ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
لێپرسراوی هێڵی فریاکەوتنی منداڵ (116) ڕایدەگەیەنێت، کە لە ساڵی 2016دا 74 هەزار و 757 پەیوەندیمان پێوەکراوە و کە 496 کێشە هەبووە.
ئەمڕۆ لە بینای کۆمەڵگای چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە شاری سلێمانی، لێپرسراوی هێڵی فریاکەوتنی منداڵ (116) ئاماری پەیوەندییەکانی ساڵی 2016ی خستەڕوو.
هیوا سەعید، لێپرسراوی هێڵی فریاکەوتنی منداڵ، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، وتی:" لە ساڵی 2016دا 74 هەزار و 757 پەیوەندی کراوە بە هێڵی 116ەوە و لە کۆی ئەو پەیوەندیانە تەنها توانراوە چوار هەزار و 505 پەیوەندی وەڵامی بدرێتەوە، بەهۆی مەشغوڵی ئەو سێ خەتەی کە دانراوە بۆ وەڵامدانەوە".
هیوا سەعید، ئاماژەی بە هۆکاری پەیوەندییەکان کرد و وتی: 26 پەیوەندی بۆ وەرگرتنی زانیاری بووە و 133 پەیوەندی ڕابواردن(ازعاج کردن) بووە و 334 پەیوەندی کێشەیان هەبووە و 2 هەزار و 491 پەیوەندی بێدەنگ بوون لە کاتی پەیوەندیەکەدا و 175 پەیوەندی بۆ کێشەی ئاوارەکان بووە و هەزار و 89 پەیوەدنی هەڵە بووە و 270 پەیوەندیش هۆکاری تر بووە.
هیوا، باسی لەوەشکرد:"کێشەی پەیوەندییە وەرگیراوەکان 144 پەیوەندییان کێشەی خێزانی بووە و 10 پەیوەندییان کێشەی کۆمەڵگا بووە و 51 پەیوەندییان کێشەی پەروەردە و فێرکردن بووە و 211 کێشەی تەندروستی بووە و 7 کێشەی یاسایی و 4 پەیوەندیشیان تایبەت بووە بە دەستدرێژی سێکسی و بازرگانی پێوەکردن، وە 33 پەیوەندیش کێشەی سۆزداری بووە و 36 کێشەی تر بووە".
ناوبراو، ڕاشیگەیاند: ئاماری ڕەگەزی ئەو منداڵانەی کە کێشەیان هەبووە بریتی بووە لە 190 نێر و 306 مێ، وە ئاماری ئەوانەی پەیوەندیان کردووە هەزار و 332 نێر و 862 مێ.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنیوز لەبارەی ئەوەی کە تا ئێستا کێشەی چەند منداڵ چارەسەرکراوە و چەند کەس دراونەتە دادگا کە کاری توندوتیژیان بەرامبەر بە منداڵان کردووە، لێپرسراوی هێڵی فریاکەوتنی منداڵ 116، وتی: ئامارێکی وردم لەبەردەست نیە، بەڵام ئێمە دوای وەرگرتنی پەیوەندیەکان کەیسەکە ڕەوانەی دامەزراوەی پەیوەندیدار دەکەین و ئەوان بەدواداچوون بۆ کێشەکان دەکات.
هێڵی فریاکەوتنی منداڵ(116) ئەو هێڵێکی گەرمە و خزمەتگوزاری ڕێنمایی دەروونی و کۆمەڵایەتی پەروەردەیی و تەندروستی و فیسیۆلۆژی و یاسایی پێشکەش بە منداڵان دەکات.
هێڵی 116 کاردەکات بە هاوکاری و هەماهەنگی سەرجەم وەزارەت و ڕێکخراوە حکومی و ناحکومی و سەنتەر و سەندیکا پیشەیەکانەوە ئەوانەی کار لە بواری پارێزگاری کردنی منداڵاندا دەکەن.
24-01-2017