چەند خاڵێکی پەیوەست بە ئازادکردنی گیراوەکان
دەمانەوێت ئەمەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە:
1- وەک #پارتی دیموکراتی کوردستان# سنووری #کەرکووک# - #گەرمیان# بە هیچ شێوەیەک ئاگادار نەبووینە یەکێتیی نیشتمانی ئەم جۆرە گرتووخانانەی هەیە و، ئاگاداری هەبوونی ئەو گیراوانە لای هێزەکانی سەر بە یەکێتی نەبووینە.
2- پەیوەندیمان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، بۆمان دەرکەوت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئاگایە لە گرتووخانە نهێنییەکانی یەکێتیی نیشتمانی، هیچ یەکێک لەو گیراوانە ڕادەستی دامەزراوەی دادوەریی هەرێم نەکراوە.
واتە، دادگا بێ ئاگایە لە گرتنی ئەم گیراوانە و ئەم چەند ساڵە بەشێوەیەکی نایاسایی لە گرتووخانەی نهێنیدا ماونەتەوە، ئەمەش بابەتێکە پێویستە لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە لێی بەرپرسیارن و، ناکرێت کەمتەرخەمی بەرامبەر ئەوە بکرێت کە حزبێک لە سەرووی یاسا و لە سەرووی دەزگا دادوەرییە فەرمییەکانی هەرێم بێت. هەروەها نابێت هیچ حزبێک گرتووخانەی نهێنیی هەبێت و بەبێ ڕێکاری دادوەریی ڕوون و فەرمی هاووڵاتیانیان تێدا زیندانی بکرێن.
3- سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان. پارتی هەمیشە داوای گفتوگۆ و گرتنەبەری هەنگاوی ئەرێنیی کردووە بەمەبەستی نزیککردنەوەی دید و بۆچوونی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کەرکووک. هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری کەرکووک - گەرمیان بەهیچ شێوەیەک لە هەبوونی ئەم جۆرە گیراوانەو هەبوونی گرتوخانەی نهێنی تایبەت بە یەکێتیی نیشتمانی ئاگادار نەبووە، گەڕانەوەی ئەو خەڵکە کە بەبێ فەرمانی دادگا گیرابوون بۆ ناو کەسوکاریان بەر لە جەژنی ڕەمەزان بابەتێکی گرینگە، زۆر گرنگە ئەو گرتووخانە نهێنییانە دابخرێن و ئەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری گرتنی ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
4- پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری دەدات لەو هەڵمەتە مەبەستدارانەی ڕاگەیاندن بۆ ناوزڕاندنی کورد و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بوختانکردن بە پارتی دیموکراتی کوردستان. لە کاتێکدا کە عێراق و تەواوی ناوچەکە بە قۆناغ و دووڕیانی سیاسیی زۆر مەترسیدار و هەستیاردا تێپەڕ دەبن، ئەم پرۆسانەی ناشرینکردن و لەکەدارکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و بێ بنەما و نادروست لە ڕاگەیاندندا دەبنە مایەی گرژی و لێکەوتەی وەها کە ئەنجامیان باش نییە. داواش لە گشت دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین ئەوپەڕی وردبینی لەو هەواڵانەدا بکەن کە بڵاو دەبنەوە، لەبەر ئەوەی هەواڵی ناڕاست و بانگەشەی نەرێنیی ڕاگەیاندن کە بانگەواز بۆ ڕق و جیاکاری لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک دەکەن دەبنە مایەی ناکۆکیی کۆمەڵگەیی و ململانێ لە کاتێکدا کە ئێمە بەجددی کار بۆ خۆ لادان لەو ململانێیانە لەنێوان پێکهاتە و ڕۆڵەکانی کەرکووکدا دەکەین.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیان
#21-05-2020#