بابەت: ڕانانی پەرتووک
کوردستانی نوێ: 30-12-2021
نووسەری ڕۆمان: #محەمەد ئوزون#
رۆمانی مێژوویی لە ئەدەبی کوردیدا ژمارەیەکی ئەوەندە زۆری نییە، هەروەکو چۆن ژمارەی ڕۆماننووس و چیرۆکنووسەکانمان بە بەراورد بە ژمارەی خۆمان کەمە. ئەم شێوە نووسینەش کەمتر نووسەران خۆیان لە قەرەداوە. ئەگەرچی ئەم ساڵانەی دوایی کۆمەڵێک نووسەر دەستیان دایە نووسینی ڕۆمانی مێژوویی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر کەمە. یەکێک له و نووسەرانەی کە لە ڕۆمانەکانیدا سوودی لە مێژووی کورد و بەسەرهاتە خوێناوییەکان و شۆڕشەکانی کورد بینیوە، نووسەری ناوداری باکووری کوردستان محەمەد ئۆزۆنە. ئەم نووسەرە چەند ڕۆمانێکی هەیە کە بە شێوازەی سێبەری ئەوین نووسیوێتی. سوودی لە مێژووی نەتەوەکەی بینیوە.
سێبەری ئەوین ڕۆمانێکی نووسەری باکووری کوردستان محەمەد ئۆزۆنە و فاروق ڕۆستەمی به و کوردییە ڕێک و پێک و جوانەی لە کرمانجی ژوورەوە گۆڕیوێتی بۆ کوردی سۆرانی. کە شایەنی خوێندنەوە و دەستخۆشی و لەسەر وەستانە. چونکە زیرەکانە ڕۆمانەکەی گۆڕیوە بۆ سۆرانی و کوردییەکەی ئەوەندە جوان و شیرینە لە خوێندنەوەی وەڕس نابی. ڕەوانشاد شاعیری نەتەوەیی کورد جەلالی مەلەکشا پێشەکی بۆ نووسیوە و تێیدا ئاماژە بە سەرکەوتنی کارەکەی وەرگێڕ دەکات. ڕۆمانەکە لە بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی مادیارە.
ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە گێڕانەوەی مێژووی شۆڕشی ئاگری داخە، چیرۆکی ژیانی شۆڕەسوارێکی کوردە. گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا ساڵ بە ساڵی ژیانی مەمدووح سەلیم بەگە چۆن ژیاوە.
باسی چەند قۆناغێک لە ژیانی ناوبراو چەند کەسایەتییەکی کورد و شۆڕشی کورد دەگێڕێتەوە. لە پاڵ ژیانی #مەمدوح سەلیم بەگ# باس لە #ئیحسان نوری پاشا# و ئ#ەمین عالی بەدرخان# و #جەللادەت بەدرخان# و کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی دەکات. چیرۆکی لە داردانی #شێخ سەعیدی پیران# دەگێڕێتەوە. باس لە کۆمەڵەی هێڤی و گۆڤاری ژین دەکات.
چیرۆکی ڕۆژگاری ڕەشی کورد دەگێڕێتەوە لەسەروەختی ڕۆخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دامەزرانی کۆماری تورکیای نوی و سەردەمی ئەتاتورک ئه و پیاوەی لەسەردەمی نوێدا کەوتە قڕکردنی کورد و چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد. گێڕانەوە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست پێدەکات. مەمدوح سەلیم بەگ لە کەناری دەریادا پیاسە دەکات و بیر لە نەتەوەکەی دەکاتەوە. چیرۆکی مەمدوح و ئاستەنگەکانی دەوڵەتە تازە و خوێنمژەکەی تورکیایە کە ڕێ لە کورد دەگرێ وەک نەتەوەیەک بژین و مافەکانیان قۆرغ دەکات. مەمدوح لەسەر دەریای وانەوە بۆ کۆڵانەکانی ئەنتاکیاوە بۆ بەیروت. چیرۆکی کۆمەڵکوژکردنی کوردە. خاکی کورد داگیر دەکات و زمانەکەی قەدەغە دەکات.
بەگشتی ئەم ڕۆمانە بە بیانوی گێڕانەوەی ژیانی مەمدوح سەلیم بەگ گێڕانەوە دەچێتە نێو ژیانی کورد لە باکوور و گێڕانەوە چیرۆکی قۆناغێکە لە ژیانی کورد لە باکوور کە چۆن سڕکراون. بێ بەش کراون لە هەموو مافێک. سەردەمی دوای ڕوخانی عوسمانی و دروستبوونی دەوڵەتە نوێکەی تورکیای تازە کە سەردەمی سڕکردن و بێدەنگ کردنی کوردبووە. کە چۆن کورد چەوسێنراوەتەوە بە جۆرێک کە مافی قسەکردنیان نەبووە. هەربۆیە کوردیش وەک هەر نەتەوەیەک بێدەنگ نەبووە و شۆڕش لە دوای شۆڕش تورکیای هەژاندووە. ئەم ڕۆمانە چیرۆکی ئه و تورکیایە کە بە ناوی تورکیایەکی بەهێزەوە ویستی کورد بتوێنێتەوە و نەیتوانی.
[1]