دلبخوین دارا
بنەماڵەی ئەسەد بۆ ماوەی 53 ساڵ حوکمی سووریایان کرد. بەشار ئەسەد دوایین کەس بوو لەو بنەماڵەیە، ڕۆژی هەشتی کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە کۆتایی هات.
ڕیباڵ ئەسەد ئامۆزای سەرۆکی پێشووی سووریا، بەشار ئەسەد و کوڕی ڕەفعەت ئەسەد، کەسایەتییەکی ناسراوی ئەو بنەماڵەیەیە، سەرۆکی (ڕێکخراوی دیموکراسی و ئازادی لە سووریا)یە، لە ئیسپانیاوە میوانی ڕووداو بوو.
ئەو دەڵێت: پێش بەهاری عەرەبیش ئەسەدیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر ڕژێم دەستبەجێ نەگۆڕێت بۆ دیموکراسییەک کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و بەشداریی خەڵک و دیالۆگی نیشتمانی تێدابێت، دەڕووخێت.
هەر لەم هەڤپەیڤینەدا ڕیباڵ ئەسەد چیرۆکی هەوڵی کوشتنی لەلایەن بنەماڵەکەی خۆیەوە باس دەکات. هەروەها دەڵێت: زۆربەی بنەماڵەی ئەسەد چوونەتە ڕووسیا. من هەمیشە ڕەخنەم لەوە هەبووە کە ناتوانین بڵێین بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون. تەنیا دوو کەس لە بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون کە بەشار و براکەی ماهیر بوون، هەروەها ئەندامێکی پەڕڵەمان هەبوو بەناوی عەممار، بەڵام ئەوانی دیکە زۆربەیان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەبوو.
لەبارەی شوێنی ماهیر ئەسەدیش، ڕیباڵ ئەسەد ئەوە دەڵێت کە وەکوو خەڵکی دیکە زانیاریی وردی نییە لەبارەی شوێنی مانەوەی، بەڵام ماهیر توانی یەک ڕۆژ پێشتر دەربچێت، واتە یەک ڕۆژ پێشتر دەرچوون و، وەک بینیت فیرقەی چوارەم بە هیچ شێوەیەک شەڕی نەکرد و ونبوون. واتە تۆ ئەمڕۆ دەبینیت هەموو ئەو ئەفسەرە گەورانە، فەرماندەکانی فیرقەکان و لیواکان و ئەمانە هەموویان ونبوون. من پێم وایە پاشەکشەیەکی ڕێکخراو و چۆڵکردنێکی ڕێکخراو لەلایەن ڕووسیاوە هەبوو، بێگومان هەموو ئەم ئەفسەرە گەورانە ئێستا لە ڕووسیان. نازانم ئایا ماهیر لە هەمان کاتدا لەگەڵیان دەرچوو یان چووە وڵاتێکی دیکە، بەڵام دەزانم کە بێگومان یەک ڕۆژ پێشتر هەموو شوێنەکانیان چۆڵکرد و پاشەکشەیان کرد.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ ڕیبال ئەسەد
ڕووداو: بەڕێز ئەسەد، بەخێربێیت. لە سەرەتادا دەمەوێت بزانم، ئایا چاوەڕێی ئەوەت دەکرد کە ڕژێمی ئەسەد بەم شێوەیە کۆتایی پێبێت؟
ڕیباڵ ئەسەد: ئێوارە باش خۆشەویستم. بەڵێ بێگومان، ئێمە چەندین ساڵ بوو ئاگادارمان دەکردنەوە، تەنانەت پێش ئەوەی پێی دەگوترا بەهاری عەرەبی، ئاگادارمان دەکردنەوە کە ئەمە ڕوودەدات ئەگەر ڕژێم دەستبەجێ نەگۆڕێت بۆ دیموکراسییەک کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و بەشداریی خەڵک و دیالۆگی نیشتمانی تێدابێت. بێگومان ئەمە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە دەزانیت لە 14 ساڵی دواییدا بەهۆی جەنگ و وێرانکاری، سووریا هەژارترین دەوڵەتی جیهان بوو. مووچە لەنێوان 10 بۆ 20 دۆلار بوو، کارەبا هەر پێنج کاژێر جارێک 15 خولەک دەهاتەوە، زیاتر لە ملیۆنێک شەهیدمان هەیە، زیاتر لە ملیۆنێک بریندارمان هەیە، زیاتر لە 6 ملیۆن پەنابەر و زیاتر لە 8 ملیۆن ئاوارەی نێوخۆمان هەیە، شەست لەسەتی ژێرخانیش وێرانبووە. دۆخەکە مەحاڵ بوو بەو ڕێڕەوەدا بڕوات کە ڕژێم پێیدا دەڕۆیشت، بەڵام بەداخەوە.. بێگومان ئێمە دڵخۆشین و گەلی سووریا دڵخۆشە کە دیکتاتۆری و دیکتاتۆر ڕۆیشتن، بەڵام بێگومان ترس هەیە لە داهاتوو، چونکە ئەوانەی دێن دیموکرات نین، بەڵکوو سەربە دەستەی تەحریری شام، قاعیدەی سووریان، لەگەڵ دەیان هەزار جیهادی بیانی کە ئایدۆلۆژیای لادەریان هەیە. هەموو شتێک لە جیهان دا گۆڕینە لە دیکتاتۆرییەوە بۆ تیۆکراسی، واتە حوکمی ئایینی، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە بێگومان دژی بووین و بەردەوام ئاگادارمان کردوونەتەوە و دەمانوت نامانەوێت لە سووریا ئەوە ڕووبدات کە لە 45 ساڵی ڕابردوودا لە ئێران ڕوویدا، ئێمە خوازیاری ئەم گواستنەوەیە لە دیکتاتۆرییەوە بۆ تیۆکراسی نین. بێگومان ئێمە خوازیاری دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی نوێنەرایەتین لەگەڵ دەستوورێکی شارستانی کە تێیدا هەموو هاووڵاتییان لەژێر سێبەری یاسادا بن، بەبێ ڕەچاوکردنی ئایین یان تایفە یان نەژاد یان ڕەگەز. بێگومان دەبێت سەربەخۆیی دادوەری هەبێت و دادگە هیچ کاریگەرییەکی ئایینی یان تایفەگەری لەسەر نەبێت، چونکە ئەمەش بێگومان کارەساتێکی دیکە دەبێت بۆ داهاتووی سووریا. هەروەها دەمانەوێت یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت، بەڵام فیدراڵییەکی جوگرافی هەبێت. ئەمەش بێگومان ئەوەیە کە من چەندین ساڵە داوای دەکەم، چونکە پێم وایە بەتایبەتیی دوای ئەم جەنگە، ئەمە باشترین چارەسەر دەبێت بۆ دۆخی سووریا. بەبێ ئەوە نازانین تاوەکوو چەند دابەشبوون یان شتێکی دیکە ڕوودەدات، ئەگەر ئاگادار نەبین و وەکوو گەلی سووریا یەکگرتوو و یەکدەست نەبین و تۆڵەسەندنەوە ڕوونەدات، وەکوو ئەوەی ئێستا دەیبینن بە دڵنیاییەوە لە ناوچەی کەناراو و چەند ناوچەیەکی دیکە، واتە تۆڵەسەندنەوە لە هەموو کەسێک کە لەگەڵ ڕژێم بووە، کە ئەمڕۆ پێیاندەڵێن پاشماوەی ڕژێم، بەڵام ئێمە دەزانین کە لەم 14 ساڵەدا شەڕ لە هەردوو لاوە هەبووە، واتە لەلایەن ڕژێم و ئەم تووندڕەوانەوە.
ڕووداو: بەڕێز ڕیباڵ ئەسەد، دەمەوێت بپرسم، دوای ئەوەی بەشار ئەسەد چوو بۆ ڕووسیا، ئایا پەیوەندیت پێوە کرد؟
ڕیباڵ ئەسەد: نەخێر، من تەنانەت پێش ئەوەی ئەمە ڕووبدات پەیوەندیم لەگەڵی نەبوو، تەنیا جارێک لە ژیانمدا لە ساڵی 1994 بینیومە. کێشەیەک ڕوویدا، واتە کێشەیەک کەوتە نێوانمان، دوای مانگێک یان دوو مانگ، من بەرەو ئەمریکا دەچووم بۆ خوێندن، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق هەوڵی تیرۆرکردنم درا، دواتر پاسەوانی کۆماری بۆ ماوەی سێ کاژێرمنیان دەستگیرکرد. سوپاس بۆ خودا، باوکم لەگەڵم بوو لە فڕۆکەخانە و دواتر سەرۆک، خودا لێیخۆش بێت و ڕەحمەتی لێ بێت، مامم سەرۆک بوو، دوای 20 خولەک دەرچووم و توانیم بڕۆمە دەرەوەی سووریا. ئەمە دوایین جار بوو کە بەشارم بینی.
ڕووداو: کێ دەیویست بتکوژێت؟
ڕیباڵ ئەسەد: ببوورە؟!
ڕووداو: کێ دەیویست بتکوژێت؟
ڕیباڵ ئەسەد: کێشەیەک لەنێوان من و ئامۆزام لە بەردەم هوتێل شیراتۆن لە دیمەشق ڕوویدا، بەشێوەیەکی خراپ قسەی لەگەڵ کردم و پێیوتم فیلمی ئامۆزاکەت یەحیا ئەسەدت نەبینیوە کە چۆن لێیدەدرێت؟ من بێگومان شۆک بووم کە چۆن دەکرێت بەوشێوەیە قسە بکات، کە ئەوان لە ئامۆزاکەیان داوە و خەڵکیان ئازار داوە، ئامۆزاکەی ئەشکەنجەدراوە و فیلمیان لێ درووستکردووە و لەنێو خەڵک بڵاویان کردووەتەوە. بێگومان من ئەمەم قبووڵ نەکرد و وەڵامم دایەوە و لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیم، واتە هێرشم بۆ برد و ئەو هەڵات. دواتر سەرۆک، خودا لێیخۆش بێت، واتە مامم ئەم بابەتەی قبووڵ نەکرد، چونکە ئەو بەشاری ئامادە دەکرد، دوای مردنی براکەی وەک میراتگر بەشاری ئامادە دەکرد بۆ وەرگرتنی دەسەڵات. بۆیە شەوێک پێش گەشتەکەم باوکم زانی کە جوڵەیەک لە پاسەوانی کۆماری بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق هەیە. پەیوەندی بە مامی منەوە کرد، خودا لێیخۆش بێت، پێیوت ڕیباڵ دەڕوات بۆ خوێندن لە ئەمریکا. سەرۆک ئەو کات وتی با بخوێنێت و با کێشە نەنێتەوە، بەڵام کاتێک تەلەفۆنەکەی داخست، باوکم پێیوتم مامت وایگوت، بەڵام من دڵنیا نیم، چونکە کاتێک مامت بەو شێوەیە قسە دەکات و دڵخۆشە، واتە شتێکت لێدەکات. ڕۆژی دواتر باوکم و خوشکەکانم و دایکم لەگەڵم هاتنە فڕۆکەخانە. کاتێک گەیشتینە فڕۆکە نەمساییەکە، کاروانی تایبەتیی سەرۆکایەتی هاتەسەر فڕگەکە بە ئۆتۆمبێلە مێرسیدسەکان و گەشتیارەکانیان لە پاسەکان دابەزاند، دەستیان کرد بە تەقەکردن لە دەوروبەری فڕۆکەکە، تەقەیەکی چڕ بۆ ماوەی دوو کاژێر و نیو. عەقید موفید ڕەعوان سەرۆکایەتی دەکردن. کاتێک من لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیم، یەکێکیان دەمانچەیەکی پێبوو، جیاواز لە ئەوانی دیکە کە کڵاشینکۆفیان پێبوو. یەکێک لە ئەفسەرەکان پێیوت ئەمەیە، ڕاستەوخۆ تەقەی لێبکە. خرامە نێو ئۆتۆمبێلەکەوە و کاژێرێک دواتر موفید ڕەعوان هات و بە باوکمی وت ڕێزم هەیە گەورەم، فەرمانی سەرۆک هەیە کە ڕیباڵی دەوێت. باوکم پێیوت من قسەم لەگەڵ سەرۆک کردووە و وتی ڕیباڵ دەبێت بڕوات بخوێنێت و کێشە درووست نەکات، بەڵام پێیوت ببوورە گەورەم، تۆ دەزانیت من دەسەڵاتی جوڵاندنی کاروانی سەرۆک و ئەو پاسەوانە کۆمارییانەم نییە کە لەسەر فڕگەکە وەستاون، دەسەڵاتم نییە و تۆ دەزانیت ئەمە پێویستی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکە. بارودۆخەکە بەم شێوەیە دوو کاژێر و نیو بەردەوام بوو تاوەکوو من باوکی خۆم ڕازی کرد ڕێگەم پێبدات لەگەڵیان بڕۆم. بێگومان باوکم لە کۆتاییدا ڕازیبوو، بەڵام پێیوت سەرۆک ئاگادار بکەوە، هەرکەس لە کوڕەکەم نزیک ببێتەوە و دەست لە موویەکی بدات، ڕووبەڕووبوونەوە لە هەموو شەقامەکانی دیمەشق دەبێت و وەک 1984 نابێت.
