وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشقەوە ڕایگەیاند، پێویستە لە باکووری سووریا چەکەکان بێدەنگ بکرێن و چارەسەری سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا بکرێت کە کوردن. دەشڵێت، پێویستە ئاگربەستێکی بەردەوام لە باکووری سووریا جێبەجێ بکرێت.
ژان نۆوێل بارۆ دەشڵێت، سووریایەکی سەروەر و ئارام چیدی جێگە بە شەڕ و پێکدادان نادات. لەبەر ئەمە، پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات بێدەنگ بن. پێویستە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا، کە کوردن، بدۆزرێتەوە، تاوەکوو ئەوان بەتەواوی لەم پڕۆسە سیاسییەدا کە ئێستا دەست پێ دەکات بەشداربن. پێویستە ئاگربەست بەردەوام و درێژخایەن بێت.
ئەو هەروەها ڕایگەیاند، سووریایەکی سەروەر و ئارام، جێگە بە تیرۆریزمی ئیسلامی نادات. تیرۆریزم لێی دان، تیرۆریزم لە ئێمەشی دا لە مەیدانی خۆماندا. لەبەر ئەمە شانبەشان، بە تایبەتیی لەگەڵ کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، دژی تیرۆری ئیسلامی شەڕمان کرد. لە #31-12-2024#، پێش چەند ڕۆژێک، جارێکی دیکە لە بنکەیەکی #داعش#مان دا. چونکە قبووڵ ناکەین کە زیندووبوونەوەی تیرۆری ئیسلامی ئارامی سووریا تێکبدات و هەڕەشە لە ئاساییشی فەرەنسا و ئاساییشی ئەوروپا دەکات. سووریایەکی سەروەر و ئارام ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی و کیمیایی ڕژێمی تاوانباری بەشار ئەسەد نادات.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی #03-01-2025# وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە سووریا و لە یەکەم پەیامیدا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیەوە لە دیمەشق، هیوای بۆ سووریایەکی خاوەن سەروەری، سەقامگیر و ئارام خواست.
ژان نۆوێل بارۆ باسی لەوە کرد، هیوا بۆ سووریایەکی سەقامگیر ڕاستەقینەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ناسکە. ئاماژەی بەوە کرد، کە هیوایەکی نوێ درووست بووە.
ئەمە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای فەرەنسایە لە پاش ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد.
هاوکات لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش گەیشتە دیمەشق و پێکەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە. [1]