بۆ #پارتی دیموکراتی کوردستان#
جێگەی نیگەرانیی قووڵمانە کە بەبێ هیچ پاساوێک، ئەمڕۆ 20 \ 3\ 2020، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردۆتەوە که بەشی هەرەزۆری هێرشکردنە بۆ سەر بەڕێز هەڤاڵ #لاهور شێخ جەنگی#، هاوسەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#. هەر ئەمڕۆ، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێک دا لەسەر دەزگای زانیاری، دووبارە و بەمەبەست و بە خراپ ناوی بەڕێزیانی هێناوە و خۆی خستۆتە ئاستی لایەنداریی نەک بێ لایەنی.
بۆ ئاگاداریی هەموو لایەک، ئاژانسی زانیاری بە فەرمی بەشێکە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لەسەرەتای ئەمساڵ و لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی، بەڕێز هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دامەزراوەکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایش نەماوە. هەرچەند ئەم گۆڕانکارییانە، پاساو نادات بە پەلاماردانی ئاژانسی زانیاری لەلایەن ئاسایشی #هەولێر#ەوە، بەڵام جێی سەرسوڕمانە ئەگەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی ئاسایش ئاگاداری ئه و گۆڕانکاریانە نەبن.
ئایا لەم کاتەدا چ سودێک دەبینرێت لە هەڵگیرساندنی ئاژاوە لەنێوان سەرکردایەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی سەر بە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها جێگەی پرسیاریشە، که ئایا پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە چ مەرامێک، گوتارێکی سیاسی لەم جۆرە، لەدژی سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڕێوە دەبات. بەتایبەت لەم دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەدا کە گەلەکەمان لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە تەبایی و یەکڕزیی و پێکەوە ژیان هەبووە.
ئەم شێوازە لە پەیوەندیی سیاسی، ئەگەر ئەمە سیاسەتی پارتی بێت، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەره و چارەنووسی نادیار دەبات و، هەڵوەستەی جدیمان پێ دەکات لەسەر ڕاستگۆیی پارتی بۆ شەراکەتی سیاسی و، ئایندەی ڕەوایی مانەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیشمان دەخاتە بەردەم پرسیار و مەترسی.
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#20-03-2020#