(ئێمە بە منەتداری و ڕێزدارییەوە یادی هەموو ئه و مرۆڤانەی کۆمەڵگەی ئێزدیی خۆمان دەکەینەوە کە لە فەرمانی 74ی 3ی ئابی 2014 شەهید بوون، جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە کە ئه و ژن و منداڵانەی ڕفێندراون سوێندنی تێکۆشانی ئێمەن. کۆمەڵگەی ئێمەی ئێزدی لەبەرئەوەی خاوەنی مێژوویەکی پتەوە و یەکێکە لە کۆمەڵگە دێرینەکان، سەرەڕای 74 فەرمان واتە کۆمەڵکوژی و جینۆساید هەبوونی خۆی پاراستووە و خۆی گەیاندووەتە ئەم سەردەمە. هێرش دژی کۆمەڵگەی ئێزدی، هێرشە لە دژی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی ناوین. هەر بۆیە ئەمە خیانەتە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین. لەبەرئەوەیە ڕێبەر ئاپۆ خاوەندارەتیکردن لە ئێزدییەکانی وەک خاوەندارەتیکردن لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی گەلی کورد بینیوە و بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر ئێزدییەکانیشی بە قەرزێکی مرۆڤایەتی داناوە.
هەموو کەس بە ناوی مرۆڤایەتی قەرزباری ئێزدییەکانە
بەر لە 3ی ئابی 2014 زۆر ئاماژە هەبوون کە نیشانیان دەدا ئەم کۆمەڵکوژییە ڕوودەدات. لە ئابی 2007دا بە 4 کامیۆنی بۆمبڕێژکراو 500 شەنگالی کوژران. ئەمە دەریخستبوو کە ئێزدی بوونەتە ئامانج. هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی 2014ش دەربارەی مەترسیی کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان هۆشداری دابوو. هێزەکانی گەریلا ویستیان بەم هۆشیارییەوە ڕێوشوێن بگرنەبەر، بەڵام ڕێگرییان لێ کرا. ڕێبەر ئاپۆ هەر زوو لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە ئەم فەرمانەی بینی، بۆیە هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد، وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و مرۆڤایەتی بەرپرسیارن لە بەرانبەر ئەم کۆمەڵکوژییە. هەموو کەس بە ناوی مرۆڤایەتی قەرزباری ئێزدییەکانە.
خۆسەپاندن بەسەر ئێزدییەکان، بێڕێزییە
هەموو مرۆڤایەتی بەتایبەتیش کورد، بە پاراستنی زمان، کولتوور، باوەڕی، هەبوون و ناسنامەی ئێزدییەکان دەتوانن ئەم قەرزەی خۆیان بدەنەوە. ئەمەش بە ئافراندنی ژیانێکی دیموکرات و ئازاد بۆ ئێزدییەکان دەبێت. بۆ ئەوەی جارێکی دیکە فەرمانێکی دیکە لە دژیان نەکرێت، ئێزدی دەیانەوێت لەسەر خاکی خۆیان بەشێوەیەکی سەربەخۆ بژین و خۆیان بپارێزن. بۆ ئه و مەبەستەش وەک کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕێکخراو هەوڵ دەدەن سەربەخۆیی خۆیان بەدیبێنن. لە ڕێی یەبەشە-یەژەشە خۆیان دەپارێزن و بە ئەنجومەنەکانی خۆیشیان خۆیان بەڕێوەدەبەن.
فەرمانی 74 کە بەسەر ئێزدییەکان هێنرا، دەکەوێتە ساڵی پێنجەمییەوە. لە ساڵی پێنجەمیندا، ئه و ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانی گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتی ئەوەیە کە خاوەندارەتی لە ژیانی خۆسەری ئێزدییەکان بکەن و پشتگیرییان لێ بکەن. هەتاکو ئەمە نەکرێت، خاوەندارەتی لە ئێزدییەکان ناکرێت. لە ڕێی پارە خۆسەپاندن بەسەر ئێزدییەکان بە مانای بێڕێزیکردن بە کۆمەڵگەی ئێزدی و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین دێت. ئەگەر ویژدان، دادپەروەری، یەکسانی و ئەخلاقی ڕۆژهەڵاتی ناوین زیندوو بکرێتەوە، مەرجی یەکەمی ئەوەیە کە دەبێت ڕێز لە ژیانی دیموکراتی و ئازادی ئێزدییەکان بگیرێت. کاتێک ئێمە باسی بەهاکانی ئازادی و دیموکراتی دەکەین، تاقیکردنەوەی سەرەتای ئەمە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێزدییەکان دەردەکەوێت.
