دواڕۆژ، ڕاپۆرت، سیروان حەسەن
ئەگەرچی #کەلار# لەرووی ئیدارییەوە پارێزگا نییە، بەڵام کەرتی زەوی و خانووبەرە سەرەڕای قەیرانی دارایی لەگەشەسەندنی بەردەوامدایە، سەرۆکی شارەوانی کەلاریش دەڵێت گرانی زەوی بازرگانیی بەوشێوەیە نییە و زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەکرێت، چونکە ئەگەر نرخی پارچە زەوییەک لە ناوەراستی بازاڕی کەلار لەگەڵ بازاری #سلێمانی# بەراورد بکەی ڕەنگە ئەوەی سلێمانی گرانتربێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەناو بازاڕی شاری کەلار زەوییەک بە ڕووبەری 282 مەتر بە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار فرۆشراوە و کە هەر مەترێکی دەکاتە زیاتر لە پێنج هەزار دۆلار.
حاجی فەتاح حەمە ئەمین، بازرگانی کڕێن و فرۆشتنی زەوی، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند؛ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر 282 مەتر زەوی لە بازاڕی کەلار کڕیوە، بە یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار، ئەمەش بەهۆی ئەوەی زەوییەکە بازرگانییە.
وتیشی، لە ڕاستیدا ئه و زەوییە قەبارەی پارەکەی نییە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەیە، کەسانێک هەیە پارەدارن و پێیانباشە موڵک بکڕن، چونکە ئه و موڵکە لە زۆر ئیش و کاری دیکە باشترە و دەکرێتە بیناو کرێی مانگانەی هەیە و هەروەها دەمێنێتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ ماوەیەک لەمەوبەر لە ناو بازاری کەلار، زەوییەکی دیکە کە ڕووبەرەکەی 160 مەتر بووە، بە 470 هەزار دۆلار فرۆشراوە، ئه و زەوییە ئەگەر بکرێتە دوکانیش مانگانە داهاتی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر نابێت، بەوەش داهاتی بە گوێرەی پارەی کڕینەکەی نییە.
حاجی فەتاح باسیشی لەوەکرد، زەوی بازرگانی گرانە و لە هەموو ناوچەیەکیش هەر بەوشێوەیەیە، بەڵام کەلار وەکو ئەوەی ناوەندی ئیدارەی #گەرمیان# و چەقی ناوچەکەیە، بوەتە شوێنی کۆبونەوەی خەڵک و بازرگانی و زۆرلایەنی دیکە، بۆیە تارادەیەک زەوی نرخی بەرز و گرانە.
کەلار لە ڕووی جوگرافییەوە بوەتە ناوەندی ناوەچەی گەرمیان و ناوەندێکی بازرگانییە نێوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئێران. هاوکات لە دوای ساڵی 1991 بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئاوارەبوونی کوردەکانی سنوری #خانەقین#، لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسیش، کوردەکانی بەغدا و ئەنبار و شارەکانی باشورو هەروەها هاتنی عەرەبێکی زۆر بۆ ناوچەکە وایکردوە شارەکە ببێتە شارێکی گەورە و نرخی زەوی گران بێت.
هونەر عەلی، ڕۆژنامەنووسی ئابووری بە دواڕۆژی ڕاگەیاند؛ چەند هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی نرخی زەوی بازرگانی و زەوی ئاسایی گران و بەرز بێت، لەوانە بچوکبوونەوەی بازاڕی کەلار بۆ یەک شوێن، ئەو شوێنەش لە سەرەتای دروستبوونی شاری کەلار بنیاتنراوە و زۆر بچوکە و لۆدی زۆری لەسەرە، هەروەها دابەش نەکردنی زەوی، هاتنی کوردەکانی شاری خانەقین و #جەلەولا# و #کفری# قەزاو ناحیەکانی ئەو ناوچانەی کە کوردنشینن و ئێستا بەدەستی حکومەتی عێراقن و بارودۆخیان ئاڵۆزە، ئەمە جگە لە ئاوارەی عەرەب.
وتیشی، هۆکارێکی دیکەی گرانی نرخی زەوی، دەگەرێتەوە بۆ بوونی مەرزێکی نێودەوڵەتی کە سەدان هاووڵاتی ناوچەکە لە مەرزەکە کاردەکەن. هاوکات بنیاتنانی هەیکەلی ئیداری گەرمیان لە شاری کەلار و دروستبونی چەند بەڕێوبەرایەتییەکی گشتی لە ناوشارو هاتنی فەرمانبەرانی ناوچەکانی تر بۆ کەلار هۆکاری دیکەن.
