لە ساڵی 1890دا لە گەڕەکی بەفریقەندی #کۆیە# لەدایکبووە.
مەقامەکانی سێوە بەدەقە وێژەییەکەیەوه، لەناو ئاو و هەوایەکی سازگاری کوردەوارین بەپێی قۆناغ و سەردەمی ژیانی خەڵکەکە خوڵقان. بابەتەکانی هەموویان موڵکی کوردن و بۆ کورد گوتراون و پڕن لەچەمکی خۆشەویستی ئەڤین و دڵپاکی و جوانی و ئازایەتی و بەرخودان کە هەموویان بابەتی نەمرن و کورد هەمیشە شانازییان پێوە دەکات.
شاعیری میللی بەیت و بەندەکانی خاڵە سێوەی مەقامزان لە دەربڕینی ڕەوانبێژیدا، بۆ دەرخستنی جێ چاکیی ئافرەتی شۆخ و شەنگی گورج و گۆڵ و گەردن هەڵکشاوی چاوگەش، تا ماینی سنوور و کارمامزی مل بەقەرێتە و قورینگی گەردن بەرز و سەقەر باڵەبان و کەوی وڵاتەکەی خۆی هەبووبێت بەگیانلەبەری دوورەوڵات و نەبینراوی وەکوو زەرافە و کەنگەر و تاوس و تووتی نەچوواندووه.
هەتا چۆم و چۆماڵ و ڕووبار و کۆلاوی داوێنی شاخەکانی خۆی هەبووبێت، بیری بۆ دەریا و دوورگە و کەنداو و کەشتی و نەچووە و تاکوو دارودرەخت و گوڵ و گیا و گوڵی بۆن خۆش و چنار و شەنگەبێ و سێو و نارنج و لێمو و هەڵاڵە و ڕەیحانی خۆی بووبێ، دەستی بۆ دارودرەخت و گوڵی بێگانە درێژ نەکردووە و هەیکەلی دەقە وێژەییەکانی پێ هەڵنەبەستوون.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/214/0003.JPG=KTML_Photo_Alt=سێوە (شماش سێوە یڵدە سلیوە) =KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/214/0003.JPG=KTML_Photo_End=
هەر چەندە سێوە مەقامزانێکی میرات گری مەقامزانانی کۆیەی سەدەی نۆزدەیەم بووه، کە ئەمین ئاغای حەوێزی ناسراو بە ئەختەری شاعیر و مەقامشوناس بەردی بناغەی ئەو هونەرەی دانا و مەقامەکۆنەکانی پێش خۆی نوێکردەوە و مەقامزانی وەک مەربین و نەشئەتی ڕەشید ئاغا لە دیوەخانەکەی ئەودابوونە سوارچاکی هونەری مەقامی ڕەسەنی کوردی و دوای ئەوانیش پووتێ و حاجی یەگەورە و عەبەی چایەچی و حەنیل بوونە جێگریان و پەرەیان بەهونەری مەقام داو ئینجا سێوە لەسەردەستی ئەوان فێری هونەری مەقامی ڕەسەنی کوردی بوو، بەڵام دەبێت ئەو ڕ استییەش بڵێین کە سێوەی هونەرمەند کتومت مەقامەکانی ئەوانی نەجووییەوە بەڵکوو پەرەی پێدان و سۆزی خۆی خستەپاڵ.
جگە لەو 5 مەقامەی کە خاڵە سێوە لە ساڵی1952دا لە ئێستگەی ڕادیوی کوردی بەغدا تۆماری کردن گەلێ مەقامی ڕەسەنی دیکەشی بەتۆمارنەکراوی مانەوە لەوانە مەقامی پاییزە کە کەم کەس گوێی لێ بووە و لێرەدا بەشێکی لێ بڵاو دەکەینەوه.
گەلی برادەرینه
ئەمن پاییزەکم گەییەتێ
چ پاییزەکێ فەقیرە!
کە دارە بەنی ماڵوێران
سێبەری خۆی لەمن دەکاته
سەرە تیره
ئەگەر دری خەرکی ئەو عەیامەی
بریندارە بەشیران، بەتیران
بەماری دە دنیایێ
بەڵام دری منی غەریبە مارێ
بریندارە لۆ کیژۆرەکی چارده
ساران
تازە لە مەمکۆڵانی گەڕاینەوه
شیرە!
لە تافی لاویدا ئاشقی وارێی کچی یوسف ناوێک دەبێت بەئیشقی ئەو کچە نازدارە گاورەوە هونەری مەقام و بەستەی کوردی لەلا دەخولقێ و بەتایبەتی لەو سەردەمەی، کە ئەو کچە شۆخە عەشقەکەی لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ دەکرد و وردەوردە ئاوازی مەقامی ڕەسەنی کوردی لە حەتیل و پووتێ و عەبەی چایەچی فێردەبوو و بەعیشقی وارێی دۆستی ناسک و نازداری پەرەی بە ئاوازەکانی دەدا، کاتێکیش کە وارێی نابێت بە خێزانی ئەو و بەنابەدڵی، باوکی دەیداتە خزمێکی خۆی، ئەو مەقامانەی پەردەیەکی خەماوییان بەسەردا هەڵدەکێشرێ.
