کوردە نەقشبەندی(1930-2015)
کوردە کچی کاکە شێخ ی کوڕی شێخ محەمەد بەهائەدین ی کوڕی شێخ عوسمان ی تەوێڵە و لە شێخانی نەقشبەندی هەورامانە، دایکی کچی مەلا نەجمەدین ی کوڕی مەلا نەزیرە، کوردە لە #01-07-1930# لە گوندی بیاوێڵە لە نزیک شاری هەڵەبجە، هاتۆتە دنیاوە، دوو خوشک و چوار برای هەبووە. خوشکەکانی فاتمەخان و ئامینەخان و براکانیشی شێخ محەمەد ئەمین ناسراو بە کاردۆخی ی شاعیر، شێخ صەفادین، شێخ مەحموود و شێخ حەمە ڕەشید
هێشتا کوردە لە تەمەنی مناڵیدایە کە دایکی کۆچی دوایی دەکات و پاش ماوەیەکی زۆر کەم، باوکیشی وەفات دەکات، چاوی پێیان ناکەوێت و لە نازی هەردووکیان بێبەش دەبێت، لەبەرئەوە شێخ تائب کوڕی شێخ عومەر ی بیارە، دەکرێت بە وەصی لەسەر نەوەکانی کاکە شێخ
شێخ محەمەد ئەمین و شێخ صەفادین، ڕێگای خوێندن دەگرنە بەر، شێخ مەحموود و شێخ حەمە ڕەشید و ئامینەخان یش لە تەوێڵە دەمێننەوە. کوردە ش دەنێرنە لای فاتمەخان ی خوشکیان کە لەو کاتەدا هێشتا شووی نەکردووە و لای نەنکی بووە لە بیارە
دوای ئەوەی کە شێخ مەحموود ی برای کوردە گەورە دەبێت و توانای بەڕێوەبردنی ئەو ماڵ و موڵکەی دەبێت کە باوکیان بۆی بەجێ هێشتوون کوردە بۆ لای شێخ مەحموود، شێخ حەمەرەشید و ئامینەخان دەگەڕێتەوە و لە گوندی بیاوێڵە دائەنیشن
لە ساڵی 1939دا، کاتێک شێخ محەمەد ئەمین لە تەوێڵە دەبێت بە مامۆستا، هەر سێکیان شێخ حەمە ڕەشید، ئامینەخان و کوردە، بۆ لای خۆی دەباتەوە. بەم شێوەیە کوردە تەمەنی مناڵی لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان، لە بیارە، تەوێڵە، بیاوێڵە و پاشان شارەزوور یش لەگەڵ برا و خوشکەکانی بەسەر دەبات
کوردە لە ساڵانی پەنچاکاندا، لەگەڵ شێخ عەلی کوڕی شێخ کەریمی عەبابەیلێ ژیانی هاوسەرێتی پێک دەهێنێت و دەبنە خاوەنی چوار کچ بە ناوەکانی ئاوات، نەجات، مهاباد، شیرین و کوڕێک بە ناوی خەبات
کوردە بەشێوەیەکی خێرا، چاو بە ژیانی خۆیدا دەهێنێتەوە و بەشێک لە ژیانی خۆی بە شیعر لە 171 بەیتدا، تۆمار دەکات و لە ژێر ناوی ژیانی من -بەشی یەکەم، هەروەها بەشێکی تریش لە ژیانی خۆی بە شیعر لە 181 بەیتدا، لە ژێر ناوی ژیانی من - بەشی دووەم تۆمار دەکات
چەند بەیتێکی هۆنراوەی ژیانی من- بەشی یەکەم
یەزدانی گەورە، بۆ منت خوڵقان
کە نەمکرد تامی خۆشی لە ژیان
ڕۆژ تا ئێوارە، شەو تا بەیانی
وام لە سزادا، خۆشت ئەزانی
وا بە عەریزە بۆت بەیان ئەکەم
تۆش قبوڵی کە، ئەرزە و حاڵەکەم
کوردە زۆر حەزی لە خوێندن کردووە، بەڵام لەبەر باری سەختی ژیانی، ئەم فرسەتەی بۆ نەرەخساوە، لەگەڵ ئەوەشدا بێ هیوا نەبووە و یەکەم هەوڵێک کە بۆ فێربوون و خوێندەواری داویەتی، لەتەمەنی نۆ ساڵیدا بووە، کاتێک لە تەوێڵە لەلای خاتوو ئایش چەند لاپەڕەیە ک لە قورئانی پیرۆز دەخوێنێت، کە ئەوەش شێوازیکی لەبەرکردنی هەبووە. دواتر لە سەرەتای ساڵانی حەفتاوە، پەیوەندی بە مەڵبەندی نەهێشتنی نەخوێندەوارییەوە دەکات، بە هیوای فێربوونی خوێندن و نووسین، بە هەوڵ و کۆششێکی زۆر، خۆی فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی دەکات، دوای چەند دابڕان و پەیوەندی کردنەوە، لە قوتابخانەی ئێواران، پۆلی چواری سەرەتایی تەواو دەکات و تاڕادەیەکی زۆر باش، فێری خوێندنەوە و نووسینی کوردی دەبێت
لە سەرەتای ساڵانی شەستەوە، کوردە شیعری وتووە. تەنانەت کاتێکیش کە خۆی نەیتوانیوە بیان نووسێتەوە، هۆنراوەکانی وتووە و بۆیان نووسیووە، بە داخەوە بەم هۆیەوە، زۆربەی هۆنراوەکانی ون بوون و تەنها ژمارەیەکی زۆر کەمی هۆنراوەکانی پێش ساڵانی حەفتای ماون، کۆنترین هۆنراوەیەکی ئەو سەردەمە کە مابێت، ئەو هۆنراوەیە کە ساڵی 1960 بەبۆنەی شەهیدبوونی ئەنوەر ی کوڕی شێخ مستەفاوە وتوویەتی
چەند بەیتێکی ئه و هۆنراوەیە
بنووسە لەسەر کێلی مەزاری
چۆن هەڵوەریوە خونچەی بەهاری
