توونی بابە ناوەکەی بەلای بەشێکی زۆر لەدانیشتوانی سنوری #دەربەندیخان# و #گەرمیان#ەوە ئاشنایە و بەشێکی زۆریشیان چیرۆکەکەی دەزانن، ئەمە جگە لەوەی لەڕووی جیۆلۆجییەوە لێکدانەوەی جیاوازی لەسەرە، بەپێی لێکدانەوە زانستییەکان، تەمەنی ئەم توونە نزیکەی ملیۆنێک ساڵەو بەهۆی کارلێکە سروشتییەکانەوە دروستبووە، ئەمە جگە لەوەی گێڕانەوەی ئەفسانەشی لەسەر هەیەو دانیشتوانی ناوچەکە چیرۆکەکەیان دەماودەم گێڕاوەتەوە.
زۆر ترسناکە
مام غالی عەلی ڕۆستەم پیاوێکی بەتەمەنی گوندی بزستاکانە کەنزیکترین گوندە لە تونەوەکەوە، وتی: دەگێڕنەوە ئەم توونە هەرکەس ڕۆیشتۆتە ناوی نەگەڕاوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو شێوەو پێکهاتە سەرسوڕهێنەرەیەوە کەهەیەتی، کەتاڕادەیەکی زۆر ترسناکە.
کوڕ و باوکێک
دەشڵێت: هەر بەپێی گێڕانەوەکان، دواجار پاشایەک بڕیاردەدات کچەکەی خۆی پێشکەش بەو کەسە بکات کەدەڕواتە نێو توونەکەو زانیاری لەسەری بۆ دێنێت، سەرئەنجام کوڕێک کەزۆر عاشقی کچەکەی دەبێت، بڕیار دەدات لەگەڵ باوکیدا بڕوات و پاش گەیشتنیان شەویان بەسەردا دێت زۆر تووشی ترس و دڵەراوکێ دەبن، بۆیە باوکی کوڕەکە بڕیار دەدات بەپێچەوانەی یەکترەوە بخەون، (واتا سەری کوڕ لەخوارەوە بێت و سەری باوکەکە لەسەرەوە بێت).
مام غالی ئاماژەی بەوەکرد: کاتێک ئەو گیاندارە دەردەکەوێت و دەبینێ یەک مرۆڤن و دوو سەریان هەیە، دەڵێت: (توونی بابە عومرە هەزارو نەوەدو نۆ دەرە هێشتا نەمدیوە ئادەمی دووسەرە)، ئەو گیاندارە بەبینینی ئەو دیمەنە دەڕوات و پاشان کوڕو باوک بەسەلامەتی دەگەڕێنەوە، بۆیە ئیتر ئەو ناوەی پێوە دەنرێت، کە هەندێک پێیانوایە ناوی باوکی کوڕەکە بابە عومرە بووە، هەندێکی تر پێیانوایە زیاتر لێکدانەوەی زمانەوانییەکەیەتی، واتە تەمەنێکی دەوێت بۆ ئەوەی بەو توونەدا بڕۆیت.
هەمووی لە چەو پێکدێت
سەرکەوت غازی دکتۆر لەزانکۆی گەرمیان کەهاوکات بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر ئەو ناوچەیە هەیە بە PUKmedia ی ڕاگەیاند: توونی بابە عومرە لەڕووی پێکهاتەی جیۆلۆجییەوە، پێکدێت لەپێکهاتە جیۆلۆجییەکانی بەختیاری، یان ناوێکی تری هەیە لەعیراقدا مقدادیە و بای حەسەن، لەوەر بەختیاری و ئەپەر بەختیاری، کەهەمووی لە چەو پێکدێت، بۆچی لەو شوێنە ڕویداوە، یان ئەو پێکهاتانە هاتوونەتە ئاراوە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەکەی و لارییەکەی لەگەڵ ڕێژەی بارانباریندا.
بە سێ ئاڕاستەدا دەڕوات
وتیشی: خۆ لەشوێنی تریشدا چەو هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی لەوێ لارییەکە واتە چینە بەردەکان لارن و تا بەرەو سەرەوە بڕۆین ڕێژەی بارانبارین زیاد دەکات و کەڕێژەی بارانبارین زیادیکرد بەنێوان چینەکاندا دەڕوات، نێوان چینەکانیش لاوازن و بەمەش زوو تووشی داخوران دەبێت، بۆیە بەم شێوەیە بەسێ ئاڕاستەدا دەڕوات، یەکەمیان بەرەو ڕووبەڕوو یان بەلاتەنیشتەکاندا یان بەقوڵایی، ئەم جۆرەیان زیاتر بەقوڵایی و ڕووبەڕوودا زیاتر ڕوودەدات، وتیشی: پێشتر ئەم توونە وا قووڵ نەبووە، هێواش هێواش بەپێی تێپەڕبوونی کات، باران بارین لەو ناوچەیەدا زۆرتربووە و ئێستا کەمترە یان لەو شوێنە شێوازی جیۆلۆجی و جیۆمۆرفۆلۆجی جیاوازمان هەیە و هێزی ڕاماڵین کاتی خۆی زۆرتربووە، بۆیە ئێستا وانییەو کەمتر ڕوودەداتەوە.