ئەگەر ئێزدی لەسەر بنەمای خۆسەری ببنە خاوەنی ژیانێکی دیموکرات و ئازاد، باشووری کوردستان و عێراقیش دەبێتە خاوەنی ژیانێکی دیموکرات و ئازاد. کۆتاییهێنان بە فەرمانی سەر ئێزدییەکان بە واتای کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی و زەختەکانی سەر هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. هەبوون و ژیانی ئازادی ئێزدییەکان هەمیشە بۆ ڕێبەر ئاپۆ گرینگ بووە. لەبەرئەوە دەستنیشانی کردووە کە داستانی دەروێش و ئەدوولێ داستانی تراژیدی و ئێشی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. داستانی مەم و زین و دەروێش و ئەدوولێی وەک ڕابردوو و بەهای بنەڕەتیی کولتووری کوردان بینیوە. تێکۆشانی ئازادی بە پێشەنگایەتی #پەکەکە#شی وەک هەوڵدان بۆ به یەکترگەیاندنی دەروێش و ئەدوولێ، مەم و زین ناوبردووە. تێکۆشانی ئازادیی پەکەکەی وەک تێکۆشانی ئافراندنی عەشقی ڕاستەقینە لەنێو بارودۆخێکی ئازاد و دیموکراتدا لەم جوگرافیایە هەڵسەنگاندووە.
فەرمانی 74 بۆ ئێزدییەکان، هەموو کوردان، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەواوی مرۆڤایەتی بووە بە وانەیەکی گەورە. لەسەر بنەمای ئەم وانە مێژووییە، قەرز و بەرپرسیارەتیی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەکانە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەواوی جیهان ژیانێکی دیموکرات و ئازاد بونیاد بنێن کە پشت بە نەتەوەی دیموکراتی ببەستێت. ئەرکی مێژوویی سەدەی بیستە کە بەرخۆدان و زیهنیەتی 12 گەریلای فیدایی لە شەنگال لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوین بڵاوبکرێتەوە و هەست و حەسرەتی مەم و زین، دەروێش و ئەدوولێ بەدیبهێنرێت. چارەنووسی ڕەش و تاریکی کوردان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تێکۆشینی کۆمەڵگەپارێز، دیموکراتی و ئازادی دەتوانرێت کۆتایی پێبهێنرێت.
هەزاران دەروێش و ئەدوولێ هەن لە چیاکانی کوردستان
هەرچەندە ڕۆژی 3ی ئابی 2014 فەرمانی 74 لە دژی کۆمەڵگەی ئێمەی ئێزدی کرا، بەڵام کۆمەڵگەی ئێزدی لەپێناو گۆڕینی چارەنووسی ڕەش و تاریک ئەمەی کردووەتە سەردەمێکی دیارکەر. بە هۆشمەندی ئەم فەرمانە، ڕاستییەکی ئێزدییەکان دەئافرێنرێت کە جارێکی دیکە ڕێ بە فەرمانەکان نەدات. دەروێش و ئەدوولێ ئیدی لە ستارگە خۆش دەخەون، چونکە لە شەنگال و تەواوی چیاکانی کوردستان هەزاران دەروێش و ئەدوولێ هەن.
لە ساڵیادی فەرمانی 74دا، بانگ لە گەلی کورد و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکەین کە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی گەش بکەن و لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە شوێن و واری ئەخلاق، ویژدان، دادپەروەری، یەکسانی و ڕەوایەتییە، ژیانی ئازاد و دیموکرات بئافرێنن و ئێرە سەرلەنوێ بکەنە جوگرافیای شارستانەتیی دیموکراتی مرۆڤایەتی.)
#02-08-2018#