دیداری شاندی دەم پارتی و #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# ، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانەی ئیمرالی کۆتایی هات. دەم پارتی دەڵێت لە چەند کاژێری داهاتوودا ڕاگەیێندراوێک لەبارەی ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکە دەخەنەڕوو.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیێندراوێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، #28-12-2024# ) ڕایگەیاند شاندەکەمان کە لە پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، ئەمڕۆ لە ئیمرالی چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا. ئەم چاوپێکەوتنە کۆتایی هات و شاندەکەمان گەڕایەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە، شاندەکەمان لە کاژێرەکانی داهاتوودا ناوەرۆک و هەڵسەنگاندنەکانی ئەم چاوپێکەوتنە، لەگەڵ ڕاگەیاندن و ڕای گشتی دەخەنەڕوو.
وەزارەتی دادی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو؛ شاندەکەی دەم پارتی لە هەریەک لە پەروین بوڵدان، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و سری سوورەیا ئۆندەر، پەڕڵەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ پێکدێت.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی 22ی تشرینی یەکەم داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بێتە پەڕڵەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بەتەواوی کۆتاییهاتووە و ڕێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە.''
دوای ئەو پێشنیازەی باخچەلی، دەم پارتی هەمان ڕۆژ داواکاری بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلان پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
دیدارەکەی ئەمڕۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و شاندەکەی دەم پارتی کاژێر 11:00 دەستی پێ کرد و چەند کاژێریکی خایاند.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تەمەنی 75 ساڵە و چارەکە سەدەیەکە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گۆشەگیرکراوە.
ئۆجەلان لە 15-02- 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە کینیا دەستگیر کرا و گەڕێندرایەوە تورکیا. دوای دادگاییکردنی، ڕۆژی#29-06-1999# فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی سزای لەسێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی قورسکراو.[1]