ڕووداو: باشە، تۆ نەکوژرایت و ڕزگارت بوو، ئێستاش میوانی ئێمەیت لێرە. بەپێی زانیارییەکانت، چەند کەس لە بنەماڵەی مامت حافز ئەسەد چوونەتە ڕووسیا؟
ڕیباڵ ئەسەد: زۆربەی بنەماڵەکە. من هەمیشە ڕەخنەم لەوە هەبووە کە ناتوانین بڵێین بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون. تەنیا دوو کەس لە بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون کە بەشار و براکەی ماهیر بوون، هەروەها ئەندامێکی پەڕڵەمان هەبوو بەناوی عەممار، بەڵام ئەوانی دیکە زۆربەیان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەبوو، حوکمیان نەکرد و هیچ دەسەڵاتێکیان لە سووریا نەبوو. بە پێچەوانەوە، زۆربەیان ڕاونران و چەوسێنرانەوە. ئەمڕۆ 120 کەسیان بە شێوەیەک دەرچوون، بێگومان لە ترسی دۆخەکە و ئەو تۆڵەسەندنەوانەی ڕوو دەدەن. بێگومان سێ چوار کەسیان باس دەکرێت کە چیرۆکیان هەیە و کاری خراپیان کردووە، بەڵام سەدان کەس.. حەرامە مرۆڤ هەمیشە بڵێت حوکمی ڕژێمی ئەسەد یان بنەماڵەی ئەسەد. ئێمە ناتوانین هەمیشە لۆمەی بنەماڵەیەکی تەواو و تایفەیەکی تەواو بکەین تەنیا لەبەر ئەوەی دوو کەس لەو بنەماڵەیە سووریایان گەیاندە ئەوەی ئەمڕۆ تێیداین.
ڕووداو: بەپێی زانیارییەکانت، ئایا لە مۆسکۆن یان لە شارێکی دیکەن؟
ڕیباڵ ئەسەد: بەخودا خۆشەویستم، ڕاستییەکەی نازانم، پێم وایە لە مۆسکۆن، بەڵام وەکوو پێموتی نازانم، چونکە ئەوە تەنیا جارێک بوو بینیم و ڕاستییەکەی زۆر گرنگ نییە لەلای من کە لە کوێیە یان چووەتە کوێ. ئەوەی دڵنیام لێی ئەوەیە کە ئەمە دوایین شت بوو، ڕێککەوتنێکی ڕووسی-تورکی-ئێرانی بوو بۆ دەرخستنی لە سووریا، دوای ئەوەی بینییان چیتر دەرفەت نەماوە. لەگەڵ ڕووسەکان ڕێکنەکەوت لەسەر ئەو دیالۆگەی کە ڕووسەکان داوایان دەکرد، دیالۆگ لەگەڵ ئەردۆغان پێش یان دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا. هەمان شت لەگەڵ ئێرانییەکان کاتێک دوورکەوتەوە، واتە کاتێک شەڕی غەززە و لوبنان دەستی پێ کرد، هیچ قسەیەکی نەکرد و هەڵوێستی نەبوو، دەیویست لە هاوپەیمانەکانی دوور بکەوێتەوە. نەک تەنیا ئەمە، بەڵکوو لە شوێنەکانی خۆشیانی دەدا لە دیمەشق و وەک بیرت دێت، هەموو شوێنەکان بۆردوومان کران، لەنێویاندا ئەفسەرە ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانیان. ئێرانییەکان تێگەیشتن کە فێڵیان لێدەکات، بەهەمان شێوە ڕووسەکان. چاوەڕوانکراو بوو، هەندێک وڵات داوایان لە ئیدارەی بایدن دەکرد کە سزاکان لە 20ی مانگ لەسەر ڕژێم هەڵبگرێت، چونکە وەک دەزانی سزاکانی قەیسەر 20ی مانگ بەسەر دەچوون، کە هەفتەیەک پێش ئێستا تێپەڕی و سەرۆکی ئەمریکا دەبوو بڕیار بدات کە نوێی بکاتەوە یان هەڵیبگرێت، بەڵام ئەوان بۆیە دەیانویست بەم خێراییە بەم پلانە بڕۆن پێشەوە بەر لەوەی بگاتە بیستی مانگ، چونکە بەڵێنی بە هاوپەیمانەکانی دابوو کە لە ئێران دوور دەکەوێتەوە و ئێرانییەکان لە سووریا دەردەکات. بۆیە دەیویست بەم خێراییە دەربچێت و وەک بەڕێزت دەزانیت لە مۆسکۆ بوو پێش ئەوەی ڕووداوەکان دەست پێبکەن. لە ڕووسیاوە پێیگوترا بگەڕێەوە دیمەشق و فەرمان بە هەموو هێزەکان بدات کە لە حەلەب و دواتر لە حەما و حومس بکشێنەوە، بەم شێوەیە ئێمە وەک پەنابەرێکی مرۆیی وەرتدەگرین، بەڵام ڕاستییەکەی دەیانویست بەم شێوەیە بیترسێنن و ڕێگەیان نەدا تەنانەت وتارێک بۆ گەلەکەی بدات یان تەنانەت ئاگاداری بنەماڵەکەی بکاتەوە. واتە بە ترسەوە جێی هێشت و هەموو خەڵک دەزانن. خەڵک دەڵێن ترسنۆک و ناپاکە و ناپاکی لەگەڵ ئەوانە کرد کە لەگەڵی وەستان ، ئەوانیش ڕێگەیان دا بە مانە، واتە ڕێگەیان دا بە ئیسلامییە تووندڕۆکان بچنە نێو دیمەشق و هەموو شارەکانی سووریا.
