هەوار ئیسماعیل
#دوران کاڵکان# ، ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە ڕایگەیاند، ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕیار بدات، پەکەکە ناوچەکە جێدەهێڵێت.
دوران کاڵکان، ڕۆژی چوارشەممە، 25ی کانوونی یەکەم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی نزیک لە خۆیان ڕایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ڕۆژاوای کوردستانەوە نییە، بەڵام هەندێک لایەن ئەمە وەک گوشار لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە بەکاردەهێنن.
کاڵکان وتی: هەڤاڵ جەمال (موڕاد قەرەیڵان)یش پێشتر ئاماژەی بەوەدا، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆمان نییە، بەڵام ئەمە دۆخێک نییە کە ببێتە کێشە. با بڵێین ڕاوێژکار هەیە، هەندێک کەسایەتی هەن سەربەخۆ کار دەکەن، بەڵام ئەگەر کورد هەبن کە خەڵکی سووریا نین و ئەو کەسانە ببنە کەسانی پەیوەست بە پەکەکە، ئەگەر ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕیار بدات، ئەوا ناوچەکانیان بەجێدەهێڵن.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستان، دوران کاڵکان دەڵێت: بە تایبەتیی بۆ پەکەکەییەکان هەرگیز کێشە نییە، چەکەکانیان هەڵدەگرن و ڕوو لە باکووری کوردستان دەکەن. پێشتر لە شەڕی دژی داعش لە ڕۆژاوای کوردستان، چەکەکانیان لە باکووری کوردستان هەڵگرت و بەرەو ئەوێ ڕۆیشتن.
کێشەیەکی ئەوتۆ نییە کە بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهۆیەوە تووشی کێشە بێت. بەم شێوەیە ناتوانن تەنگاویان بکەن. ئەگەر کەسانێک هەبن تەنگاو ببن، ئەوە بەڕێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە. دوران کاڵکان وای گوت.
ئەو گوتانەی دوران کاڵکان لە کاتێکدایە، ئەنقەرە بوونی هێزەکانی پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستان وەکوو کارتێک لە دژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەکاردەهێنێت و بە پاساوی ئەوەش بەردەوام هەڕەشەی هێرش دەکات.
#هاکان فیدان# ، وەزیری دەرەوەی تورکیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئاماژەی بەوەدا، ئەندامانی ناسووریایی پەکەکە لەناو یەپەگە دەبێت ڕۆژاوای کوردستان بەجێبهێڵن، ئەوانی دیکەش دەبێت چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی نوێی دیمەشق بکەن.
ئەنەکەسە و بەرەی کوردستانی سووریا داوا دەکەن ئەو کادیر و شەڕڤانانەی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستانن ڕۆژاوای کوردستان بەجێبێڵن.
پێشتر بەرپرسانی هەسەدە، لەوانەش مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەو هێزە ڕایگەیاندبوو، هیچ گەریلایەکی پەکەکە لەنێو هەسەدە نەماوە.[1]