بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای #سلێمانی#
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبۆوە. لە کۆبوونەوەکەدا بەوردیی گفتوگۆو هەڵسەنگاندن بۆ میکانیزم و ڕێکارەکانی باشتر خۆپارێزیی و چارەسەرسازیی پەتای کۆرۆنا کرا.
لە کۆتاییدا بڕیار لەسەر ئەم خاڵانە دران و پێویستە هەموو لایەک بەتەواوی پابەندبن بە جێبەجێکردنیانەوە:
- بەپێی ئاماژە تەندروستیەکان، ئێستا لە قۆناغێکی هەستیارو زۆر مەترسیداری بڵاوبوونەوەو تووشبوونی پەتای کۆرۆناداین، بۆیە پێویستە هەموولایەک باشترو وردترو بە هەناسەیەکی درێژترەوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوەو لەڕووی تەندروستی و خۆپارێزییەوە خۆیان بۆماوەیەکی درێژتر لەوەی چاوەڕواندەکرا ئامادە بکەن. ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر، کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامییەکان نەبێت.
- پێویستە هاووڵاتیان چ بە پێ چ بە ئۆتۆمبێل و هەر هۆکارێکی تر، هاتنە دەرەوەو هاتووچۆکردن بەتەواوی ڕابگرن و تەنها لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت نەیەنە دەرەوە، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوکەسانەش دەگیرێتەبەر کە ڕەوشی قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە هەر شوێنێکدا تێکبدەن (کۆڵان، گەڕەک، شەقام، شارو شارۆچکەکاندا).
- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەبەردەوامیی زانیاریی و ڕێنمایی دروست و ڕاست بەشێوەیەکی شەفافانەو ئاشکرایانە لەسەر ڕەوشی پەتاکەو کەیسەکان و دۆخی تەشەنەسەندنی بڵاودەکاتەوە، تەنها سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە دەبێت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا، بەتایبەتی کە لایەنی تەندروستی لە عێراق و هەرێمدا متمانەی تەواویان بە ڕێکار و پشکنینەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەخشیوە، متمانەی تەواوتان بە ڕێکارو ئاکامی پشکنینەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هەبێت.
- هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە ژمارەی تووشبووان لە هەڵکشاندایە، بۆئەوەی ئێوە نەبن بە یەکێک لەو تووشبووانەو دەرفەتی چارەسەرکردن بە تووشبووەکان ببەخشن، پێویستە لە ماڵەکانتاندا بمێننەوەو پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستیەکان بکەن، کە تەنها چارەسەری سەرەکیی ئەم پەتایەیە.
- ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر هەر کەسێکدا لە هەر پلەوپایەو پۆستێکدا بێت دەگیرێتەبەر، گەر دەستبخاتە ناو کاری دامودەزگا تەندروستیەکانەوە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان هیچ کەسێکدا ناکرێت و کەرتی تەندروستی بە ئەمانەتەوە خزمەتی هەموو کەسێک دەکات.
- یەکە کارگێڕییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردران بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ڕێوشوێنی کارکردن لە بوارەکانی (خواردنی خێرا، نۆڕینگەکان) دیاریبکەن.
- هەر هاتووچۆیەکی پێویست لەنێوان یەکە کارگێڕییەکاندا لە سەعات (12)ی شەو بۆ (6)ی بەیانی دەبێت و هیچ مۆڵەتێکی ڕێگەپێدان لەنێوان یەکە کارگێڕییەکاندا ناکرێت، بە ئاگاداریی ڕاستەوخۆی پارێزگای سلێمانی نەبێت.
- بڕی پێویستی (سوتەمەنی، خۆراک، پێداویستیە سەرەکیەکان، سەوزەو میوە) دابین کراون و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەردەوامن، یەکە کارگێڕییەکان لەڕێی لیژنەکانیانەوە چاودێری وردی نرخ و کوالێتی و قەبارەی خستنەڕوویان دەکەن و هەرکەسێک هەوڵی قۆرخکاریی و شاردنەوەی کاڵا بدات، سزای یاسایی توند دەدرێت.
- لیژنەی ئارامیی یەکە کارگێڕییەکان ڕاسپێردران، لەسەر بنەمای پێشهاتە نوێکانی ئەم پەتایە، پلان و ڕێکاری نوێ بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان دابڕێژنەوە.
- نەخۆشخانە ڕاوێژکارییەکانی (ددان) لە سلێمانیدا ڕۆژانە بەدرێژایی (24) سەعات خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەن و ئەم نەخۆشخانانە بەردەوام کراوە دەبن (پیرەمێرد، شۆڕش، فایەقی حاجی عەلی).
- تا ڕۆژی 23/ 3/ 2020 بازاڕی دراو و حەواڵە ناکرێتەوەو ڕێوشوێنی تەندروستی گونجاو بۆ ئەم بوارە دیاریدەکرێت.
- بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی داواکاری گشتیدا دەستبەسەر هەر مەڕوماڵاتێکی قاچاخدا دەگیرێت و بەهیچ شێوەیەک ناگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکەی و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکەیدا دەگیرێتەبەر.
- ڕێگا سەرەکییەکان تەسک و دیاریکراو دەکرێن و هاتووچۆ لە زۆربەی شەقام و ڕێگا سەرەکییەکانی ناوشاری سلێمانیدا ڕادەگیرێن.
- هەر کەس و دەستەو لایەن و کۆمپانیایەک دەیەوێت ڕاستەوخۆ خۆی کاری خێرخوازیی بکات، پێویستە کارەکانی گواستنەوەو دابەشکردن بخاتە نێوان سەعات (12)ی شەو بۆ (6)ی بەیانی و ڕێگە بە هیچ کەمپین و دیاریکردنی شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک نادرێت.
- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاسپێردرا، بەرنامەی گونجاو و پێویست بخاتە بەردەستی کەرتی تایبەت بەمەبەستی ڕاهێنان و خۆئامادەکردنی کارمەندەکانیان بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی گشتیی لە هەر دۆخێکی پێویستدا.
#21-03-2020#