ڕووداو: بەڕێز ڕیباڵ ئەسەد، هەموو کەسێک دەیەوێت شوێنی ماهیر ئەسەد بزانێت، لەلایەکەوە ئامۆزاتە و لەلایەکی دیکەشەوە برای بەشار ئەسەدە. هیچ زانیارییەکت لەسەر شوێنی هەیە؟
ڕیباڵ ئەسەد: زانیارییەکانی ئێمەش وەک زانیارییەکانی خەڵکن، ئەویش ئەوەیە (ماهیر) توانی یەک ڕۆژ پێشتر دەربچێت، واتە یەک ڕۆژ پێشتر دەرچوون و، وەک بینیت فیرقەی چوارەم بە هیچ شێوەیەک شەڕی نەکرد و ونبوون. واتە تۆ ئەمڕۆ دەبینیت هەموو ئەو ئەفسەرە گەورانە، فەرماندەکانی فیرقەکان و لیواکان و ئەمانە هەموویان ونبوون. من پێم وایە پاشەکشەیەکی ڕێکخراو و چۆڵکردنێکی ڕێکخراو لەلایەن ڕووسیاوە هەبوو، بێگومان هەموو ئەم ئەفسەرە گەورانە ئێستا لە ڕووسیان. نازانم ئایا ماهیر لە هەمان کاتدا لەگەڵیان دەرچوو یان چووە وڵاتێکی دیکە، بەڵام دەزانم کە بێگومان یەک ڕۆژ پێشتر هەموو شوێنەکانیان چۆڵکرد و پاشەکشەیان کرد.
ڕووداو: ئێستا دۆخی بنەماڵەکەتان لە سووریا چۆنە؟
ڕیباڵ ئەسەد: دۆخەکە وەک پێموتی تراژیدییە، نەک تەنیا بۆ بنەماڵە، بەڵکوو بۆ هەمووان. وەک تۆ دەزانیت، ناتوانین ڕەخنە لە بنەماڵەیەک یان تایفەیەک بگرین، چونکە دوو کەس لەم بنەماڵە و تایفەیە وڵاتەکەیان بەڕێوە دەبرد. کاتێک زۆربەی ئەوانیدیکە دۆخێکی تراژیدییان هەیە، تەنانەت لە بنەماڵەی ئەسەد، وەک پێموتی جگە لە چوار پێنج کەس کە نێوبانگێکی خراپیان هەیە، زۆربەیان هەژارن، کاریان نییە، چەوسێنراونەتەوە، ڕێگەیان پێنادرێت کار بکەن، ڕێگەیان پێنادرێت هیچ کارێکیان هەبێت. هەروەها دەزانیت کە ڕژێم هەموو شتێکی قۆرخ کردبوو، خەڵکی سەربە ڕژێم لە هەموو تایفەکان هەن و هەندێکیان ئێستا خۆیان گۆڕیوە و لەگەڵ دەستەی تەحریر کار دەکەن، بەڵام ڕۆڵەکانی بنەماڵە سوودمەند نەبوون. بۆ نموونە، یەکێک دێت و پێت دەڵێت ئەمڕۆ تۆڵەسەندنەوە هەیە، باشە ئەفسەرێک یان سەربازێک پێیانگوتووە ئەمانەی ئێمە ڕووبەڕوویان دەبینەوە تووندڕۆن و تیرۆریستن و سەری خەڵک دەبڕن، ئەم فیلمانەیان پیشانداین. ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە پیشانیدەدات کە ئەمان و ڕژێم چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە و تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە. ئەم خەڵکە کاتێک فەرمانیان پێ دەکرێت کە دەبێت بەرگری لە نیشتمان بکەن یان ئەمانە دێن و پیشانتان دەدەن چیتان لێدەکەن، ئەمەش ئەوەیە کە ڕوویدا. ڕژێم پاشەکشەی کرد و ئەمانە هاتن و دەبینین چی ڕوودەدات، تۆڵەسەندنەوە، کوشتنی خەڵک لە شەقامەکان. بێگومان خەڵک دڵخۆش نەبوون بە ڕژێم، باوەڕناکەم کەس هەبێت لە جیهان دا ئازادی و دیموکراسی نەوێت، کەسێک هەبێت لە جیهاندا حەزی لە دیکتاتۆری و هەژاری و ژیان لە ترسدا بێت، بەڵام خەڵک نایەوێت لە خراپەوە بۆ خراپتر بگوازرێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ بەداخەوە لە دۆخێکی زۆر خراپداین، چونکە تۆڵەسەندنەوە لە هەموو کەسێک دەکرێت کە سەربە ڕژێم بووە. چۆن؟ ئەمە شتێکی زۆر فراوانە. وەک پێموتی، یان دەبێت هەموو کەس لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت، یان دەبێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە تاوانیان ئەنجام داوە لە هەردوولا. ئەمانەش سەدان هەزار کەسن، چونکە هیچ ماڵێک لە سووریا نییە کەسێکی لەدەست نەدابێت، هیچ ماڵێک نییە شەهید یان برینداری نەبێت، مەحاڵە. یان دەبێت هەموو خەڵک لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت بەم لۆژیکە خێڵەکی و تایفەگەرییە، یان بە پێچەوانەوە دەبێت وشیار بین و بڵێین بەسە، لە کۆتاییدا ڕژێممان ڕووخاند و دەبێت دۆخەکە بگوازینەوە بۆ دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی پەڕڵەمانی، ئاشتەوایی نیشتمانی بکەین و لە ڕابردوو خۆشببین. بێگومان ناتوانین لەبیری بکەین تاوەکوو هەمان هەڵە دووبارە نەکەینەوە و نەگەڕێینەوە بۆ هەمان بازنەی کوشتن و تاوان کە لە ساڵانی دواییدا ڕوویدا لەژێر حوکمی دیکتاتۆریدا، بەڵام دەبێت بتوانین لەیەکتر ببوورین و وەک برا لە نیشتمان پێکەوە بژین، بڵێین ناتوانین جیاکاری و تۆڵەسەندنەوە قبووڵ بکەین. دەبێت گەلێکی شارستانی بین، ڕووناکی بین. ئێمە سووریاین، لانکەی شارستانییەتەکان، دەبێت پیشانی جیهانی بدەین کە دەتوانین چرایەک بین بۆ جیهان، چۆن دەتوانین دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی پەڕڵەمانی درووست بکەین لەگەڵ دەستوورێکی شارستانی و پێشکەوتوو، با هەموو جیهان ببینێت چۆن ئێمەی گەلی سووریا گەلێکی شارستانین، نەک گەلێک کە دەیان هەزار چیچانی، چینی ئۆیگوری، ئۆزبەکستانی، تورکمانستانی، قەوقازی و ئەوروپایی و خەڵکی هەموو جیهانی هێناوە. بێگومان ئەمە گەلی سووریا نییە. گەلی سووریا هەمیشە خوازیاری باشترینە و هەموو گەلانی جیهان هەمیشە خوازیاری باشترینن، نەک گەڕانەوە بۆ سەت یان دووسەت ساڵ دواوە.
ڕووداو: ڕیباڵ، دەمەوێت بزانم، بە بۆچوونی تۆ، بەشار ئەسەد چ هەڵەیەکی کرد کە دەسەڵاتەکەی پێ کۆتایی هات؟
ڕیباڵ ئەسەد: ببوورە هەڵەکە؟
ڕووداو: ئەو هەڵە گەورەیە چی بوو کە بەشار ئەسەد کردی و دەسەڵاتەکەی پێ کۆتایی هات؟
ڕیباڵ ئەسەد: هەڵە سەرەکییەکە ئەوەبوو کە گوێی لە دەنگی ئێمە نەگرت کاتێک لە ساڵی 2011 پێمان وت دەبێت ڕێگە بە پارتەکان بدەیت، دەبێت ڕێگە بەئازادی ڕاگەیاندن بدەیت، دەبێت دیالۆگی نیشتمانی بکەیت. ئێمە گواستنەوەیەکی ئاشتییانە و هەنگاوبەهەنگاومان دەویست بەرەو دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی پەڕڵەمانی. بەداخەوە ئەم کارەی نەکرد. بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی وەڵامی داواکارییەکانی گەل بداتەوە کە تەنیا داوای ئازادی، دیموکراسی و شتی سرووشتییان دەکرد، بەداخەوە ئەو ئیسلامییە جیهادییانەی لە زیندانەکان ئازادکرد. هەموو ئەمانەی ئێستا هەن لە زیندانەکانی سووریا بوون، چەکداریان کردن و ڕێگەیان پێدان گرووپ درووست بکەن، تاوەکوو بە جیهان و گەلی سووریا بەگشتی پیشان بدەن کە ئاگاداربن ئەگەر دەتانەوێت ڕژێم بگۆڕن ئەمانەتان بۆ دێت و، جەنگەکە لەگەڵ خەڵکی دیموکرات نییە کە خوازیاری ئازادی و دیموکراسین، بەڵکوو لەگەڵ ئەم تیرۆریستە تاوانبارانەیە. یان من یان ئەمانە. بەداخەوە گوێی لە ئێمە نەگرت، بەداخەوە ئەمەی کە ئەمڕۆ پێی گەیشتین ئەنجامی ئەوەیە. ئەمڕۆ تەنانەت جیهان پێیوت نەخێر، ئەمانە لە تۆ باشترن.
