ناونیشانی بابەت: کە خاوەنی مۆسکۆڤیچ و شەھبا بوویت ھەر دەبێت بڕووخێیت!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
ئەم وتارەی ئەمڕۆم بەشی پێنجەمی زنجیرە وتارێکە، کە ناونیشانە سەرەکییەکەی لە بەشی یەکەمدا بریتی بوو لە (بەعسی سووریا 33 ساڵە ڕووخاوە، بەڵام دوو ڕۆژە بەفەرمی ڕاگەیەندراوە). لەم زنجیرە وتارەدا ھەوڵم داوە، ڕووخاندنی حوکمی سۆڤێتی پێشوو، کە دوا سەرۆکی یەکێتیی سۆڤێت میکایل گۆرباچۆڤ، خۆی لەجیاتی بێژەر لە 25ی 12ی 1991 ھاتە سەرشاشەی تی ڤی و ڕووخاندنی حوکمی 74 ساڵەی لە لینینەوە ھەتا خۆی، ڕاگەیاند، لەگەڵ ڕووخاندنی بەعسی سووریا، کە لە 8ی 12ی 2024 لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاوە ڕاگەیەندرا، بەیەکەوە ببەستمەوە، ھەتا ئێستا لەناو ھۆکارە ناوخۆییەکانی ڕووخاندنی ئەو دوو ڕژێمە سیاسییە ماومەتەوە، بەڵام دواتر دێمە سەر ھۆکارە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانیش، ئەم بەشەی ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەست پێدەکەم:
29ی 8ی 1949، ئەو کاتەی ڕووسەکانی سۆڤێت ھەر بۆ تاقیکردنەوە یەکەم بۆمبی ئەتۆمیی خۆیان تەقاند، وایان دەزانی بەمە ھەموو دنیا دەخەنە ژێر دەستی خۆیان و لە کێبڕکێ لەگەڵ ئەمەریکا لە ئەمەریکای دەبەنەوە، بەڵام ئەوان لەوەدا زۆر بەھەڵەدا چووبوون، چونکە ئەوەی وڵات دەھێڵێتەوە و پایەکانی بەھێز دەکات، چەک و بۆمبی ئەتۆمی نییە، بەڵکوو جۆری سیستمی ئابووری و پیشەسازی و بەگشتی ئابووریی مەدەنییە، نەک سەربازی، یان چەکی ئەتۆمی.
کۆریای باکوور چەکی ئەتۆمیی ھەیە، یابان نیەتی، بەڵام یابان بەھێزترە. یەکێتیی سۆڤێت بە چەکی ئەتۆمییشەوە ڕووخا، بەڵام یابان بەبێ چەکی ئەتۆمی نەڕووخاوە و ناشڕووخێت، ئنجا ئەم نەزانی و نەفامیە لە جۆری بیرکردنەوە بۆ بەھێزکردنی وڵات، بوو بەھۆی ئەوەی کە سۆڤێتی پێشووی ڕووخاو پیشەسازیی مەدەنی پشتگوێ بخات، ھەر بۆ نموونە، بۆ کێبرکێی سەربازی فڕۆکەی سوخۆی لە بەرامبەر فانتۆمی ئەمەریکی ھەبوو، بەڵام لە پیشەسازیی مەدەنییدا ئۆتۆمبێلی مۆسکۆڤیچی لە بەرامبەر فۆردی ئەمەریکی ھەبوو، کۆمپانیای فۆردی ئەمەریکی لە ساڵی 1903وە بەرھەم دێنێ و ساڵانە پێشدەکەوێت، بەڵام مۆسکۆڤیچ لە ساڵی 1930یەوە ھەیە و ھەرەباشەکانی لە ھەولێر و بەسەرنشینەوە لە لۆفەکانی مەسیف نەیدەتوانی سەرکەوێت و لە سلێمانییش بە سەرنشینەوە نەیدەتوانی بە لۆفەکانی ئەزمەڕدا هەڵکشێت! ئێ باشە تۆ نەتوانی بە لۆفەکانی مەسیف و ئەزمەڕدا سەرکەویت، چۆن دەتوانیت بەسەر ئەمەریکادا سەرکەویت؟
بەدەر لە مۆسکۆڤیچ و فۆرد، بڕۆ بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (ئازڤێستا)ی ڕووسی کە لە مانگی 7 ی ساڵی 1988 بڵاو کراوەتەوە، سەرنج لە ساڵی 1988 بدەن، واتە 71 ساڵ دوای ئەوەی خۆیان پێیان دەگوت (شۆڕشی سۆشیالیستیی بەلشەفییەکان بۆ دروستکردنی بەھەشتی کرێکاران و جووتیارانی ھاوپەیمانیان) ئنجا لە ساڵی 1988 ڕۆژنامەی (ئازڤێستا) ھاتووە و ناگۆرنۆ قەرەباغی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستانی وەک نموونە وەرگرتووە و دەڵێت: ”ھەرچەندە ناگۆرنۆ قەرەباغ ناوچەیەکی کشتوکاڵییە، بەڵام نیوەی جووتیاران یەک سەر مانگای خۆیان نیە، یەک لەسەر سێی جووتیاران ھیچ جۆرە ئاژەڵێکیان نیە، ماوەیەکی دوورودرێژیشی پێدەچێت، ھەتا بڕێکی کەم گۆشت و زەیتی چێشتلێنانیان بەسەردا دابەش دەکرێت.“
ئێ بەڵام لە ئەمەریکا بەخێوکەرانی مانگا، کە خۆیان پێی دەڵێن کاوبۆی، ھەر کاوبۆیەکیان بێجگە لەوەی ئەسپی خۆیان ھەبوو، گاڕانی خۆیشیان ھەبوو و ئەسڵەن ھەر پێویستیان بە دەوڵەت نەبوو، ئێ باشە ئیتر جووتیاری بێ مانگا و بێ ئاژەڵی ناگۆرنۆ قەرەباغی سۆڤێتەکەی لینین و ستالین چۆن دەتوانێت بەسەر جووتیاری کاوبۆی ئەمەریکای جۆرج واشنتۆن و ئەبراھام لینکۆڵن سەرکەوێت؟
لەملاشەوە بەعسی سووریا ھەتا ئەو کاتەی ڕووخا، ھەر خەریکی کڕینی چەک و تفاقی سەربازیی بوو لە سۆڤێتی پێشووی ڕووخاو و دواتریش لە رووسیای ھاوپەیمانی خۆی، یەعنی بەعسی سووریا ھەتا ڕووخا ھەر خەریکی کڕینی فڕۆکە و تانکی سۆڤێتی و ڕووسی بوو، لەملاشەوە و لەناوخۆیدا، بۆ نموونە پیشەسازییە مەدەنییەکەی بریتی بوو لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی شام و شەھبا، کە لەگەڵ مۆسکۆفیچ و فۆڵگای ڕووسی، دوو برادەری گیانی بەگیانیی یەکتر بوون و وایشیان لێ ھات بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێلی شامیان ڕاگرت و ھەر خۆیان گوتیان بەکەڵک نایەت!
کەواتە:
ئەگەر وەک سۆڤێتی پێشوو خاوەنی ئۆتۆمبێلی مۆسکۆفیچ بوویت و وەک بەعسی سووریا خاوەنی ئۆتۆمبێلی شام و شەھبا بوویت، حەتمەن ناتوانیت بەرگەی فۆرد و جی ئێم سی و تاھوو بگریت و کێبڕکێیان لەگەڵدا بکەیت، بۆیە ھەر دەبێت بڕووخێیت! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=