆیە مرۆڤ هەمیشە پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی پەینەکان جا ئەگەر پەیینە ئاژەڵییە سروشتییەکان بێت وەک میز و پاشەڕۆی ئاژەڵ(تەپاڵە، ریقنە و پشقل) یان دروستکراوەکان بێت وەک پەیینی کیمایی ..
پەیینی نایترۆجینی یەکێکە لە باوترین پەیینەکان کە لەم سەردەمەدا بەکاردەهێنرێت، لەساڵی 1909 -1913 لە لایەن دوو زانای ئەڵمانی دۆزرایەوە . پێکهاتەکانی نایترۆجین ماددەیەکی خۆراکی سەرەکییە کە ڕووەکەکان پێویستیانە بۆ گەشەکردن، ئەم پەیینە هەرزانترین و باوترینە لە هەموو جۆرەکانی تر.
نایترۆجین توخمێکی زۆرە لە بەرگەهەوای زەویدا، ئاسمان شین دەکات، بناغەی پڕۆتینەکانی ناو جەستەمان پێکدەهێنێت و یارمەتی بەپیتکردنی خاک دەدات، ئاسایشی خۆراک پشت بە پەیینی نایترۆجین دەبەستێت. زۆرێک لە پرۆسەکانی گۆڕانکاری خۆراک لە ڕووەک و ئاژەڵەکاندا پشت بە نایترۆجین دەبەستن. ڕەنگە بەرچاوترینیان ڕۆڵی نایترۆجین بێت لە دروستکردنی ترشە ئەمینییەکان، کە بنەماکانی بنیاتنانی پڕۆتین پێکدەهێنن.
پەیینی نایترۆجین: لە کالیسیۆم، سەلفات ئەمۆنیۆم، نیتراتی سۆدیۆم، یوریا و هتد پێکدێت، ئەم پەیینە نایترۆجینیە کاریگەری لەسەر گەشەی بەرهەم هەیە لە زۆر ڕووەوە. هاندەری گەشەکردنی گەڵاکانە، ڕەنگێکی سەوز بە گەڵاکان دەبەخشێت. لە بەرهەمهێنانی دانەوێڵەشدا، هۆکاری بەرهەمهێنانی گرێیە لە تۆوەکاندا و دەبێتە هۆی تەڕوبڕی و ناسکی لە ڕووەکەکاندا. بەڵام ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر نایترۆجین بەکاربهێنرێت لەوانەیە زیان بە بەرهەمەکە بگەیەنئت چونکە ڕەنگە بەرگری لاواز بکات بەرامبەر بە نەخۆشیە کشتوکاڵییەکان و لە کوالیتی بەرهەمەکە دابەزێنێت.
نزیکەی دوو لەسەر سێی دەرهاویشتەکان و کاریگەرییە نەرێنیەکانی پەیین بۆ ژینگەو تەندروستی مرۆڤ دوای بڵاوبوونەوەی لەسەر زەوی کشتوکاڵی ڕوودەدات، کاتێکیش نایترۆجین لە شێوە چالاکەکەیدا، وەک لە پەییندا، بەر خاک دەکەوێت، کارلێکی میکرۆبی ڕوودەدات کە ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئۆکسیدی نایترۆجین، وەک ئاماژەمان پێدا گازێکی ژەهراوییە، لە ناوخاکدا کاریگەری راستەخۆ دەکاتە سەر زیندەوەرە جۆراجۆرەکان(بایۆدایڤێرستی). بە هەمان شێوە تێکەڵ بە ڕووەک و ئاو و هەوا دەبێتەوە.
چۆن پەینی نایترۆجینی گازی گەرمەخانەیاکان دەرێژێت لەسوڕێکدا؟
مەترسییە گەورەکە لە بڵاوبوونەوەی گازی ئۆکسیدی نایترۆجین لە بەرهەمهێنانی گازی گەرمەخانەیین کە نزیکەی لە 5٪ ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی پێکدەهێنێت.
