هاروێ، ئارو، ئاروێ، خوادەمەنیەکی سەوزە، لە تیرەی کولەکەییەکان Cucurbitacees کە بە شێوەی جۆراوجۆر هەیە. ڕۆژنامەی B.P کە لە سوید دەردەچێ، ڕۆژی 28ی مارسی 1996 لە لاپەڕەی 28دا لەسەر خەیار نووسیبووی: جۆرێک لە خەیار ئەگەر نوێ و مودێڕنە، بەڵام لە ڕاستیدا پێش 2000 ساڵ پێش ئێستا یەکێک لە سەوزە هەرە باشەکان بووە و قەیسەرێکی ڕۆمی بە ناوی Tiberius هەموو ڕۆژێک خەیارێکی خواردووە، ئەمەش هۆی تامی خەیرەکە بووە نە چاکە و بەهێزییەکەی… پێش 600 ساڵ لەمەوبەر بە شێوەی تجاری لە وڵاتی سوئد دا هاتە چاندن، بەڵام لە 1600دا گەیشتە سکاندیناڤی. لە سەرەتاوە لە وڵاتە گەرمەسێرەکاندا چێندراو و 4000 ساڵ لەمەوبەر لە وڵاتی هیند دا هاتووەتە بەرهەم. ئەوکاتە چۆن خەیاریان پاراستووە و چۆن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ڕایانگرتووە، هێشتا کەس نازانێ، بەڵام ئەمڕۆ دەزانین کە خەیار لە تینێکی نێوان 12 و 14 پلەی سەروەی سفردا دێر خراپ دەبێ، ئەگەر شوێنەکەی وەک سەهۆڵدان سارد بێ زوو نەرم دەبێت و پاشان دەگەنێ. خەیار بە گازی Etylen کە گازێکی بێ ڕەنگە و فۆرمۆڵی شیمیەکەی C2H4ە زوو خراپ دەبێ، ئەم گازەش بەهۆی سەوزیی و میوەی وەک تەماتە، سێو، هەرمێ و هەڵوچەدا پێکدێ. ئەم گازە خەیارکە جیڕ و زەرد دەکا. لە هێندێک وڵاتدا خەیارەکانیان بە پلاستیکێکی ناسک پێچاوەتەوە بۆ ئەوەی لەم جۆرە گازە بیپارێزن و زوو وشک نەبێ…
لە خەیاردا ڤیتامینەکانی A، B وC هەیە و هەروەها سلولز و ئاسن و کالسیۆم و فسفۆر و هێندێ مەوادی کانی باشی تریی تێدایە، %96ی خەیار لە ئاو پێکهاتووە، بۆیە خواردنی کەڵکێکی باشی خۆراکیی بۆ لەش هەیە و بێجگە لەمەش، بۆ شۆردنەوەی گورچیلەکانیش باشە، کوڵێندراوی ڕیشووی وشکی خەیار دەرمانێکی باشی نەخۆشیی بریبریە Beri-beri.
لە بەر ئەوەی خەیار بەتایبەتی کوڵاوەکەی زوو لە هوورگدا دەگەنێ، باشتر وایە هەمیشە بەخوێوە بخورێ، تەرزی خەیار لە تەرزی شووتی و کولەکە دەچێ و گەڵاکەشی ددانەدار و گوڵەکانیشی زەردن. خەیار بەکاڵی دەخورێ و بۆ تامی زیاتر خوێشی پێوەدەکەن و لە سالاد و ترشیات سازکردن و چێشتیش دا بەکاری دێنن. هاوینان لە خەیار دۆغوڵمە (دۆغرمە، دۆخورمە، جاجکی) درووست دەکەن کە خواردنێکی زۆر بەتام و چێژی لادێکانی خۆمانە.
لە پەڕتووکەکەی ژنە سوئدی Ingrid Lingegord دا بە ناوی Myrten och Kejsaekrona واتە مۆرد و شلێرە دا دەڵێ: ئەم گیایە هەوەڵ جار لە بنارەکانی چیایی هیمالایا لە باشووری هیند دا پەیدا بوو. پێش 500 ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا چێندراوە و هەزار ساڵ دواتر لە میسر چێندرا و لەوێوە گەیشتە فلستین و دوایش بە وڵاتانی دەوری مەدیتەرانەدا بڵاو بوەوە.
خەیار دوو جۆری سەرەکی هەیە کە ئەمانەن:
سەوزە Cucumis sativus کە بە فەرانسەیی Cucumibreی پێدەڵێن.
چەمەرە یان تروزی کە بە لاتینی C. flexuosus و بە فەرانسەیی Concombre و بە ئینگلیزیش Concombre setpentی پێدەڵێن. لە ف.م. و ف.ن.گ.ا. کەڵک وەرگیراوە.
لێرەدا دەبێ پەراندزێک بۆ خۆم بکەمەوە. ئەویش ئەوەیە کە بە بڕوای من خواردنی دۆغڵمە و دۆ کە لە لادێکانی کوردستاندا باوە و بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا زۆری دەخۆن و لە کوردستانی تورکیە جاجکی پێدەڵێن و لە تێکەڵاو کردنی خەیار و دۆ و پیواز و نان و سیر درووست دەکرێ. یەکێک لەو خواردنە ڕەسەنانەی کوردە. لەبەر ئەوەی بڕیارم دا میوانە سویدیەکەم بە خواردنێکی کوردی میوانی بکەم، هەرچی بیرم کردەوە، بێجکە لە جاجکی هیچم بە مێشکدا نەهات، دەمزانی خواردنەکانی تر لە سایەی سەری کوردانەوە هەموویان بەم وڵاتەدا بڵاو بوونەتەوە و سویدی ناویان دەزانن. لە دڵی خۆمدا وتم: جاجکیی هەر بە چاویش نەدیوە. کاتێک هاتین بیخۆین وتی:
ئای ئەم خواردنەم زۆر حەز لێیە، هەموو جارێک کە دەڕۆم بۆ وڵاتی یونان لە ڕەستوورانەکاندا ئەمە دەخۆم، لەوێ پێی دەڵێن جاجکی.
ئیتر من خەریک بوو شاخ دەربێنم. نازانم ئەم جاجکیە لە کوێوە گەیشتووەتە یونان! یان کوردان برادووەیانە و یان ئەوان لەوێوە هاتوونەتە لادێکانی کوردستان فێری ئەم سوارنە ساردەی کوردان بووگن.