ڕووداو: شتێکی دیکە. دەڵێم بنەماڵەی ئەسەد، لەوانەیە ئەمە بێزارت بکات، بۆ نموونە مامت حافز ئەسەد و دواتر کوڕەکەی بەشار ئەسەد، هەروەها باوکت ڕەفعەت ئەسەد کەسایەتییەکی زۆر گرنگ بوو لە سووریا. بنەماڵەکەتان، یان بەعس، هەست دەکەیت ستەمێکی زۆریان بەرانبەر کورد کرد وەک دووەم گەورەترین نەتەوە لە سووریا؟
ڕیباڵ ئەسەد: سەرەتا وەک وتمان ڕژێمێکی دیکتاتۆری بوو و دەگەڕێینەوە دەڵێین دوو یان سێ کەس لە بنەماڵەکە، ناتوانین بڵێین هەموو بنەماڵەی ئەسەد. واتە هەر بنەماڵەیەک لەوانەیە کەسێکی خراپی تێدابێت. بەڵێ، حیزبی بەعس لە سووریا بە دەست تاکەکانەوە بوو، واتە لە یەک بنەماڵەدا کەسێکی خراپ و دە کەسی باش هەن، یەکێکیان دز، یەکێکیان دکتۆر، یەکێکیان ئەندازیار و یەکێکیان دەردەچێت لە زیندان. واتە ناتوانین هەمیشە بڵێین بنەماڵەیەک هەمووی خراپن. هەموو بنەماڵەیەک خراپ و باشی تێدایە. ئێمە ڕژێمێکی دیکتاتۆریمان هەبوو و دیکتاتۆرێک لە سەرەوەی بوو، دواتر وەک بینیت بەشار هات و براکەی لەگەڵی، ئەمانە حوکمڕان بوون، بەڵام تەنانەت نەک حیزبی بەعسیش. حیزبی بەعس لە ساڵی 1980 و 1985 کۆتایی هات، چونکە دوایین کۆنگرەی نیشتمانی حیزبی بەعس لە ساڵی 1980 بوو کە باڵاترین دەسەڵاتی حیزبی بەعس بوو. بیری لێبکەنەوە، ساڵی 1980 دوایین کۆنگرەی نیشتمانی بوو و دوایین کۆنگرەی هەرێمی لە ساڵی 1985 بوو، واتە دوای دەرچوونی باوکم، دوایین جار باوکم دەرچوو. واتە لە کۆنەوە لە حەفتاکان و هەشتاکان قۆرخکردنی دەسەڵات هەبوو، تەنانەت لەنێو حیزبیش دا جەمسەر هەبوون.
ڕووداو: دەمویست ئەم پرسە بزانم، بۆ نموونە کورد، ئایا هەست دەکەن کورد لە ماوەی ئەو حوکمەدا ستەمیان لێکراوە؟
ڕیباڵ ئەسەد: بێگومان، ئێمە زیاتر لە هەموو کەس. بۆ نموونە دوای ئەوەی باوکم لە 1984 جێی هێشت، ئەفسەر و سەربازەکانی ئەویان زیندانی کردن، لە ماڵەکانیان لە دیمەشق دەریانکردن، ڕاویان نان، ئەشکەنجەیان دان. پێموتی من، واتە سەرۆکی برای، خودا لێیخۆش بێت، هەوڵی کوشتنی منی دا. لە ساڵی 1999 کاتێک سەرۆک، خودا لێیخۆش بێت، نەخۆش بوو و بەشاریان ئامادە دەکرد، لە لازقیە بە مووشەک، تانک، کەشتی و هەلیکۆپتەر هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی ئێمە. لە کۆتاییدا گاز بارانیان کردن تاوەکوو دەربچن، ژمارەیەکی زۆر کەس کوژران. ئینجا ئەگەر یەکێک ئەوە لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکار و گەلی خۆی بکات، مرۆڤ چ چاوەڕوانییەکی لێ دەکات؟
ڕووداو: باشە، داهاتووی کورد لە سووریا چۆن دەبینیت؟
ڕیباڵ ئەسەد: من هەمیشە داوای ئەوەم کردووە کە دەبێت سووریا یەکگرتووبێت و، وەک پێشتر وتم فیدراڵییەکی جوگرافی هەبێت، چونکە فیدراڵی تەنیا ڕێگەیە ئەمڕۆ، بەتایبەتیی دوای جەنگ، کە دەتوانێت هەمووان بپارێزێت و دەتوانێت وامان لێبکات لەژێر یەک چەتردا بژین، تاوەکوو تۆڵەسەندنەوە ڕوونەدات. ئێمە دەزانین برا کوردەکانمان زۆر ئازاریان بە دەست ڕژێمەوە چەشت و دەشزانین برا کوردەکانمان قوربانی زۆریاندا کاتێک دژی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان جەنگان. ئەمڕۆ برا کوردەکانمان لەلایەن تورکەکانەوە جێگەی مەترسین، چونکە دەترسن. دەزانی تورکیا لە بنکە ئەمریکییەکان و پشتیوانی ئەمریکا بۆ برا کوردەکانمان دەترسێت و دەترسێت ئەمە لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ هەبێت، کە لە شەڕی یەکەمی ئێراقەوە لە ساڵی 1991 دەستیکردووە بە درووستبوون و، شێوازی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. تورکەکان لە کوردستانی گەورە دەترسن، پڕۆژەی کوردستانی گەورە کە بێگومان گەورەترین بەشی خاکەکەی لە تورکیا دەبێت، چونکە برا کوردەکانمان لە تورکیا زیاتر لە 20 ملیۆنن. دەوڵەتی دووەمیش کە دەترسێت ئێرانە، ئەم دووانە ڕێککەوتن کە پێکەوە کار بکەن بۆ دەرکردن و گوشار خستنە سەر برا کوردەکانمان و دەرکردنی ئەمریکییەکان لە سووریا.
