کامەران عەبدە ساڵح
بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا، لەمساڵدا ڕێژەی بەرهەمی جۆرەکانی میوە لەسنووری قەزای ڕانیە کەمیکردووە، لایەنی پەیوەندیداریش هۆکارەکەی بۆ نالەباری کەشوهەوا دەگەڕێنێتەوە.
ساڵح حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕانیە، بە خەندانی ڕاگەیاند: "بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا، لەمساڵدا ڕێژەی بەرهەمی جۆرەکانی میوە لەسنوری قەزای ڕانیە کەمیکردووه".
وتیشی: "شەپۆلێکی ناوەختی سەرما، لەدوای نەورۆزی ئەمساڵ ڕووی لە ناوچە شاخاوییەکانی بیتوێن کردو بووە هۆی ئەوەی چەندینجۆر میوەی وەک قەیسی، کۆخ، هەڵوژە، ترێ و هەنار لە قۆناغی چرۆ و گوڵهەڵپێچاندا لەناوبچێت".
ئاماژەی بەوەشدا، خەرجنەکردنی پارەی کرێی کرێی گواستنەوەی میوە لە گوندەکانەوە بۆ عەلوەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمەوە، هۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمبونەوەی بەرهەمی میوە لە ناوچەکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو، کە لەپێناو زەرەرمەندنەبوونی جوتیارانی سنووری ڕانیەدا، لەمساڵدا بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ڕێگەی نەداوە خەیارو چەندجۆرە میوەیەکی تر، لە ئێرانەوە هاوردەی ناوچەکەیان بکرێت، بەمەش توانراوە هاوکارییەکی باشی جوتیاران بکرێت تا بتوانن بە نرخێکی گونجاو بەرهەمەکانیان لە بازاڕ ساغبکەنەوە.
دەشتی ڕانیە، بە یەکێک لە خاکە بەپیتەکانی هەرێمی کوردستان ئەژماردەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی میوه و سەوزە، خاکی ناوچەکە لە جۆری تاوەری تۆخە کە ئاوێتەی قوڕێکی زۆرە و پێکهاتەی قوڕینی تێکەڵاو و قوڕینی لیتەییە، وەک خاکێکی بەپیتی ناوچەی شاخاوی ئەژماردەکرێت.
لەڕووی داهاتی ئاویشەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەنده و زێی بچووک کە بە لای باشووری خۆرهەڵاتیدا تێدەپەڕێت، ئاو بۆ زۆربەی دەشتەکانی دەوروبەری ڕانیە دابیندەکات، بەشی زۆری کشتوکاڵی ناوچەکە کە لەشێوەی پرۆژەی ئاودێری (لە شێوەی جۆگە) بنیات نراون، سود لەو زێیە وەردەگرن، جگە لەمەش، لەناو ڕانیەدا چەندین سەرچاوەی تری ئاو هەیە کە کەم تا زۆر بۆ دابینکردنی ئاو سودییان لێدەبینرێت، گرنگترینیان سەرچاوەی ئاوی (قولە) یە، کە لە کاتژمێرێکدا 224م ئاوی لێوەردەگیرێت و لە چوار وەرزی ساڵدا ئاوی لەبەر دەڕوات.
رادەی بارانبارین لە دەشتی ڕانیە دەگاتە 900ملم لە ساڵێکدا.
- 04-09-2014