ئەندامێکی ئەنجوومەنی قەزای #خورماتوو# ڕایدەگەیێنێ، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ خورماتوو زیادیکردووە و دەڵێت 60% یان گەڕاونەتەوە.
کەمال ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای خورماتوو بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند: ڕۆژ بە ڕۆژ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ قەزای خورماتوو زیاددەکات، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە، تاوەکو ئێستا 60% ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە خورماتوو، بەزۆریش دانیشتووانی گەڕەکی کۆماری دەگەڕێنەوە، لە گەڕەکی ڕزگاریش ناسراو بە (جەمیلە) هەندێ خانووی کورد داگیرکراون، بەڵام بەڵێنی ئەوەمان وەرگرتووە لەگەڵ گەڕانەوەی هەر ماڵێک خانووەکەی ڕادەستدەکرێتەوە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی قەزای خورماتوو هۆکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دۆسیەی ئەمنی خورماتوو ڕادەستی پۆلیسی وەڵامدانەوەی خێرا کراوە. گوتیشی: بوونی پۆلیسی وەڵامدانەوەی خێرا لەنێو خورماتوو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان هەبووە.
کەمال ئەحمەد باسی لەوەش کرد کە گرفتی سەرەکی ئەوان لەگەڵ تورکمانەکانە کە 80% ی دەزگا ئەمنییەکانی قەزاکەیان بەدەستەوەیە و گوتی: بۆ هاوسەنگکردنەوەی ئەو حاڵەتە بە بڕیاری قاسم ئەعرەجی، وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیارە 100 پۆلیس بۆ نەتەوەی عەرەب و 100 پۆلیسیش بۆ کورد دابمەزرێن، ئێستا بەکردار دەست بە ناونووسین کراوە بۆ دامەزاندنی ئەو پۆلیسانە.
قەزای خورماتوو سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە و نزیکەی 100 کلیۆمەتر لە سەنتەری پارێزگاکەوە دوورە، ڕێژەی دانیشتووانەکەی بە شارۆچکە و گوندەکانییەوە نزیکەی 220 هەزار کەس دەبێت، کورد 55% و عەرەب 15% و تورکمانیش 30% شارۆچکەکە پێکدەهێنن.
لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 بەهۆی هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ خورماتوو، دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی کوردی خورماتوو ئاوارەبوون، بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی قەزای خورماتووش بەشێکی زۆری ئاوارەکان گەڕاونەتەوە قەزاکە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی مەیدانی (رووداو) چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو زۆرترین پێشێلکارییان بەرامبەر کوردانی قەزاکە کردووە، دەیان ماڵی کوردیان دوای تاڵانکردن و سووتاندن تەقاندوونەتەوە، لەو کاتیشەوە ئارامی لە خورماتوو تێکچووە.[1]
#29-01-2018#