ڕووداو: شتێکی دیکە. ڕیباڵ ئەسەد، باسی کوردستانی گەورەت کرد، ئایا وای دەبینی کە بەشێک لە کوردستانی گەورە لە سووریایە، کە ئێمە پێیدەڵێین (ڕۆژاڤای کوردستان)؟
ڕیباڵ ئەسەد: خۆشەویستم ئەم پرسە ئەمڕۆ، وەک لە هەڤپەیڤینی پێشتریش گوتوومە و چەندین جار پرسیارم لێکراوە، هەموو وڵاتانی ناوچەکە دژی ئەم پڕۆژەیە کار دەکەن و دژی برا کوردەکانمان دەجەنگن بە هەموو تواناییان، تێگەیشتی چۆن؟ هەموویان لەسەر برا کوردەکانمان ڕێکدەکەون تاوەکوو ئەمە ڕوونەدات. بۆیە دیسان دەیڵێمەوە، برا کوردەکانمان لە سووریا هۆشیارییەکی گەورەیان هەبوو و ڕەتیان کردەوە ناوچەیەکیان هەبێت کە پێیبگوترێت ناوچەی کوردی، بەردەوام داوای فیدراڵییان کردووە. فیدراڵی وەک وتم شتێکە بۆ هەموو سووریا بەگشتی، نەک تەنیا بۆ ئەو ناوچەیەی کە برا کوردەکانمانی تێدایە. فیدراڵی باشترین چارەسەرە و مانای دابەشبوون نییە. ئەگەر بەشار ئەسەد پێشتر دەیوت فیدراڵی مانای دابەشبوونە و ئەمڕۆ ئەوانەی نوێش هاتوون هەمان شت دەڵێنەوە، ئەمە پیشانی دەدات کە دواکەوتوون و هیچ زانیارییەکیان لەسەر فیدراڵی و مانای فیدراڵی نییە. لە کاتێکدا دەتوانن سەیری زۆر وڵاتی جیهان بکەن، دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان وەک سویسرا و ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە، هەموویان سیستمی فیدراڵییان هەیە و ئەمە مانای دابەشبوون نییە. بەپێچەوانەوە، هەموویان پێکەوە لە یەکسانی دا دەژین لەژێر سێبەری یاسادا، بەبێ ڕەچاوکردنی ئایین، تایفە، نەژاد و ڕەگەز. وەک وتمان دەبنە هاووڵاتی سووری وەک هەموو کەس، مافەکانیان وەک هەر هاووڵاتییەک، وەک برا چەرکەس، برا ئەرمەن، برا تورکمانە سوورییەکانمان، وەک هەموو تایفەکان؛ عەلەوی، شیعە، سوننە، درووزی، ئیسماعیلی، مورشیدی و هەموو و کریستیان و موسڵمان. ئەگەر بتوانین ببینین کە ئەم مۆزایکە جوانەی ئێمە خاڵی هێزە نەک خاڵی لاوازی، وەک ئەم وڵاتە شارستانییە، ئەوە شتێکی شکۆدار دەبێت، بەڵام ئەگەر هەر یەکێک تەنیا بیر لە خۆی بکاتەوە، وەک ئەمڕۆ دەبینیت ئەوانەی هاتوون درووشمی ئومەوییەکان گەڕانەوە و، سەرکەوتنیان بەرز دەکەنەوە، ئەم درووشمانە نامانگەیێنن بەهیچ شوێنێک. مەحاڵە خەڵک لەم سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین لەسەر شتە مێژووییەکان بجەنگن، لەسەر ئەوەی کێ دەبووایە ببێتە خەلیفە لەو کاتەدا. بەخودا ئێمە دەبێت ئەمە لە دوای خۆمانەوە بەجێبهێڵین و هەمیشە بەرەو داهاتوو بڕوانین و بڵێین چۆن دەگەینە وڵاتە شارستانییەکان. ئێمەی سووریا لەم 14 ساڵەدا زۆر دواکەوتین، 100 ساڵ بەرەو دواوە گەڕاینەوە. چیتر ناتوانین بەرگە بگرین، جیهان بەرەوپێش دەچێت. سەیری وڵاتانی کەنداو بکە، بۆ نموونە ئیمارات، ببینە چۆن بووەتە یەکێک لە جوانترین وڵاتانی جیهان. من دەچمە هەموو وڵاتانی جیهان، هەر کەسێک دەیبینم لە ئەمریکاوە بۆ چین و شوێنەکانی دیکە، هەموو خەڵک دەچنە ئیمارات. سەیری شانشینی عەرەبی سعوودیە بکە، ئەمڕۆ بیرمەند محەمەد بن سەلمان چۆن هەوڵدەدات و چ کارێک دەکات بۆ گواستنەوەی شانشینی عەرەبی سعوودیە بۆ داهاتوو. سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بەدەستهێنا و کۆتایی بە ئیسلامییە تووندڕۆکان هێنا و توانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بگاتە ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە. ئەمڕۆ هەموو جیهان، چ لە ئەوروپا، ئەمریکا، چین و هەموو شوێنێک، دەچن لە سعوودیە کار دەکەن و پڕۆژە دەکەن. تەنانەت ئێراقیش کە زۆر ئازاری چەشت و ناوچەی برا کوردەکانمان لە ئێراق، واتە هەرێمی کوردستانی ئێراق، ماشاڵڵا ئاوەدانییەکی گەورە و پێشکەوتنێکی گەورەی هەیە، ئاساییش و ئارامی هەیە و خەڵک دەژین. ئێمە لە سووریا لە قۆناخێکی مێژووییدا وابووین، خەڵک دەهاتن و دەیانوت سەیری سووریا بکەن چەند جوانە، سەیری پێکەوەژیان بکەن، سەیری ئاساییش و ئاشتی بکەن. لوبنانیش هەر وابوو، بەڵام ئەمڕۆ بوونەتە وڵاتی وێران و هەژار، زۆر پاشەکشەمان کردووە. دەبێت لەمە ئاگادارببینەوە، ناتوانین ئەم دیمەنانە ببینین، هێشتا باوەڕمان نەکردووە لە ڕژێمی دیکتاتۆری ڕزگارمان بووە، ماشاڵڵا نمایشی سەربازیی وەک ئەوەی حەماس و تاڵیبان لە ئەفغانستان لە شەقامەکانی دیمەشق دەبینین.
ڕووداو: باوکت، ڕەفعەت ئەسەد لە شوێنێکی ئارامە؟
ڕیباڵ ئەسەد: نەخێر، نەخێر، سوپاس بۆ خودا، باوکم لە مێژە سەفەری کردووە، سوپاس بۆ خودا.
ڕووداو: دوایین پرسیارم، بەڕێز ڕیباڵ ئەسەد، ئێوە هەوڵدەدەن پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەرع بکەن؟ بە کورتی تکایە.