مەترسییەکانی ئۆکسیدی نایترۆجین بۆ سەر ژینگەو گۆڕانی ژینگەیی: - ئۆکسیدی نایترۆجین 300 هێندەی لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەهێزترە بۆ گەرمکردنی بەرگەهەوا. - ئۆکسیدی ناترۆز بۆ ماوەی زیاتر لە 100 ساڵ لە بەرگەهەوادا بە چالاکی دەمێنێتەوە. - زۆرجار بەهۆی وەشاندنی پەیین کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لە گەشە کردنی قەوزە لە دەریاچە و ڕێڕەوی ئاوەیەکاندا، ئەم قەوزانەش بەبەردەوامی گازی گەرمخانەیی دەردەکەن و دەچیتە ئاو و هەواوە. - پاشەڕۆی نایترۆجین قورسایی لەسەر ئابووری دروست دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی 2018-2019 ی بەرنامەی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ ژینگە ساڵانە نایترۆجین لە نێوان 340 ملیار بۆ 3،4 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی تێچووی ئابووری جیهانی دەبات کاتێک کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئیکۆسیستەمەکان ڕەچاو دەکرێت.
لە بەرهەمهێنانی پەیینی نایترۆجینیشدا ولاتەکانی وەک ڕوسیا، چین، ئەمەریکا، هندستان، کەنەدا ، میسر، تورکیا، سعودییە، قەتەر، پاکستان و ئێران لە پێشەوەی دروستکردنی ئەم بەرهەمهێنانەن. بەهەمان شێوە، لە بەکارهێنانی پەینی ئاژەڵیدا پرسێکی دیکە ڕووبەڕومان دەبتەوە ئەویش کە بڵاوبوونەوەی ئەمۆنیای کشتوکاڵییە. هەرچەندە خۆی ئامۆنیا گازێکی گەرمخانەیی نییە، بەڵام کاتێک دەچێتە هەوا، وەک بنەمایەک کاردەکات بۆ دەردانی ئۆکسیدی نایترۆجین کە گازێکی گەرمخانەیی بەهێزە. بەڵام ئەم ڕێژەیە زۆر کەمترە بەبەراورد بە پەینی نایترۆجینی. نایترۆجین پڕۆتینەکانی ناو جەستەمان پێکدەهێنێت و یارمەتی بەپیتکردنی خاک دەدات: جگە لەوەی نایترۆجین و کارلێکەکانی دەبنە هۆکاری دەردانی گازی گەرمەخانەیی بەڵام نایترۆجین بناغەی پڕۆتینەکانی ناو جەستەمان پێکدەهێنێت و یارمەتی بەپیتکردنی خاک دەدات، هەروەها ئاسایشی خۆراک پشت بە پەینی نایترۆجین دەبەستێت. سەلامەتی خۆراک تەنها دابینکردن و پڕکردنەوەی کەلێنی خۆراک نییە بەڵکو دابین کردنی خۆراکە لە روی کواڵێتی و پێداویستی و نرخیشەوە. پرسیارگەلی دانیشتوانی ناوچەکەمان هەمیشە ئەوەیە ئەم هەموو نەخۆشی و پەتایانە بۆتەشەنەی کردووە بەم ڕێژە گەورەیە؟ وەلامەکەی دەکرێت راستەخۆ پەیوەندی هەبێت بە ئاسایشی خۆراک و رێژەی ئەو هەموو نایترۆجین و کارلێکەکانی بێت لە و خۆراکانەی کە لەبەردەستن. ئەمە جگە لە گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا ودەردانی گازە گەرمەخانەییەکان بەهۆی سووتەمەنییە بەردیینیەکانەوە(گاز، نەوت و خەلووز). زیانە ڕاستەخۆکانی نایترۆجین و زێدەڕۆییکردنی لە بەکارهێنانی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ: ڕۆژانە مرۆڤ پێویستی بە ڕیژەی 40 بۆ 70 گرام لە پرۆتین هەیە، ( ناتیرۆجین پکهاتەی سەرەکی پرۆتینە)، ئەم بڕەش بەپێی ڕەگەز و تەمەن و قەبارە دەگۆڕیت. لە زیانەکانی نایترۆجین جگە لەردانی گازی نایترۆجین و کاریگەری بۆ کەش و هەوا دەردانی گازی گەرمەخانەیی، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی نایترۆجین لە خۆراکدا و لەو خۆراکانای کە ڕێژەیەکی زۆر نیترەیتی تیدایە ( 1 نایترۆجین +3 ئۆکسجین NO3) دەببێتە هۆی کێشە تەندرەوستییەکانی مرۆڤ وەک کێشەی غودەی دەرەقی، جۆری جیاوازی شێرپەنجە ، کێشەی دەماریی (لە کاتی گەشەکردنی کۆرپەلە) و نەخۆشی شەکرە. هەروەها یوریمیا دروست دەکات، کە بریتییە لە بەرزبوونەوەی ئاستی یوریا و پاشماوە نایترۆجینییەکانی تر لە خوێندا کە دەبێتە هۆکاری ژەهراویبوونی جەستە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق چۆن راستەوخۆ بەر کارییگەریەکانی بەکارهێنانی پەینی نایترۆجینی ئەکەوین؟ لە ئامارێکدا کە لە ساڵی 2012 کراوە زەوییە کشتوکاڵیەکانی عێراق تەنها 94.240 کیلۆمەتر چوارگۆشەی پێکدەهێنا کە ئەمەش نزیکەی21.7 ٪ ی کۆی ڕووبەری زەوی عێراقە. ئەم ڕێژەیە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان لەم چەند ساڵەی دووایدا بێگومان کەمیکردووە، بە هۆی گۆڕان و خراپی کەش و هەواو و کەمئاوی و کۆچکردن و جەنگەکان و بە بیابانبوون و فراوانبونی شوێنی نیشتەجێبوون لە زۆرینەوەی ناوچەکانی عێراقدا. لە بەر بەزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانیش لە عێراقدا و ئاستی پێداویستیەکانیش زیادی کرددوە، بۆیە هەمیشە خواست لەسەر بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی خۆراک بە ڕادەیەک زۆر بووە کە بەهیچ کام لە بەرهەم هێنان و هاوردەکردن سارێژی خواستەکان ناکات، گەر رۆژێک مەرزە سنووریوکان دابخرێت یەکسەر کاریگەری گەورە و کەلێن دروست دەکات. وەک لە بەشی سەرەوە ئاماژەم پێدا پەنا بردنە بەر پەیینی نایترۆجینی بۆ زیادکردنی بەرهەم ڕێگەیەکی خێراو چارسەرێکی هەنووکەییە بۆ جوتیاران.
