تەنیا ئەحمەد
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ژنێکی 42 ساڵی وەکوو جێگری نێردەی تایبەتیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستنیشان کرد. ژنە هەڵبژێردراوەکە لەبارەی کوردی ڕۆژاوای کوردستان و سووریا دەڵێت: پێویستە دڵنیا ببینەوە کورد دەپارێزرێن.
ڕۆژی هەینی #03-01-2025# دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕایگەیاند، مۆرگن ئۆرتگس وەکوو جێگری نێردەی تایبەتیی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستنیشان کراوە.
ئۆرتگس لە تیمی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستبەکار دەبێت.
دوای دەستنیشانکردنی لە پۆستەکەی، ئۆرتگس لە ئێکس ڕایگەیاند، شکۆمەندم سەرۆک ترەمپ بۆ ئەم پۆستە دەستنیشانی کردم. دەرفەتی دووبارە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەم ئەرکێکی دیپلۆماسیی گرنگە و خەونێکە هاتووەتە دی. گرنگترین شت ئەوەیە لە ماوەی [سەرۆکایەتیی] ترەمپدا ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەیەکی پڕ کێشە دەهێنینەوە.
ئۆرتگس باسی پرسی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا کردووە و دەڵێت: پێویستە سەرکردەکانمان لەوە دڵنیاببنەوە کوردەکان پارێزراون و تیرۆریستەکان ناتوانن ئەم پشێوییەی ئێستا بۆ شکاندنی گرتووخانەکان بقۆزنەوە.
ئۆرتگس لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بوو، پێش ئەوەش لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کاری کردووە.
ترەمپ ڕەخنە لەو خانمە دەگرێت و دەڵێت: پێشتر مۆرگن بۆ سێ ساڵ شەڕی دژم کرد، بەڵام هیوادارم وانەی خۆی وەرگرتبێت. هەروەها وتیشی، ئەو (ئۆرتگس) پاڵپشتیکارێکی بەهێزی کۆمارییەکانە. ئەم کارە بۆ خۆم ناکەم، بەڵکوو بۆ ئەوان دەیکەم. با بزانین چی ڕوودەدات.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا وتیشی، ئەو دەیەوێت ستیڤ و ئۆرتگس کار بکەن، بۆ ئەوەی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگەڕێننەوە و پێشبینیی ئەنجامی گەورە دەکەم.
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پشێوییەکی زۆردایە و جەنگی غەززە هێشتا بەردەوامە. ئۆرتگس کە ئەزموونێکی زۆری لە ئاساییشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە هەیە، یارمەتیی مامەڵەی کۆشکی سپی لەگەڵ ئەو ناوچەیە دەدات.
ئۆرتگسی 42 ساڵ پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2016 کە دواتر ترەمپ بردییەوە، ڕەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و وتی: سیاسەتێکی دەرەوەی داخراوی هەیە و ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی کەسیی ترەمپیش گرت.
ئەگەر پێش#20-01-2025# حەماس و ئیسرائیل نەگەنە ئاگربەست و ترەمپ سوێندی دەستوور بخوات، ئەوا کاری سەرەکی و لەپێشینەی وتکۆف و ئۆرتگس بریتی دەبێت لە ڕاگرتنی ئەو جەنگە، بە تایبەت ترەمپ چەند جارێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پار وتی، لە 24 کاژێر جەنگی غەززە ڕادەگرێت.
مۆرگن ئۆرتگس لە 1982 لە فلۆریدا لەدایکبووە و لە ساڵی 2013 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، یەک منداڵی هەیە و بڕوانامەی ماستەری لە کارگێڕیی کار هەیە. ئۆرتگس ماوەیەک لە بەغدا ژیاوە و لەوێ ئایینی خۆی گۆڕیوە و بووەتە جوو.[1]