ئه و ڕۆژنامەنووسە ووتیشی ڕاستە نرخی زەوی گرانە، بەڵام به و شێوەیەش نییە کە لە ڕاگەیاندن و کەسانێک لە بەر بەرژەوەندی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، چونکە ئەگەر بەراورد بکەین لەگەڵ شارەکانی دیکە، زەوی بازرگانیی لە هەموو شوێنێک نرخی بەرزە و زۆر شوێنیش هەن لە کەلار گرانترە.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، سەرەڕای ئەوەی خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە کەلار کردووە، بەڵام تا ئێستا سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی تێدا کراوە و ئەمەش بارگرانی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە.
ستار ئەحمەد، کە پیشەی مامۆستایە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند؛ دابەشنەکردنی زەوی لە کەلار و ڕێگەنەدان بە پڕۆژەی وەبەرهێنان، هۆکارێکی سەرەکی بوو لە ساڵانی ڕابردوودا نرخی زەوی ئاسایی ڕۆژانە بەرزبێتەوە.
ئه و هاووڵاتییە باسی لەوەشکرد، خودی ئەوانەی له و بوارەدا کار دەکەن لەگەڵ ژمارەیەکی بەرپرسی دیکە دەستیان لە بەرزبونەوەی زەوی هەیە لە ناوچەکەدا لەلایەکەوە بەرپرسان ڕێگە بەپرۆژەی نیشتەجێ بوون نادەن، لەلایەکی دیکەشەوە دەستیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناراست لەبارەی نرخی زەوییەوە بە تایبەتی زەوی بازرگانی هەیە.
عومەر ئەحمەد، بەرێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند؛ هۆکاری گرانی نرخی زەوی لە کەلار پەیوەندی بە دوو هۆکارەوە هەیە لەوانە دابەشنەکردنی زەوی و نەبوونی پڕۆژەی وەربەهێنان لە ڕابردوودا. هاوکات کەلار بەهۆی هاوسنوری لەگەڵ شارەکانی عێراق و ئێران وایکردوەتە دەوازەیەکی گرنگی بازرگانی بێت.
بەرێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا 28 پڕۆژە چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە سێکتەرەکانی بازرگانی و نیشتەجێبوونیشی لەخۆدەگرێت. هاوکات سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دیکەش لە مامەڵه و وەرگرتنی مۆڵەتدایە، بەجێبەجێکردنی ئه و پڕۆژانەش نرخی زەوی لە شارەکە دێتە خوارەوە.
کەلار بەبەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە زۆتر گەشەی کرد، کە بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە ئەم ناوچەیە بەهۆی دەروازەکانی لەگەڵ عێراق و ئێران بووەتە ناوەندێکی بازرگانی و شوێنی کارکردن، خەڵکێکی زۆر لە قەزاو ناحیەکانی دیکەوە ڕووی تێدەکەن.
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانی کەلار بۆ دواڕۆژی وتی بەهۆی دابەشنەکردنی زەوی کە لە ساڵی 2006ەوە ڕاگیراوە، هەروەها کەمی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کە تەنها سێ پڕۆژە لە کەلار کراوە ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون و گرانی زەوی لە سنوری شاری کەلار.
باسیشی لەوەکرد، کە گرانی زەوی بازرگانی بەوشێوەیە نییە و زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەکرێت، چونکە ئەگەر نرخی پارچە زەوییەک لە ناوەراستی بازاڕی کەلار لەگەڵ بازاری سلێمانی بەراورد بکەی ڕەنگە ئەوەی سلێمانی گرانتربێت و ئەوەش شتێکی ئاساییە.
سەرۆکی شارەوانی کەلار ڕاشیگەیاند؛ بە وەرگرتنی مۆڵەت بۆ پڕۆژەی مامۆستایان و کارکردن بۆ دوو سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دیکە، نرخی زەوی لە شارەکە دادەبەزێت و ڕۆڵی باشیان دەبێت لە ڕووی دابەزاندنی نرخ و چارەسەربوونی کێشەی نیشتەجێبوون.
کەلار 48 ساڵ لەمەوبەر کراوەتە قەزا، لە ئێستادا ناوەندی ئیدارەی گەرمیانه و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 270 هەزار کەسە.[1]
#03-09-2018#