گەڕانەوەی تێدا نییە
بەپێی لێکدانەوە ئەفسانەییەکان و ئەو چیرۆکەی لەسەر توونی بابە عومرە هەیە، گوایە هەرکەسێک پێیدا بڕوات گەڕانەوەی نییە، بەڵام دکتۆر سەرکەوت غازی پێیوایە ئەوە تەنها ئەفسانەییەو لەم لایەنەشەوە زیاتر پەیوەندی بەشێوازە جیۆلۆجییەکەیەوە هەیە، چونکە ڕووبەری ئەم توونە زیاتر لە نۆ کیلۆمەترەو لەو ناوچەیەشدا نۆ توونی تر هەیە، بەڵام بچووکن و ئەوەندەی ئەم نابن.
وتیشی: ترسناکییەکەی لەوەدایە کە لاتەنیشتەکانی زۆربەرزن و مرۆڤ ناتوانێت پێیدا سەربکەوێت، چونکە ڕاماڵینەکە بەرەو قوڵایی بووە، ئەمە جگە لەوەی درێژییەکەی زۆرەو خەڵک ناتوانێت هەمووی ببڕێت، هەروەها ئاوی تێدایەو زەوییەکەی نەرمەو قاچی پێدا دەچێتە خوارەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندووبوون و ناتوانیت بگەیتە کۆتاییەکەی.
لەبارەی تەمەنی ئەو ڕووداوە سروشتییەو دروستبوونی توونی بابە عومرە، دەڵێت: ئەوەی کەدەبینرێت و بەپێی لێکدانەوە جیۆلۆجییەکان، توونەکە بۆ سەردەمی چواری لەجیۆلۆجیدا دەگەڕێتەوە، واتە کەمتر لەملیۆنێک ساڵ تەمەنی دەبێت.
بکرێت بەناوچەیەکی گەشتیاری
دانیشتوانی سنوری گەرمیان و شارۆچکەی دەربەندیخان و ناوچەکە پێیانوایە کە توونەکە دەتوانرێت بکرێت بەناوچەیەکی گەشتیاری، بەڵام بەتەواوی پشتگوێخراوەو ئەوەش وایکردووە کەمترین هاووڵاتی سەردانی بکەن.
ئارام ڕەحیم مامۆستا لەگوندی بزستاکان بۆ PUKmedia وتی: بەهۆی نەبوونی ڕێگەو دووری شوێنەکە و گرنگی نەدان بە توونی بابە، کەس هێندە سەردانی نەکردووە، وتیشی: دەتوانرێت ئەم شوێنە بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و حکومەت پڕۆژەی بۆ دابین بکات، تا خەڵک لەناوچە جیاوازەکانەوە سەردانی بکەن، چ لەڕووی ناسنامەی ناوچەکەو چ لەڕووی هاتن و زۆربوونی ژمارەی گەشتیارەوە، کاریگەری خۆی دەبێت بۆ کەرتی گەشیتیاری.
لەبەرنامەدایە
ئەنوەر حەمە عەلی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دەربەندیخان بە PUKmedia ی ڕاگەیاند: شوێنە گەشتیارییەکانی دەربەندیخان زۆرن، بۆیە بەپێی قۆناغ کاریان لەسەر دەکەین و بەرنامەمان هەیە لەقۆناغەکانی داهاتوودا ئەو ناوچەیە بکەین بەناوچەیەکی گەورەی گەشتیاری و لەماستەرپلانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنوری دەربەندیخاندا داخڵکراوەو گرنگی تایبەتی پێدراوە.
وتیشی: ڕاستە ڕێگەکەی خۆڵە، بەڵام یەکێک لەچێژەکانی ئەو توونە ئەوەیە کە بەپێ پێیدا بڕۆیت و بیبینیت، هەرکات بودجەی بۆ تەرخانکراو خرایە بەرنامەوە، ئەوە وردەکاری تەواوی لەو لایەنەوە بۆ دەک.
سەرچاوە : puk