ئایین لە باڵایی خۆیدا هیچ نیە جگە لە جوانیی. هونەر لە باڵایی خۆیدا هیچ نیە جگە لە جوانیی. ئەم دووانە نەک دژنین، بەڵکو لە باڵایی خۆیاندا هەر یەکێکن و هەر جوانین، بۆیە ئەتوانن لە ئینسانێکدا کۆببنەوە، وەکئەوەی کە لە مەولاناو نالی و مەحوی..دا کۆبۆتەوە.
ئەی ئەو هونەرو دینە کامەن کە دژن و کۆنابنەوە؟ بێگومان ئەو هونەرو دینەن کە نزمن و باڵانین.
دینی نزمیش، پێشئەوەی دژی شتێکی تر بێت، دژی دین خۆیەتی لە فۆڕمە باڵاکەیدا، بۆیە هەرچی ئینسانی جوانی دینی هەیە لە مێژوودا، هەموویان دەربەدەرو کوشتەی دەستی خودی دەسەڵاتی دینی و کۆمەڵگای دینی بوون.
هونەری نزمیش، پێشئەوەی دژی شتێکی تربێت، دژی هونەر خۆیەتی لە فۆڕمە باڵاکەیدا، بۆیە هونەری بەرزو هونەری نزم، لەدنیایەکدا جێیان نابێتەوەو دواجار هەر یەکێکیان و بەرزەکە ئەمێنێتەوە.
بەرزەکان لەوەدا بەرزن کە سەر بە جیهانی مانان و نزمەکان لەوەدا نزمن کە سەربە جیهانی ڕووکەشن. نالی وتەنیش هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مەعنا ئەکا. کە تالبی مەعناشبوویت ئیتر دین و هونەر هەر یەکێکەو دووان نین تا دژبن! مەسەلەن مەولانا، دین و شیعرەکانی هەر یەکێنن، دوو شتی جیانین.
بەڵام لە نزمی و لە جیهانی ڕووکەشدا، ئیتر تۆ ناتوانیت کۆکەرەوەبیت و شتەکان کۆکەیتەوە! بۆیە کابرای سەلەفی ناتوانێ لەهەمان کاتا شاعیریشبێت! بۆیە کابرای هونەرمەندی تیجاری، هەر تەنیا چاومانی بۆ هەڵئەخەڵەتێ و ناتوانێ ڕۆحیشمان داگیربکات!
لە ڕووکەشبازیدا کارت بە دابەشکاری و جیاکاری ئەڕوا، بۆیە بەردەوام ئیشت بە ڕقەو خەتەکانی پێ تۆخئەکەیەتەوە!
لە ماناکاریدا، کارت بەخودی مانا هەیەو هیچی تر. ئەم خۆشەویستییەت بۆ مانا، بەشی خۆشویستنی هەموو شتەکان ئەکاو کارت بە جیاکاریی نامێنێ، چونکە ماناو جەوهەر بنەمایەو ئەگەر شتێک لە ڕەگدا کۆببێتەوە، ئیتر تۆ کێشەت نابێ ئەگەر لە لقدا جیاشببنەوە!
داهێنان و تەجروبە جوان و باڵاکان، تەجروبەی فەردین، تەجروبەی فەردیش یەعنی ئینسان خۆی و عەقڵی خۆی.
دۆزینەوەی هێزی کێشکردن، بەرهەمی زانکۆو قەرەباڵغیی نەبوو، بەرهەمی بیرکردنەوەی کابرایەکی تەنیا بوو لەژێر دارسێوێکا.
هەموو ئینسانە دیینییە جوانەکانی مێژووش، ئەوانەن کە خاوەنی ئەزموونی فەردین و ئەوانەن کە شتێکیان لەناوەوەی خۆیانەوە هێناوەتە دەرەوە، نەک ئەو فۆڕمەی دینداری، کە خۆت بکەی بە حاوییەو بەردەوام زبڵی دەرەوەی تێ فڕێدەیت!
دینی مانا نەترسانە لە تەنیابوونەوە، نەترسانە لە بیرکردنەوە، نەترسانە لە دەستبەربوون لە جەماعەت.. دینی ڕووکەش ڕێک عەکسەکەیەتی و هیچ نیە جگە لە ترساندنی تۆ، لە تەنیابوونەوەو لە بیرکردنەوەو لەدەستبەربوون لە جەماعەت!
دینی ڕاستەقینەو هونەری ڕاستەقینە، هەردوکیان لە یەک سەرچاوەوە دێن و لەهەمان خاڵدا پێیانئەگەیت، ئەویش ساتی تەنیابوونەوەو بەرکەوتنە لەگەڵ عەقڵ و بیرکردنەوەو جیهانەکەی ناوەوەی خۆت.
دینی پەرستگاو دەوڵەت و حیزب و جەماعەت.. لەمانەدا تۆ ناتوانی جوانیی و باڵایی بچنیتەوە، چونکە چەقی ئەمانە (ڕووکەش و ئەویترە)! تۆش تەنیا (لە ماناو لە خۆتدا) ئەتوانی سەربە جوانیی و باڵایی بیت! لە ڕووکەش و لەویتردا هەر خەریکی ڕقبەخشینەوەو سەنگەرگرتنیت، هەر خەریکی دابەشکردنی دنیایت بۆ ڕەش و سپی، لەکاتێکا هەمان ئەو جووتدژانەی دنیای دەرەوەی پێ دابەش و ناشرین ئەکەیت، ئەتوانی لەناو خۆتدا کۆیانبکەیتەوەو جوانیی لێدروستبکەیت!
لەڕاستیداو لە باڵاییدا، ژن و ژیان و هونەرو ژینگەو زانست و سەماو خودا.. هەمووی یەکێکەو هەر جوانییە. ئەمانە تەنیا لە نزمایی و لە گرگنیدا ئەبنە شتی جیاو ئەکەونە دژو بەرامبەری یەک.
لەڕاستیدا زۆرێک لەوانەی کە (لەوداو لە بیرنەکردنەوەداو لە ڕووکەشدا) کراون بە دوژمنمان، (لە عەقڵداو لە خۆتداو لە مانادا) ئەکرێ دۆستمانبن!!
دینی ڕووکەش هیچ نیە جگە لە قسەکردن و حوکمدان لەسەر (ئەو). ئەم ئەوە نەبێت سیحری شتەکە بەتاڵئەبێتەوە، لەکاتێکا دینی ڕاستییی و مانا، ئەوەیە کە بۆ تۆیە، نەک بۆ ئەو!
هونەری ڕاستەقینەش بەهەمان شێوە، ئەونەی پێویستییەکەی ڕۆحیی هونەرمەند خۆیەتی، ئەونە شتێک نیە بۆ ئەوانیتر، ئەگەرچی دواتر بەکاریگەریی بەر ئەوانیش ئەکەوێ!
بەڵام هونەری تیجاریی هەر لەئەساسەوە شتەکە بۆ ئەوەو بە فلتەری ڕۆحی یەکەمدا نەڕۆشتووە، بۆیە بەر ڕۆحی دووەم ناکەوێ و نامێنێتەوە.
ئەمەوێ بڵێم هیچ بەقەت دینی ڕووکەش و هونەری ڕووکەش و سیاسەتی ڕووکەش و کارکردن لەسەر ئەوەکان، منەکانی نەشێواند! هیچیش بەقەت دەستهەڵگرت (لەو)و کارکردن لەسەر (خۆ) مانادارنیە[1].