سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری و ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێ:"دەیەکی پارەی هەموو نەوتی فرۆشراوی هەرێم، بە بیانووی گۆرینەوەی دۆلار بۆ دینار، دەچێتە حسابی بانکی کوردستان".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ لە ڕایگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە 411 هەزار و 727 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە کۆی گشتی بۆ مانگەکە دەکاتە 12 ملیۆن و 763 هەزارو 566 بەرمیل، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا، ڕۆژانە 457 هەزارو 314 بەرمیلی ڕەوانە کردبوو کە کۆی گشتی مانگەکە 14 ملیۆن و 176 هەزارو 761 بەرمیل بووە، ئەمەش نیشانی دەدا، کە هەناردەی نەوتی خاوی هەرێم، بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو کەمیکردووە.
سەبارەت بەو ڕاپۆرتە، د.عزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری و ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت:"لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ئێمەیان وت لە کۆتایی ساڵی 2016 بەرهەمهێنانی نەوت بەبێ کەرکووک، دەگەینینە یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کەچی ئێستا بە کەرکووکیشەوە ناگاتە نیو ملیۆن بەرمیل".
لەبارەی هۆکاری ئەو کەمکردنەوە، ئەوەی ئاشکراکرد :"بەهۆی ئەوەی کە هیچ دەزگایەک نییە وردبینی بۆ حساباتەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بکات، بۆیە تەنیا خۆیان بەرپرسیارن بەرانبەر ئەو ژمارانەی کە بڵاوی دەکەنەوە".
هەروەها لەبارەی کاریگەری کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت لەسەر دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان، سەرۆکی لێژنەی ئابووری پەرلەمان وتی:"ئەم کەمبوونەوەیە بە وتەی خۆیان وایکردووە ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت بەشی خەرجی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکات، بەڵام ئەمە تەنیا هۆکار نییە، بەڵکو هۆکارێکی تر ئەوەیە کە ئەو پارەیە دەستیان دەکەوێت بە خراپی بەکار دێنن، بۆ نمونە 10% پارەی هەموو نەوتەکە دەچێتە حسابی بانکی کوردستان بە بیانووی گۆرینەوەی دۆلار بۆ دینار، هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی خۆیان سەرووی 60 ملیۆن دۆلاریان تەرخان کردوە بۆ پێدانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان، بۆیە 350 ملیۆن دۆلار کە دەمێنێتەوە بەشی خەرجی حکومەتی هەرێم ناکات".
سەبارەت بە سیاسەتی نەوتیی هەرێم، عزەت سابیر ئەوەشی وت:"ئەو سیاسەتە نەوتیەی کە لە هەرێم پیادەیان کرد و نەیاندا بە بەغدا و ئەویش لەبەرانبەردا بودجەی بڕی، ئەوەتا دەرکەوت بە هەموو ئەو نەوتەی کە هەناردەی دەکەن، کە وردبینی ناکرێ و تا ئێستا ژمارەی ڕاستەقینەی دیار نییە، دۆخی هەرێمی کوردستانی بەم دۆخە گەیاندوە کە ئێستا دەیبینین بەچاوی خۆمان، چارەکە مووچەیەکە ئەوەشیان پی نادرێ".
عزەت سابیر ئەوەشی وت:"بەغدا بەو هەموو گەندەڵییەی کە هەیەتی، بەرمیلی نەوتی بە نرخی 37 دۆلار فرۆشتوە، کەچی هەرێم بە 32 دۆلار دەیفرۆشێ".