سێوە لەسەرەخۆ هونەری مەقامەکانی بەرزکردەوە تاکوو بووە میراتگری مەقامزانەکانی شاری کۆیه، بەڵام کت و مت هەمان ڕێبازی ئەوانی نەگرت، بەڵکوو خۆی بووە خاوەن ڕێبازێکی هونەریی مەقامی ڕەسەنی کوردی چونکە دەنگێکی خۆش و قەبەی لەباری هەبوو، هەستێکی ناسکی مۆسیقایی لەلاخولقابوو، بە هەوڵدانێکی کەم توانی خۆی بکاتە ئاشنای مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی و لە کاتی گۆرانیی وتن دا دەیزانی لە کوێ دەست پێ بکات و لە کوێش بوەستێت بەندو ئاوازی مەقامەکانی سێوە لەسەرچاوەیەکی سازگاری کوردەوارییەوە هەڵقوڵابوون و بەزۆری لە گیروگرفتەکانی لاوان و ئەڤین و ڕاستگۆیی و سرووشتی خاکی کوردستانەوە دەدوێن و لە زۆر شوێندا لە بازنەی کات و ڕۆژگار دەچنە دەرەوە تاکوو بۆ هەموو دەور و سەردەمێکی مرۆڤی کورد بدەن، گۆرانیی ڕەسەنی کوردی دەدرێتە پێنووس.
سێوە بووە مەقامزانێکی بەدەستەڵات، چونکە هەروەک لە ئاوازی کۆن شارەزابوو، لە داهێنانی ئاوازی نوێ و تازەکردنەوەی ئاوازی کۆنیش شارەزاتر بوو، بۆیە لە کاتی مەقامبێژیدا هەمیشە زاڵ بوو بەسەر ئاوازی مەقامەکانی داو بە بەهرەی هونەریی خۆی دەستکاریی تێدا دەکردن بەبێ ئەوەی لە سنووری گشتی بنەما سەرەکییەکانی ئەو مەقامانە دەرچێت.
بەکەمێک سەرنجدانی دەقی بەندو بەیتەکانی مەقامەکانی و هەڵسەنگاندیان لەڕووی وێژەی و هونەرییەوە ئەم ڕاستییانەی خوارەوە ئاشکرا دەبێت
بابەتەکانی هەموویان لە کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە هەڵقوڵاون و بۆ کورد گوتراون و پڕن لە وشەی ناسکی خۆشەویستی و ئەڤین و سوارچاکی و ئازایەتی و وەفاداری و مەردایەتی.
مەقامەکانی بەدەقی وێژەی و ئاوازەوه، لەناو ئاووهەوایەکی سازگاری کوردستانەوە خولقاوە، سیمفۆنیا و تۆمارێکی ڕووداوە کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکانی کۆمەڵی کوردەوارین و بەپێی قۆناغی ژیانی خەڵکەکە خولقاون.
سێوەی مەقامزانی هونەرمەندی کورد لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە #09-12-1963#دا کۆچی دواییکردووه. ئەم کەسایەتییە ناودارە لە ژیاندا بەهەژاری ژیاوه. لەپاش خۆی کەلەپوورێکی زۆری لەئاواز و گۆرانی کوردی بەجێماوه، کە تاکوو ئێستا ئاوازی ڕەسەنی مەقامەکانی سەحەر و گوڵێ و عایشەگوڵ و بەهار و کراسی شەنگ مێرەم لە گوێچکەماندا دەزرنگێنەوه.
شاعیری دەقەکانی گۆرانی و مەقامەکانی لەپێدا هەڵدانی هەرشتێک جوانترین و زیندووترین چەشن و ئەندامی هەڵبژاردووه. لە دەربڕینی جوانیی ئافرەتدا، کەوتووەتە باسکردنی ئەو ئەندامانەی کە دەبنە پێوانەی جوانی و شۆخ و شەنگی مێینە لەبەرچاوی نێرینەی جوانیی پەرستدا، هەر لە بەژن و باڵای بەرز و سنگی سپی و مەمکی فنجانی و گەردنی زەرد و چاوی بەڵەکەوە بگرە تا دەگاتە برژانگ و برۆی ڕەش و چاوی وەک چاوی سەقەری باڵەبان و دوگمەی سینگ مەمکان و قۆڵ و باونجی کچی شەنگ و شۆڕی نازداری کوردان.
دانەرانی ئەو دەقانەی مەقامەکان وەستایانە سوودیان لە کەلەپووری ئایینی و نەتەوایەتی کورد وەرگرتووه، هەروەک لەدەقی بەندەکانی مەقامی سە حەر و گورێ و کراسی شەنگ مێرەم دا گەلێک نیشانەی ئایینی وەک نەفخی سوور و گفتوگۆی حەزرەتی مووسا لەگەڵ باری تەعالا و شەیتانی لەعین و نیشانەی کوردی وەک مەم و زین و بەکر مەرگەوەر و عەلی بەگی داسنی و گەلێ نیشانەی دیکە و بەمانە ڕەسەنایەتییەکی تەواویان داوە بەمەقامەکانی سێوه
شاعیری میللی و فۆلکلۆریی بەیت و بەندەکانی لە دەربڕینی ڕەوانبێژیدا بۆ دەرخستنی جوانیی ئافرەت، تا کارمامزی مل و بە قەرێتە و قورینگی گەردەن بەرز و سەقەری باڵەبان و کەوی وڵاتەکەی خۆی هەبووبێت، بەگیانەوەری دوورەوڵاتی وەک زەرافە و کەنگەر و تاووسی نەچوواندوو.[1]