کوژراوە لەسەر نیشتمانەکەی
لەسەر خەبات و تێکۆشانەکەی
دوژمن وەک قەساب بڕیویە جەرگی
شەهید کەی کفن ئەکرێ بە بەرگی
بڵێن ئەم کوردە، مەرد و دڵسۆزە
خۆبەخت کەری، ناو گەل و هۆزە
کورد کۆڵنەدەرە و کۆڵی پێ نادرێ
گەر سەد ئەوەندە، لەت و پەت بکرێ
جگە لە هۆنراوە، پشتی لە کوردایەتیش نەکردووە و هەر لە سەرەتای ساڵەکانی شەستەوە، پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە هەبووە و لە کۆتایی شەستەکان دەبێتە ئەندامی یەکیەتی ئافرەتانی کوردستان پاشان لەگەڵ مامۆستا بەهیە مەعروف لە شانەکانی ناوشار هەمیشە چالاکانە کاری کردووە. ساڵی 1970 بە خێزانەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە و بەردەوام دەبێت لە خەباتی سیاسی. لە ساڵی 1974 و پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول ڕوودەکاتە ئێران. لە دوای نسکۆی شۆڕش و ساڵێک ئاوارەیی، بۆ باشووری کوردستان دەگەڕێنەوە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ دەبێت. لە دوای ماوەیەک جارێکی تر پەیوەندی بە مامۆستا بەهیە مەعروف ەوە دەکاتەوە و درێژە بە خەبات دەدات. هەر بەهۆی کوردایەتییەوە، چەندین جار ماڵ و حاڵی تیاچووە و زەحمەت و ئاوارەیی چەشتووە
کوردە زۆر حەزی بە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان کردووە، دوابەدوای ڕاپەڕین و ئازادبوونی کوردستان و گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر زێدی خۆیان، باخێکی هەناری گەورە و جوانی لە گوندی بیاوێلە لە بەردەم بلەقەوی دروست کردووە و بە بەردەوامی زەویە کشتوکاڵییەکانی چاندووە، بەبێ ئەوەی چاوی لە هیچ قازانجێکی ماددی بێت. کوردە هەمیشە دژی شەڕی براکوژی بووە و بەشداری ئەو ڕێپێوانەشی کردووە کە کۆمەڵێک ژنانی ئاشتیخواز لە شاری سلێمانی یەوە بۆ شاری هەولێر کردیان. لەم ڕێپێوانەدا، چەند ڕۆژ لە پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر دەمێننەوە و لەوێ، چەند دروشم و شیعری کوردە دەخوێندرێنەوە کە پەیامی ناڕەزایی ژنانی کورد سەبارەت بە شەڕی براکوژی، دەرئەبڕێت
کوردە لە ساڵی 1999دا کوردستان بە جێ ئەهێڵێت و لە سەر داوای کوڕ و کچێکی کە لە وڵاتی نەرویج دەژین، ڕوو دەکاتە وڵاتی نەرویج و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە شاری ئۆسلۆ ژیان بەسەر دەبات هەتا لە ساڵی 2008 بڕیاری گەڕانەوەی یەکجاری بۆ کوردستان دەدات و ئەگەڕێتەوە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ ئەبێت و بە شێوەیەکی بەردەوامیش سەردانی هەڵەبجە و بیاوێڵە دەکات و لە هەوڵی ئەوەدایە کە باخەکەی وشک نەبێت
کورده لە ساڵی 2013، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی و لەسەر داوای مناڵەکانی جارێکی تر ڕوو دەکاتەوە وڵاتی نەرویج باخەکەشی بەبێ بەرامبەر دەخاتە ژێر چاودێری دانیشتوویەکی دێی عەنەب، بەو مەرجەی ئاگاداری بکات و نەهێڵت دارەکانی وشک و بێ ناز بێت
لەڕێکەوتی #03-03-2015# لە ووڵاتی نەرویج لەشاری ئۆسلۆ بۆ دواجار دڵەپڕخەمەکەی کوردە بۆ دەوڵەتی کوردی، دڵە پڕهیواکەی کوردە بۆ دەوڵەتی کوردی لە لێدان کەوت و لەسەر دوا وەسیەتی خۆی لە ڕێکە وتی 11/3/2015 تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ کوردستان بەمەراسیمێکی شکۆدار بەره و زێدی خۆی و بەره و شارۆچکەی تەوێڵە بەڕێکرا و لە مەرقەدی شێخ عوسمانی سیراج الدین بەخاک سپێردرا
کەکۆتایدا ماوەتەوە بڵێن کە کوردە هەمیشە لە خەمی گەل و نیشتمانەکەیدابوو، زۆریش داخی بە باری ناجێگیری و ناهەمواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستان چەشتووە. کوردە کەم هۆنراوەی هەیە لە ناوی کو ڕد و کوردستان بێبەش بێت، و هەر لە خۆشەویستی بۆ کوردەوە بووە کە نازناوی کوردەی بۆ خۆی هەڵبژاردووه.[1]
سەرچاوه: وێنە کۆنەکانی هەڵەبجە