دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ئاسایشی گشتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت " لەماوەی 3 ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 3200 چەکداروهاوکاری داعش و گروپە توندرەِوەکان لە لایەن هەرێمەوە دەستگیرکراون".
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ئاسایشی گشتی هەرێم کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت بە دوارۆژی ڕاگەیاند " لە ماوەی 3 ساڵدا زیاتر لە 3200 چەکدارو هاوکاری داعش و گروپە توندڕەوەکان لە زیندانییەکانی هەرێم دەستگیرکراون بەشێک لەوانە چەکداربوون و لەکاتی شەڕکردن دەستگیرکراون بەشێکی تریش وەک شانەی نوستوو هاوکاری داعش و گروپە توندڕەوەکان لە شارەکان دەستگیرکراون".
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد، زۆربەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بەرەگەز عەرەبن و زۆرینەیان خەڵکی عێراق و سوریاو وڵاتانی تری عەرەبین و بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیش لەو کەسانە کورد یاخود بیانین.
پێشتریش بەشی توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکیدا بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە ساڵی 2012وە ڕوویان لە عێراق و سوریا کردووە بە مەبەستی شەڕکردن بە زیاتر لە 36500 کەس دەخەمڵێندرێ و کە زیاتر لە 100 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون، بۆئەوەی لە ڕێزی گروپە چەکدارەکان و ڕێکخراوی داعش شەڕبکەن و لەوانەش 6600 کەسیان ئەوروپی و ئەمەریکی بوون.
- 14-09-2016