دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی گەلان (#هەدەپە#) ئاشکرایدەکات، لە دوای شکانی ئاگربەستی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا تا ئێستا، زیاتر لە 12هەزار ئەندام و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی هەدەپە لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون و خراونەتە زیندانەکانەوە.
ئەبد ئیکە، هاوسەرۆکی نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە کۆتایی مانگی تەموزی 2015وە تورکیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر گەریلاکانی پەکەکە لەو کاتەوەش پرۆسەی ئاشتی بە تەواوی کۆتایهات، پاشان ئاکەپە و ئەردۆغان لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەکانەوە هەڵمەتێکی ڕاوەدونان و دەسگیرکردنیان دژی خەڵکی کورد لە باکوری کوردستان دەستپێکرد و هەزاران خەڵکیان خستە زیندانەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ساتی دەسپێکردنەوەی شەڕ و شکانی ئاگربەستەوە تاکو ئێستا، تورکیا بەبیانوی بێ مانا زیاتر لە 12هەزار کەسی لە ئەندام، بەرپرس، بەڕێوەبەر، هاوسەرۆک شارەوانی و پەرلەمانتارانی هەدەپەی دەسگیرکردوە لەنێویاندا هاوسەرۆکانی ئێمە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوگسەکداغ خراونەتە زیندان.
وتیشیلە نێو ئەو دەسگیرکراوانەدا 104هاوسەرۆک شارەوانی هەدەپەی تێدان و ئێستا لە زیندانن.
ئەو نوێنەرەی هەدەپە جەختی لەسەر ئەوەشکردوە کە تورکیا بەهیچ شێوەیەک ڕێز لە دەستورو یاساو بنەماکانی مافی مرۆڤ ناگرێت و بەردەوامیشە لە پێشێلکردنی ماف و ئازدایەکانی خەڵکی باکوری کوردستان و یاسای بەتەواوی ژێر پێخستوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر هەموو هەدەپەش بخرێنە زیندانەکانی تورکیاوە ئەوان دەسەبەرداری دۆزی گەلی کورد نابن و بەردەوام دەبن لە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی.
07-06-2017