ڕیباڵ ئەسەد: چۆن مرۆڤ لەگەڵ کەسانێک دادەنیشێت کە خەڵک و گەلی خۆیان دەکوژن؟ چۆن لەگەڵ کەسانێک دادەنیشی کە بیروباوەڕەکەیان لەسەر لەنێوبردنی ئەوی دیکە و پەراوێزخستنی ئەوی دیکە درووستکرابێت؟ چۆن مرۆڤ لەگەڵ کەسانێک دادەنیشێت کە خەڵکی دیکە بە کافر دادەنێت؟ ئاقڵانەیە کەسێک لەگەڵیان دابنیشێت؟ من دەتوانم دیالۆگ لەگەڵ هەموو کەسێک بکەم، بەڵام چۆن دیالۆگ لەگەڵ کەسێک بکەم کە بە کافرم دادەنێت؟ چۆن دیالۆگ بکەم و دابنیشم لەگەڵ کەسێک کە بە کافرم دادەنێت؟ ئەمە شتێکی نائاساییە. کەسێک دێت و دەڵێت ئەمە کافرە و کافر لای ئەوان دەکوژرێت، چۆن کەسێک... دەزانیت ئەوانە قاعیدە و داعشن، ئەمە بیرکردنەوەیانە، ئەمە ئایدۆلۆژیا لادەرەکەیانە. بۆیە ئێمە داوامان کردووە ئەگەر لەوە دەردەچن و دەڵێن نەخێر ئێمە ئەم بیرکردنەوەیەمان نییە، بە پێچەوانەوە بەڕاستی گۆڕاوین، نەک تەنیا سەرۆک و شوێنکەوتووانی، بەڵام ئەمە مەحاڵە. من فیلم و ڤیدیۆکانیان دەبینم، ئەمانە بەهیچ شێوەیەک دیموکرات نین. خەڵکانێکن داوای کوشتنی کەمینەکان و کوشتنی تایفەی عەلەوی و کوشتنی برا کوردەکانمان دەکەن. دوێنێ ڤیدیۆیەک هەبوو پێیان دەڵێن ئێوە بەراز... زمانێکی قێزەون کە داوای دیموکراسی و دەوڵەتی عەلمانی دەکەن، عەلمانییەتتان پیشان دەدەین. تێگەیشتی چۆن؟ بیری لێ بکەوە چۆن کەسێک دەتوانێت لەگەڵ ئەم خەڵکە بژیت؟ خەڵکانێک لەسەر هەموو لیستەکانی تیرۆری جیهانن، چۆن کەسێک مامەڵە لەگەڵ کەسانی وا دەکات؟ بکوژ و تاوانبارن، پێموتی تاوانیان لە دژی گەلی سووریا کرد، ئەوان و ڕژێم. پێموتی ڤیدیۆی بەڵگەدارمان بینیوە کە ڕاگەیاندن لە هەموو جیهانەوە بەڵگەی کردوون چۆن سەری خەڵک دەبڕن، چۆن خەڵک لە خاچ دەدەن، چۆن خەڵک دەکوژن، نەک تەنیا لە ڕابردوودا، نەخێر لەم 13-14 ساڵەدا تاوەکوو هاتنیان بۆ دیمەشق و تاوەکوو ئەمڕۆش هەموو ڕۆژێک ڤیدیۆ بڵاودەکەنەوە. ببینە لەجیاتی ئەوەی بۆ نموونە ئەگەر کەسێکیان هەبێت کە لەگەڵ ڕژێم بووە، هەر کەسێکی شارستانی دێت و دەوەستێت و فەرمانی دادوەری دەردەکات، بە ڕێزەوە دەیگرن و داوای لێدەکەن فەرموو وەرە لای ئێمە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و دەچێتە بەردەم دادپەروەری و پارێزەری دەبێت، نەک لە شەقامەکان ڕاپێچ بکرێن و لێیان بدرێت و سەریان ببڕدرێت و شتی وا کە مرۆڤ تەنیا لە فیلمە شێتەکاندا دەیبینێت. کەواتە چۆن مرۆڤ دەتوانێت قسەیان لەگەڵ بکات؟ ئەوان ئەگەر دەڵێن دەوڵەتێکی دیموکراسی ڕاستەقینەمان دەوێت، باشە پیشانمان بدەن، بە قسە نا، دەستوورەکەتان پیشان بدەن. بۆ نموونە هەڤپەیڤینێکیان لەگەڵ ئەم شەرع جۆلانییە لە بی بی سی کرد، هەر پرسیارێکیان لێ دەکرد، بۆ نموونە لەسەرخواردنەوە دەڵێت ئەمە سبەینێ لیژنەی یاسایی بڕیاری لەسەر دەدات، من دەستی تێوەرنادەم. حیجاب لیژنەی یاسایی بڕیاری لەسەر دەدات. سبەینێ ئەگەر سەت کەس لە پیاوانی یاسا کە لە ئیدلب لەگەڵی بوون و لە نووسرە، قاعیدە، یانی پێیان بڵێت یاساکان دابنێن، ئەمە ئەوەیە کە یاسا دەیەوێت و هەموو پرسیارێک پێی دەڵێت ئێستا کاتی نییە، کام سووریا؟ کەی کاتییەتی؟
ڕووداو: زۆر سوپاس ڕیباڵ ئەسەد، ئامۆزای سەرۆکی پێشووی سووریا، بەشار ئەسەد و کوڕی ڕەفعەت ئەسەد، سەرۆکی ڕێکخراوی دیموکراسی و ئازادی لە سووریا، لە ئیسپانیاوە گەڵمان بوویت. سوپاس بەڕێز ڕیباڵ...
ڕیباڵ ئەسەد: سوپاس خۆشەویستم.
ڕووداو: بینەرانی خۆشەویست، ئێوەش سوپاس.[1]