لەمێژوی 22 ساڵی هەرێمی کوردستاندا هێندەی ئێستا پەرلەمان نەبوەتە شوێنی ڕۆژنامەنوس و نوسەرو شاعیرو چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، هێندەی ئێستاش کاندیدو قەوارە بەشدار نەبوە، بەپێی وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق 1138 کاندیدو 31 قەوارە بەشدار دەبن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، نوسەرێکیش پێیوانییە ئەم خولەی دادێی پەرلەمان لەخولی داهاتو باشتر بێت.
ئا: ئیحسان مەلا فوئاد
لەلێداونێکی تایبەتدا بۆ ئاوێنە سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەربەست مستەفا ئاماژەی بەوەکرد کە لەهەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی کوردستاندا 31 قەوارەی سیاسی و دو هاوپەیمانێتی و 1138 کاندید لەهەمو حزب و قەوارەکان بەشدارییانکردوە.
ئەوەی جێی نیگەرانی هاوڵاتیانە بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان ئاساییە کاندیدانی پەرلەمان بڕوانامەیان نەبێت، ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەکرد بەپێی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاساییە کاندیدەکان بڕوانامەی ئامادەییان نەبێت، بەڵکو دەبێت تەنها بڕوانامەی ناوەندی بەخوارەوەی نەبێت.
لەئێستادا هەڵپەکردن بۆ پەرلەمان و کورسییەکانی ململانێیەکی توند بەخۆوە دەبینێت، نوسەرو ڕۆشنبیر، عارف قوربانی، لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە ئەو هەڵپەکردنەی بۆ دو هۆکار گێڕایەوە، هۆکاری یەکەم و سەرەکی پەیوەندی به و ئیمتیازە زۆرەی پەرلەمانتارانەوە هەیە لەخانوو ئۆتۆمبیل و موچەی زۆرو دوای تەواوبونی ئەو خولەش خانەنشینکردنیان بە لە80% موچەکانیان، دوەم بەهۆی گەشەی پرۆسەی سیاسییەوە ساڵ دوای ساڵ ژمارەی قەوارە سیاسییەکان زیاد دەکات و ڕەنگە بۆ خولێکی تر زیاتر بێت.
ئەوەی لەئێستادا بوەتە جێی باسی خەڵک کاندیدکردنی ڕاگەیاندکارو نوسەرو شاعیرانە لەهەمو حزبەکاندا، ئەو نوسەرە ئاماژە بەوەش دەکات مەرج نییە ئەوەی ڕاگەیاندکار یان نوسەر بێت سەرکەوتوبێت لەپەرلەماندا، چونکە پەرلەمانتاریی مێزگردی تەلەفزیۆنی نیە تا دو قسەی زل بکەن و بڵێن ئەمە کەسێکی بەتوانایە، پەرلەمانتاری بۆ چاودێریکردنی حکومەت و دەرچواندنی یاساو ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتییە، دەبوایە حزبەکان گوێیان نەدایە بەوەی مادام سیستمەکە نیمچەکراوەیە ئیتر پەنا بەرنە بەر ڕاگەیاندکارو کەسانی دیار، دەبوایە کەسانی پسپۆڕ کاندید بکرانایە کە هیچ حزبێک ئەوەی نەکردوە، بەڵکو ئەو لیستانە کەمترین خەڵکی پسپۆڕی جۆراوجۆری تێدایە، بۆیە پێموانییە ئەم خولەی پەرلەمان لەوەی پێشو باشتر بێت.
- 23-07-2013