نەهرۆ محەمەد
بەرپرسێکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) کۆبوونەوەی شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی قۆناخی ڕاگوزەری سووریا بە ئاماژەیەکی زۆر گرنگ ناودەبات و دەڵێت: لەو کاتەوەی هێزەکان چوونە نێو حەلەب، هەسەدە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵیان هەبووە.
ڕۆژی سێشەممە، #31-12-2024# ، بەرپرسێک بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند:رۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات و جۆلانی [ئەحمەد شەرع] لە دیمەشق کراوە.
ڕۆژی سێشەممە بەسام ئیسحاق، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 9ی تۆڕی میدیایی ڕووداو وتی: کۆبوونەوەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات تەنیا لەبارەی کاروباری سەربازی بووە.
هەسەدە بریتییە لە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە بەشێکی زۆری ڕۆژاوای کوردستان و هەندێک ناوچەی زۆرینە عەرەبنشینی وەک ڕەققە و دێرەزووری لەژێر دەسەڵاتدایە.
بەسام ئیسحاق وتی، هەر لەو کاتەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن چوونە نێو حەلەب، هەسەدە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵیان هەبووە بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی پارێزگای حەلەب، بەتایبەتیی خەڵکی کورد.
هەسەدە خاوەنی هێزێکی کاریگەریی سەربازییە و نزیکەی 35%ی خاکی سووریای لەژێر کۆنترۆڵدایە.
ئەو بەرپرسەی مەسەدە باسی لەوەش کرد: لە هەشتی ئەم مانگەوە هاوکاری لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەبووە.گفتوگۆکان لەبارەی کاروباری سەربازیی بوون. ئێمەی سیاسی لە مەسەدە ئاگاداری وردەکاری تەواو نین، بەڵام ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیەکی زۆر گرنگە بەوەی هاوکاری لەنێوان هەردوولا دەبێت.
هەسەدە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدارنەبوو کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەحمەد شەرع لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سووریا کردی. هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشتن دەڵێت: هۆکار ئەوە بوو کە هەسەدە دۆخێکی تایبەتیی سەربازیی هەیە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: بوونی کۆبوونەوەی فەرمی و ڕاگەیێندراو ئاماژەیە کە دۆخەکە لەنێوان هەردوولا بە دۆستانە بەرەو چارەسەر دەڕوات. هیچ کێشەیەک لەنێوان هەردوولا نییە. دیالۆگ زمانی ئێستایە، لە سووریا یەک ئاڵا هەڵکراوە.
هەر لەبارەی کۆبوونەوەکەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، بەسام ئیسحاق ئاماژەی بەوەدا: لە کۆبوونەوەی لەم شێوەیەدا بابەتەکانی پەیوەست بە ئاساییشی ناوخۆ باس دەکرێن لەو ناوچانەی کوردیان تێدایە لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) نوێنەرایەتی سیاسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات.
بەوتەی بەسام ئیسحاق، لە داهاتوویەکی نزیکدا دیداری سیاسیش دەبێت و شاند لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەردانی دیمەشق دەکات و گفتوگۆ لەبارەی پرسە سیاسییەکان دەکەن. کۆبوونەوە سەربازییەکانی هەسەدەش بەردەوام دەبن. [1]