بۆ بەرهەممهێنانی کشتوکاڵیش، ڕێژەی بەکارهێنانی پەیینی نایترۆجینی پێویست لە بەرهەمێکەوە بۆ بەرهەمێکی تر دەگۆڕێت بەتایبەت بۆ کشتوکاڵ، بۆ نموونە ، سەوزەکان هەر مەتر دووجایەک لە(20 -100) گرام پێویستی بە پەینی نایترۆجینی هەبێت و هەندێک داری گەورەش پێویستی بە 1 کیلۆ گرام پەیین هەبێت بۆ هەر مەتر دووجایەک. وەک وتمان لەبەر خێرای گەشە و هەرزانی نرخی پەیینی نایترۆجینی جووتیاران پشت بە پەیینی نایترۆجینی دەبەستن. لە عیراقیشدا دوو کارگەی بەرهەم هێنانی پەیینی نایترۆجینیمان هەیە لە بێجی و لە بەسرە کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانن، رۆژانە 1750 تەن لە بێجی و 2250 تەن لە بەسرە پەیینی نایترۆجینی بەرهەم دەهینرێت. رێژەی بەرهەمهێنانی پەینی نایترۆجینی بەبەردەوامی لە زیاد بووندایە لە عێراقدا کە تەنها بۆ ناوچەی خوارووی عێراقە بەکار دەهێنرێت. هەرچی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕکراوان لە پەیینی نایترۆجینی(پاودەر و شل)ی ئێرانی و ئوردنی، سعودیی و ئەڵمانی. گەر بەرداوردێک بکەین لە نێوان بەرهەمێنان و هاوردەکردنی پەینی نایترۆجینی و پێوانەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆمان دەردەکەێت کە زێدەڕۆیی زۆر هەیە لە بەکارهێنانی پەینی نایترۆجینی لە ناوچەکەدا بە هۆی نائاگایی و کەم هۆشیاری بەکاربەرانی پەینی نایترۆجینی و زۆرجاریش خواستی دەستکەوتنی سەرمایە بەشێوەیەکی زۆر و خێراوە و نەبوونی سیاستەتێکی ڕوونی ئاسایشی خۆراک لەلایەن بڕیاربەدەستانەوە. سەرەڕای ئەو ڕیژەیەی لە بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی پەیینی نایترۆجینی بازاڕەکانی ئێمە پڕن لە خۆراکی جۆراوجۆری ئەو وڵاتەنەی کە پێشەنگن لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنان و زیادەڕۆیکردنی پەیینی نایترۆجینی وەک خۆراکی بەرهەمهێنراوی ئێرانی و توورکی و میسری و هندستانی و پاکستانی و گەلێک شوێنی تر، کە لەبەر کوالیتی خۆراکەکان نرخەکانیشیان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تردا هەرزانترە.
گرفتەکە لە کوێدایە؟ 1- ئەو پەیین و مادە بەپیتکەرانەی کە لە سنوورەکانەوە دێن پشکنینی جۆرییان بۆ ناکرێت. نازانرێیت رێژە کیمیاییەکانی چەندن و پێکهاتەکانی چۆن و بە چ رێژەیەک ئاوێتە کراون. 2- لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵدا پشکنینی جۆریی بۆ ناکڕیت زۆر کات جوتیارەکان راستەوخۆ دەینرێنە خوارووی عێراق، ئەگەر چی هۆبەی کۆنترۆڵی جۆری هەیە لە کاتی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان لە سەنتەرەکانی فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا(عەلوە)، کاربەدەستانی ئەم هۆبەیە دەڵێن ڕێکارەکانمان بە وردی دەگرینە بەر بەڵام دوا بەدوای بەدواداچوونم و چاوپێکەوتن لە گەڵ بریکارەکانی ئەم سەنتەرانە دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە پشکنینەکان لە ڕووی فیزیکی و کیمیایی ومایکرۆبایلۆجییەوە ناگیرێتە بەر ، تەنها ڕۆتینە . 3- لە دەروازە و مەرزە سنوورییەکانیش کاتێک کە خواردن هاوردە دەکریت ئەگەر چی هۆبەی پشکنین هەیە و ئامێرەکانیش هەن بەڵام لە ئێستادا ئەو مادانەی کە پشکنینیان بپێدەکرێت فەراهەم نییە بۆیە ئەو خۆراکانەی کە دێن تەنها لە ڕووی فیزیکی و شێوەوە پشکنینی بۆ دەکرێت و لایەنی کیمیایی و مایکرۆبایلۆجی فەرامۆشە لە م پرۆسەیەیە.
بە گشتی زانیاری و هۆشیاری لەسەر بەکارهێنانی پەینی نایترۆجینی و دەرئەنجامە تەندروستی و ژینەگەییەکانی کەمە لە نێوان خەڵک وجوتیاران و بڕیار بەدەستاندا. میدیاش کەلێنکی گەورەی تێدایە لە شرۆڤە کردن و شیکارکردنی گۆڕانە ژینگەییەکان و خستنەرووی بابەتاکان بە شێوەیەکی زانستی. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!