لە ساڵی 1990 لە شاری #سنە#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و ئێستە لە #تاران# دەژی. بەشداری چەندان فیلمی سینەمایی کردووە کە دیارترینیان فیلمی سینەمایی ڕەشەبا بوو و تیایدا ڕۆڵی کچە ئێزیدییەک دەبینێت کە لەلایەن داعشەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر.
کچی گۆرانیبێژێکی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#ە، ئێستە لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران لە بواری دەرهێنەریی (director) دەخوێنێت و پێشتریش لە مهاباد و #ورمێ# بەشی گەشتیاریی تەواو کردووە.
پێش ئەوەی دەست بە کاری هونەری بکات، زۆر حەزی لە شانۆی منداڵ و بووک بوو کە ئەوکات تەمەنی زۆر بچووک بووە، دواتر لە ساڵی 2011 هاتووەتە ناو دنیای هونەرەوە و لە ساڵی 2011 لە شانۆگەرییەوە دەستی پێکرد تا ساڵی 2013، بەڵام لە ساڵی 2013دا یەکەم کاری وێنەگری و سینەمایی دەست پێکرد و تا ئێستە بەشداریی چەندان دراما و فیلمی سینەمایی کردووە و چەندان ڕۆڵی جیاوازیشم بینیوە.
بەشداریی پێنج شانۆی لە فێستیڤاڵی تاران کردووە، لە سێ دراما لە ورمێ بەشدار بووە، جگە لەوەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سنە کورتە فیلمێکی هەیە لە دەرهێنانی #سۆران ئیبراهیم# و لە شاری مەهاباد کورتە فیلمێکی تری سینەمایی هەیە لە دەرهێنانی #شیلان سەعدی#، هاوکات لە باشووری کوردستان بەشداری دوو فیلمی سینەمایی کردووە کە یەکیان لە دەرهێنانی #شەوکەت ئەمین# و ئەویتر بەناوی ڕەشەبا لە دەرهێنانی #حوسێن حەسەن#، لە هەمانکاتدا لە باکوری کوردستانیش لە شاری ماردین بەشداری فیلمێکی سینەمایی کردووە لە دەرهێنانی #شەهرام عەلیدی#، لە ئەڵمانیا بەشداری چەند فیلمێک کردووە، سەرەڕای ئەو کارانەش دووجار کاری پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنی کردووە.