ساڵی 1318 هەتاوی لە شاری بانە لە دایک بوە وهەر لە تەمەنی مناڵیدا و دوای ڕووداوی “قەزیەی شەهریوەر” 1320 هەتاوی لە ئێرانداو شەڕی حەمەرەشیدخان لە شاری بانە لەگەڵ بنەماڵەکەیان بەرەوشاری #سەقز# کۆچ ئەکەن و لە گەڕەکی سەرچەمی وڵیخان لای تەکیەی بابەشێخئەگیرسێنەوە.
خوێندنی ئایینی لە خزمەت خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا سدیق و خەڵیفە حەمەرەشید لە پۆلە ئایینی یەکاندا کە ئەو کات “قوتاوخان” یان پێ ئەوت دەست پێ کرد هەروەها هەتا پۆلی شەشی باوی ئەوکاتیشی لە قوتابخانەکانی شاری سەقزدا خوێند.
هونەرمەند کاک “محەمەد ئەحمەدی” کاروپیشەی نەجاڕی (دارتاش) ی بۆخۆی هەڵبژارد هەر بەوهۆوە کە لە بواری هونەری دا سەری هەڵدا بە (حەمە نەجاڕ) ناوی دەرکردوخەڵک ناسی یان، حەمەنەجاڕ بە هۆی ئەوەوە کە هەر لە مناڵی یەوە دەنگێکی دڵگیرو خواپێداوی هەبوو و هەروەها دەست وخەتێکی ڕەنگین و هەتا ڕادەیەکیش خاوەن زەوق وبەهرەیەکی هونەری نووسینی شێعر و ئەدەبیات بوو زۆر زوو بوو بە خۆشەویستی هەڤاڵانی و بەردەوام داواکاری هەڵبڕینی دەنگی بوون لە کۆڕو کۆبوونەوەکانی ناوگەڕەک وپۆلی دۆستان وئاشنایانی، کاک حەمە نەجاڕ ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو بەڵام مناڵی نەبوو لەم دوایانەیش دا هەر بە تەنیا ژیانی ئەبردە سەر کە لەو ماوەیەدا براکانی و برازاکانی کاک موحسین وفاتێح ویاسین وفایەق زەحمەتی بەرچاویان پێوە کێشا.
حەمەنەجاڕ بە هۆی ئەشق و عەلاقەیەک کە بە زێدی باوباپیری واتە کوردستان وشاری بانە شوێنی لە دایک بوونی هەبووی بۆ یەکەم جار گۆرانی بەناوبانگی “گوڵی زەردوسووری سڵێمان بەگی بانە” ی سازکردو بە دەنگی خۆی لە ڕادێو #کرماشان# تۆماری کردو پێش کەش بە دیاروکەس وکاری کرد کە شێعری ئەوگۆرانی یەیش هەر بەرهەمی خۆیەتی و لە دوای ئەو گەلێ هونەرمەندی دیکە وەک کاک عەباس کەمەندی (کە بەحەق گیانێکی تازەی وەبەر ئەو گۆرانی یەکردەوە) وتوویانەتەوە… کە بە داخەوە نەک هەر ئەو گۆرانی یە گەلێ گۆرانی دیکەی حەمەنەجاڕ وتراوەتەوە کە هەتا ئێستە هیچ کەس تەنانەت بۆ جارێکیش ناویان نەبردوه. هەروەها گەڵێ گۆرانی دیکە هەن کە مۆرکی ڕاستەوخۆی حەمەنەجاڕی پێوەیە وەک گۆرانی “من بێ پەنام” ئەی یاران وەرن” کە کاک عەلی زەندی وتوویەتەوە “گەردووگووڵی بەیان” کە کاتی خۆی کاک عەزیزی سەیفی مۆسیقاکەی دابەش کردوە و لە دەسگای هومایون دایە “هەستە گیانە بەربەیانە” کە گۆرانی یەکی دیکەی حەمەنەجاڕە کە شێعرەکەی بەم شێوە دەست پێ دەکاو هانی خەڵک ئەدا کە گوندەکان جێ نەهێڵن و دەڵێ : گەر جووتیاری عەرز بکێڵە بستێ لە خاک جێ مەهێڵە بڕۆ نێوشار بەجێ بێڵە کەشاوەرز خۆشەویستمانە) دیسان هەر ئەم هونەرمەندە گۆرانی بڵاونەکراوەی هەیە بە ناوی “دێوانەم ” کە هەر ئێستا لە ئارشیوی عەلی عابدی مۆسیقی دانی سەقزی دا پارێزراوە.
حەمەنەجاڕ لە ڕادێۆ کرماشانی ئەوکات و ڕادێۆ #مەهاباد# گەڵێ گۆرانی بە هاوکاری هونەرمەند کاک ڕەشید فەیزنژاد تۆمار کردو بڵاوی کردەوە کە هەر ئێستایش لە ئارشیوی ئەو ڕادێوگەلەدا هەیە بەڵام بە داخەوە ئیزن و ڕێی دەست پێ ڕاگەیشتنیان نیە !
لە ساڵی 1365 هەتاوی بە یارمەتی گروپی “وەنەوشە” لە شاری سەقز دیسان هەر بە یارمەتی کاک ڕەشید فەیزنژاد چەند گۆرانی یەکی لە گۆرانی یەکانی خۆی وەک “ئای عەزیزم” “بەهار بەهار” و گەلێکی دیکە لە کاستێکدا وەک دیاری نەورۆزی ئەوساڵە بڵاو کردەوە کە لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی یەکی بەرچاوی لێکرا.
هونەرمەند حەمەنەجاڕ، بە ئەشقەوە گۆرانی یەکانی تاهیرتۆفێق و شەوکەت ڕەشیدو کەریم کابان و ساڵە دیلانی ئەوتەوە کە دۆستایەتیەکی تایبەتی لە گەڵ هونەرمەند کەریم کابان هەبوو کە لە کاتی مەرگی حەمەنەجار کەریم کابان نامەیەکی پڕ لە سۆزوخۆشەویستی بۆ بنەماڵەکەی ناردبوو کە هەردەم وێردی کەس وکاری مەرحووم حەمەنەجاڕە، هەروەها ئەم هونەرمەندە دەنگ و ڕەنگ غەریبەی شاری سەقز هەوڵی زۆری دا بۆ بووژاندنەوەی فەرهەنگ وهونەرو پاراستنی داب ونەریتە کەوناراکانی کوردەواری وگەلێک تامەزرۆ و هۆگری فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بوو بەڵام بەداخەروە هەر لە ڕێگەی گۆرانی یەکانی کە خەمێکی گەورەی لە خۆیدا شاردبوەوە هەستی خۆی دەر ئەبڕی.
بەداخەوە حەمەنەجاڕیش وەک زۆربەی هونەرمەندانی بێ نازکەوتووی کوردەواری بەبێ دەنگی لە ساڵی 1373 هەتاوی دا بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی 55 ساڵیدا کۆچی دوای کردو سڵێمان بەگ و شاری سەقزیشی بێ بولبول هێشتەوە و لەسەر دەست وشانی ئەویندارانی هونەری کوردی وتازیەبارانی ئەوخەمەگەورە لە گۆرستانی شانازی سەقز ئەسپردەی خاک کراوە.