پەیمان محەمەد
سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان دەڵێت: چەکدانانی پەکەکە دەستکەوتێکە بۆ تورکیا و لەبەرژەوەندیی کوردیشە. وتیشی ''پرسی کورد، تەنیا پەکەکە و تیرۆر نییە، بۆیە بە بانگەوازی ئۆجەلان دەست لە مافەکانی خۆیان هەڵناگرن.''
ئەمڕۆ (یەکشەممە، #05-01-2025# ) بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامە نووڕۆژی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە نالین حەسەن پێشکەشیکرد، لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە ڕایگەیاند ''تاوەکوو ئێستا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوای چاوپێکەوتنیان لە ئێمە نەکردووە.''
دوای سەردانیی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، شاندەکە دەستی بە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان کرد. بایرام بۆزیەل وتی ''دەبێت بەگشتی لایەنە کوردییەکان لەوە ئاگادار بکرێنەوە، کە ئۆجەلان داوای چی دەکات، پێشنیازی بۆ دەوڵەت چی بووە و وەڵامی دەوڵەتیش چییە.''
دیدارەکە لە #28-12-2024# کرا و سێ کاژێری خایاند، دواتر پەیامی ئۆجەلان لەلایەن شاندەکەوە بڵاوکرایەوە. سەرۆکی گشتیی پەسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ''لە پەیامەکەدا هیچ شتێکی بەرچاو و کۆنکرێت بۆ پرسی کورد نەخرابووەڕوو، تەنیا شتی گشتیی تێدا باس کراوە.''
بایرام بۆزیەڵ وتی ''پرسی کورد، پرسێکی جدییە و پەیوەندیی بە دیاریکردنی چارەنووسی 30 ملیۆن کوردەوە هەیە لە تورکیا، هەروەها پرسی هەر چوار پارچەی کوردستانە، بۆیە دەبێت ئەوەی لەگەڵ ئۆجەلان لەو سێ کاژێرەدا باس کراوە، بۆ ڕای گشتی و لایەنە سیاسییەکان ڕوون بکرێتە و لێی ئاگادار بکرێنەوە.''
تاوەکوو ئێستا شاندی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، سرری سوورەیائۆندەر و ئەحمەد تورک، سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەڕڵەمانی تورکیایان کردووە.
بایرام بۆزیەل دەڵێت ''بەر لە هەر لایەنێک، دەبێت ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە کوردییەکان باس بکرێت، بۆ ئەوەی کورد بۆچوونێکی هاوبەشیان لا درووست بێت و سیاسەتێکی هاوبەش پەیڕەو بکەن، دواتر بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەوشێوەیە لەگەڵ دەوڵەت قسە بکرێت.''
بەوتەی سەرۆکی گشتیی پەسەکە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە شاندی دەم پارتی لەگەڵ لایەنە کوردییەکانیش کۆدەبێتەوە و باسی بۆچوون و پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد و ڕۆژی 22ی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بێتە پەڕڵەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بەتەواوی کۆتاییهاتووە و ڕێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە.''
بایرام بۆزیەل پێیوایە ''باخچەلی و دەوڵەت وا بیر دەکەنەوە لە سووریا بۆشاییەک درووست بووە، ڕژێمێک تێکچووە، بەتایبەتیی ئێرانیش کشاوەتەوە، هیلالی شیعی تێکچووە، هەموو بابەتەکان پێکەوە ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەوەی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ببێتە خاوەن کیان (ستاتۆ)ی خۆی.''
وەک سەرۆکی گشتیی پەسەکە ئاماژەی پێدا، ئەگەر کورد لە سووریا ببێتە خاوەنی کیانی خۆی، کاریگەریی لەسەر ئێران و تورکیاش دەبێت، ''دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆغان دەیانەوێت ڕێگری لەم بابەتە بکەن، بۆ ئەم بابەتەش پێویستییان بە ئۆجەلان هەیە.'' وتیشی، ''بە بۆچوونی باخچەلی و ئەردۆغان، ئۆجەلان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر لایەنە کوردییەکان لە سووریا هەبێت بۆ ئەوەی چەک دابنێن و تەنانەت بکەونە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا، ئەو کات تورکیا دەتوانێت پڕۆسەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بەڕێوەببات.''
بایرام بۆزیەل لەبارەی ئامانجەکانی باخچەلی و ئەردۆغان لە پڕۆسەی ئاشتی دەڵێت ''گەلی کورد، جارێکی دیکە نایەوێت ئیرادەی خۆی ڕادەستی تورکیا و هیچ لایەنێکی دیکە بکات. هەندێک زلهێزیش هەن، بەتایبەتیی ئەمریکا کە نایەوێت هەژموونی تورکیا، بەتایبەتیی لە ڕۆژاوای کوردستان زیاد بکات، فەرەنسا و ئەڵمانیا و هێزە نێودەوڵەتییەکانیش دەیانەوێت کورد بگاتە مافی خۆی. بۆیە کورد تەنیا بە بانگەوازی ئۆجەلان ڕادەستی تورکیا نابن و دەست لە مافەکانی خۆیان هەڵناگرن.''
لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە#08-12-2024# ، تورکیا بە هاوکاریی چەکدارانی نزیکی لە سووریا، چەندین جار بەبیانووی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە لەنێو هێزەکەدا، هێرشی کردووەتەوە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی زۆرینە کورد، کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بەدەستەوەیە.
بەوتەی سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، ئەنجامی پڕۆسەی ئاشتی کە بەشێکی تایبەتە بە ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستان، ''تەنیا لەبەرژەوەندیی تورکیا نابێت، بەڵکوو تورکیاش بۆ هەندێک بابەت نەرمی دەنووێنێت، وەک چۆن پڕۆسەی [چارەسەرکردنی پرسی کورد] باشووری کوردستانی قبووڵ نەدەکرد، بەڵام دواتر ناچار بوو دان بە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستاندا بنێت و لەگەڵی کەوتە دیالۆگەوە، لە کۆتاییدا لە ڕۆژاوای کوردستانیش بە ئەگەرێکی زۆرە [دەستکەوتەکانی کورد] قبووڵ بکات، چونکە بابەتەکە لە دەرەوەی ئیرادەی تورکیایە و دەرفەتێکی گەورە بۆ کورد ڕەخساوە.''
''چەکدانانی پەکەکە لەبەرژەوەندیی کوردە''
لەبارەی ئەگەری چەکدانانی پەکەکە وەکوو سەرەکیترین داواکاریی ئەردۆغان و باخچەلی، بایرام بۆزیەل ئاماژەی بەوە کرد، چەکدانانی پەکەکە وەکوو دەستکەوتێک بۆ تورکیا هەژمار دەکرێت، بەڵام لەبەرژەوەندیی کوردیشە، ''چونکە هیچ بەرژەوەندییەکی بۆ بزووتنەوەی کورد نەبووە و بەپێچەوانەوە زیانیشی هەبووە.''
وەک سەرۆکی گشتیی پەسەکە دەڵێت: تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتیدا تەنیا باس لە ''مەترسیی تیرۆر'' دەکات و پرسی کوردی لەبەرچاو نەگرتووە، ''دەبێت تورکیاش ڕوانینی خۆی بگۆڕێت، پرسی کورد تەنیا پرسی پەکەکە و تیرۆر نییە، بەڵکوو پرسێکی ڕەوایە و پرسی ئازادیی گەلی کوردە.''
سەرۆکی گشتیی پەسەکە پێیوایە ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، ئەو بیانووە لە دەستی تورکیا نامێنێت، کە بزووتنەوەی کورد وەکوو ''تیرۆر'' پێناسە بکات ''تەنانەت ئێستا تورکیا، پەکەکە دژی نەیارانی خۆی، ئەمریکا و ئەوروپاش بەکاردەهێنێت.''
بایرام بۆزیەل دەڵێت بە دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، نەرمییەک درووست دەبێت، دەنگی پارتە کوردییەکان زیاتر بەرزدەبێتەوە و ڕێگەی دیالۆگ و دانووستاندن زیاتر دەکرێتەوە، هەروەها چارەسەرکردنی پرسی کورد ئاسانتر دەبێت.''
سەرۆکی گشتیی پەسەکە ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت، ''پێویستە تورکیاش بۆ ئازادکردنی زیندانییان، لابردنی گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان، کردنەوەی ڕێگەی سیاسەتکردن بۆ قەندیل هەنگاو بنێت، هەروەها نەرمی بنووێنێت و زەوینەی دانووستاندن و گفتوگۆکردن خۆش بکات، هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی کورد بدات.''
جەختیشی لەوە کردەوە، لە ئەگەری چەکدانەنانی پەکەکە، ''قەندیل زیان دەبینێت و سەنگ و قورسایی ئۆجەلانیش کەم دەبێتەوە، ئەو بۆچوونە کە ئەندامانی پەکەکە ئۆجەلان وەکوو سەرۆکی خۆیان قبووڵ دەکەن لاواز دەبێت، ئەو کات ئۆجەلانیش ناتوانێت هیچ ڕۆڵێک لە پرسی کورددا بگێڕێت''.
وەکوو بایرام بۆزیەل ئاماژەی پێدا، قەندیلیش ناتوانێت بابەتی چەکدانان بەبێ چارەسەرکردن بهێڵێتەوە، ''ئێستا زەوینەی مانەوەی پەکەکە لە قەندیل نەماوە، ئێران وەکوو پێشوو پاڵپشتیی پەکەکە ناکات، بەڵکوو سەرقاڵی کێشەکانی خۆیەتی.''
بەوتەی سەرۆکی گشتیی پەسەکە، ئەمریکاش وەکوو زلهێزێک، دەتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی لە چەکدانانی پەکەکەدا هەبێت و دەڵێت ''ئەگەر کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بگاتە ئامانجەکانی خۆی و پەکەکەش چەک دابنێت، یەکلاییکردنەوەی پرسی کورد لە تورکیا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئاسانتر دەبێت، نەوەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ و سبەی.'' [1]