=KTML_Bold=نەجەف بێدەنگی دەشکێنێ؟=KTML_End=
#ئاسۆ حاجی#
دوای بەدیارکەوتنی ئادگاری قۆناغی نوێی سیاسی لە عێراق و باڵا دەست بوونی رەوتی سەدر لە بڕیار سیاسی و یەکلایی کردنەوەی هاوکێشەکان و بەلاداخستنی دۆخەکە بەلایەک، پرسیار دەربارەی هەڵوێستی نەجەف و مەرجەعیە دێتە گۆڕێ، کە بە دڵنیایەوە ئێستا کەوتوونەتە بەردەم پرسیارێکی گرنگ و چارەنووسساز، ئایا خۆزگە و داواکاریەکانی سەدر تەنیا لە چوارچێوەی کاری حوکمەتداری دەمێنێتەوە، یان پەل بۆ نەجەفیش دەهاوێژێ و ئەویش بەشێکە لە خۆزگەکانی، بۆ کۆنتڕۆلکردنی دڵ و عەقڵی شیعە!
ئەو ئەگەرە زۆر بەهێزە، لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان، سەدر لە رێگەی حکومەتەوە پارە و داهاتێکی زۆر زیاتر لە ئێستای دەکوێتە ژێر دەست و دەتوانێت باشتر و زیاتر کۆنتڕۆلی کۆمەڵگای شیعە بکات. دووەمیان، پیری و پەککەوتەیی مەرجەعی ئێستا سەید عەلی سیستانی، حەزەکەی سەدری گەورەتر کردووە، چونکە لە کاتی کۆچی دوایی کردنی سیستانی رەنگە بە ئاسانی بتوانێ بەو ئامانجەشی بگات.
گەیشتنی سەدر بەو ئامانجانەی لە کۆنتڕۆلکردنی بەغدا و نەجەف، واتا تەواو گواستنەوەی ئەزموونی ئێرانیە بۆ عێراق و کۆبوونەوەی دەسەڵاتی دین و دونیا لە دەستی کەسێکدا. لە ساڵانی رابردوو نەجەف چەندین جار ئەو رۆڵەی بینیەوە و دەستی خستووەتە کاروباری سیاسی و بڕیاری داوە کە نە حکومەت و نە پەڕەلەمان و دادگای باڵا نەیتوانیوە لاملی لە بڕیارەکانی بکەن، بە پێچەوانەوە تەواو گوێڕایەڵ و ملکەچی بوونە، بەڵام بەو مۆدێلە ئێرانییەی کە سەدر چاوی لێیە، ئەوە حەوزەی نەجەف دەبێتە سەرچاوەی هەموو بڕیارەکانی، کە پێویستە پەرلەمان و حکومەت دەریبکەن.
بێدەنگبوونی نەجەف تا ئێستا لە بەردەم ئەو گۆڕانکارییانە، جێگەی پرسیارە، ئایا نەجەف لەگەڵ ئەو رێکارانەیە، کە سەدر بانگەشەی بۆ دەکات؟ ئایا ئەوانەی لە پشتەوەی سەدرن نەجەفیان قایل کردووە؟ یان ئەوەتە نەجەف لە بێدەنگیدا بە حیساباتی خۆی دادەچێتەوە و لە کاتی پێویست و یەکلاکەرەوە بێدەنگیەکەی دەشکێنێت و هەڵوێستی خۆی بە روونی رادەگەیەنێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=