دەقی پەیامی سەرەخۆشیی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (#کەنەکە#)
پەیامی سەرەخۆشیی
کۆچی دوایی ڕێبەرێکی حزبی دیموکراتی کوردستان، بەڕێز #جەلیل گادانی#
گەلی کوردستان
خانەوادەی بەڕێز جەلیل گادانی
بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز جەلیل گادانی ئەندامی ڕێبەریی حزبی دیموکراتی کوردستانمان پێگەیشت. بەڕێز جەلیل گادانی هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوەو هەتا ئێستا. لە ناو خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردستاندا بوو. لە سیاسەتی کوردستاندا جێگایەکی دیاری هەبوو. جەلیل گادانی بەهۆی خەبات و تێکۆشانی سیاسییەوە کەوتە بەر پەلاماری ڕژێمی ئێران و 13 ساڵ لە زینداندا بوو. دوای ڕووخانی ڕژێمی شای ئێرانیش، لە ئاستی هەرە سەرەوەدا لە سەنگەرەکانی شۆڕشدا، چ لە ناوخۆو چ لە دەرەوەی نیشتمان، تێکۆشانێکی فراوانی بەڕیوەبرد.
بەڕێز جەلیلی گادانی تەمەنی درێژی خۆی لە خەبات و تێکۆشانی کوردستاندا بەڕیکردو کاری زۆریشی بۆ یەکێتی و یەکڕیزیی نەتەوەیی کرد. چەندین جاریش بەشداری کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-ک.ن.ک – بوو.
لەدەستدانی جەلیل گادانی بۆ ئێمە، بۆ گەل و شۆڕشی کوردستان زیانێکی گەورەیە.
کۆچی دوایی بەڕێز جەلیل گادانی ئێمەی زۆر خەمبار کرد. هاوبەشی خەمی خانەوادەو دۆست و هاوکارانی بەڕیزیانین. بەو بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان لە گەلی کوردستان، لە خەباتکارانی شۆڕش و خانەوادەی بەڕیزیان ئەکەین.
کاک جەلیل خەمت نەبێ، ئێمە لەسەر ڕێی ئێوە بەردەوامین و وەسیەتی ئێوە بەدی دێنین.
#06-08-2020#