هەموو ساڵێک لەگەڵ کۆتایی وەرزی پاییز و سەرەتای وەرزی زستاندا، کوردستان جموجۆڵی تایبەت بە جەژنە جیاوازەکانی پێکهاتە ئایینییەکان بەخۆیەوە دەبینێت.
گەلی کورد بەهۆی مێژووی کۆن و تێکەڵبوونی لەگەڵ خەڵکانی دیکە و کوردستانیش کە لە نەتەوەی جیاواز و بەتایبەت ئایینی جیاواز پێکهاتووە، ساڵانە کۆمەڵێ ڕێوڕەسمی ئاینیی تایبەت و جیاوازی تێدا بەڕێوە دەچن، هەر ئەو بابەتانەشن بوونەتە هۆی ئەوەی کوردستان شوێنی پێکەوەژیان و وڵاتێک بێت بۆ حەسانەوەی بڕوادارانی ئایینە جیاوازەکان.
بابەتی سەرنجڕاکێش لەو جەژنانە ئەوەیە، کە زۆربەیان دەکەونە کۆتایی وەرزی پاییز و سەرەتای وەرزی زستان، واتا لەم دوو هەفتەیەدا نزیکەی پێنج جەژنی پێکهاتە ئایینەکان لە کوردستان بەڕێوە چوون و دەچن، کە لە جەژنی حانووکای کوردە جووەکانەوە دەست پێدەکات و بە بۆنەکانی ئایینی ئێزدی و زەردەشتی و مەسیحی و یارسانەکان کۆتایی پێدێت.
لێرەدا بە کورتی باسی هەر یەک لەو جەژنانە دەکەین، کە لەم ماوەیە بەڕێوە دەچن:
جەژنی حانووکای جوو
جەژنی حانووکا، یان جەژنی ڕووناکی، یەکێکە لە جەژنە ڕەسەنەکانی ئایینی جوو، کە هەموو ساڵێک لە 10 تا 18ی مانگی کانوونی یەکەم یادی دەکرێتەوە. مێژووی ئەم جەژنە بۆ دووبارە بەرپابوونەوەی دێر و سەرکەوتنی جووەکان بەسەر سوپای سلووکییەکان لە ساڵی 164ی پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەم جەژنە بیرەوەریی یەکێک لە موعجیزەکانی مێژووی جووە، کە بە بۆچوونی خۆیان لە کاتی جەنگی یەهوود لەگەڵ یۆنانییەکان، لە دێری مکابیون، چرایەکیان داگیرساندبوو، کە تەنیا بەشی سووتان و ڕووناکی بەخشینی یەک ڕۆژ زەیتی تیادا مابووە، بەڵام بە ویستی خودا، ئەو چرایە بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوام بووە لە سووتان و ڕووناکی بەخشیوە.
بڕوادارانی جوو، ساڵانە لە کاتێکی دیاریکراو بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ یادی جەژنی حانووکا دەکەن و هەر ڕۆژە بە داگیرساندنی مۆمێک لە مۆمدانێکی تایبەت، کە (منوورە)ی پێ دەڵێن، هەتا دەبێتە هەشت مۆم و ئەو ڕۆژە ڕۆژی کۆتایی جەژنی حانووکایە.
جەژنی ڕۆژیێن ئێزدی
جەژنی بە ڕۆژووبوونی کوردە ئێزدییەکانە، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کوردە ئێزدییەکان بەڕۆژوو دەبن و لە ڕۆژی چوارەمدا، بە جێبەجێکردنی ڕێورەسمی جەژنێکی یەک ڕۆژە، کۆتایی پێدێت.
سەبارەت بە فەلسەفەی ئەم جەژنە، بابێ چاویش، خزمەتکار و سەرپەرشتیاری پەرەستگەی لالش دەڵێ: “فەلسەفەی ئەم جەژنە لای ئێزدییەکان، بۆ سەرەتای ئەفراندن و دروستبوونی ئایینی ئێزدی دەگەڕێتەوە، واتا لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایینی ئێزدی و ناسینی خودای تاک و تاقانە، ئەم بڕوایە لای ئێزدییان دروست بووە، کە بۆ تێگەیشتن لە بارۆدۆخی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، هەروەها بۆ دابەشکردنەوەی خۆشییەکان لەگەڵ خەڵکی دیکە، خودا ئەو سێ ڕۆژەی بۆ دیاری کردوون، کە بەڕۆژوو بن و لە کۆتایی ڕۆژی سێیەمدا، بە گێڕانەوەی جەژنێک، خۆشییەکانیان لەگەڵ خەڵکی دیکە دابەش بکەن”.
جەژنی شەوی یەڵدا
یەڵدا یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانی نەتەوەی کورد، کە ساڵەهای ساڵ بە کۆبوونەوەی خێزانی و خوێندنەوەی یەسنای پیرۆز و خواردنی شەوچەرە و ڕازاندنەوەی خوانێکی تایبەتی شەوی یەڵدا کە (مەیزەد)ی پێ دەگوترێت، ئاهەنگ دەگێڕن.
ئەسرەوان قادرۆک، ئەسرەوانی فەرمیی ئاتەشگەی کوردستان، کە ئاتەشگەی تایبەتی زەردەشتییەکانی #سلێمانی#یە، لەبارەی فەلسەفەی شەوی یەڵدا گوتی: “فەلسەفەی شەوی یەڵدا بۆ لەدایکبوونی میترا، خۆر یان ڕووناکی دەگەڕێتەوە، واتا دوای ئەوەی میترا وەک خۆر و هەتاو لە حەوت هەزار ساڵ پێش، لەنزیک شاری #بۆکان#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک دەبێت، ئەو ڕۆژە بۆ گەلی ئەو دەڤەرە، کە کوردنشین بووە، دەبێتە جەژن و خۆشی، بە مانای زایینی ڕووناکی و کۆتایی هاتنی شەو و تاریکی. دواتر ئەو بۆنەیە بەخێرایی گەشە دەکات و زۆربەی شار و وڵاتەکانی دنیا دەبنە پێڕەوی ئایینی میتراییسم. بۆیە ڕۆژی لەدایکبوونی میترا وەک جەژنێک و بۆنەیەکی تایبەت یاد دەکرێت و ناوی دەنێن جەژنی یەڵدا و ئەم جەژنە لەناو مێژووی ڕۆمانیدا ناوی هەر بە یەڵدا هاتووە و ڕیشەی وشەی یەڵدا بۆ زمانی سریانی دەگەڕێتەوە”.
جەژنی یەڵدا یان جەژنی زایینی خۆر لەناو کورد بە جەژنی چلەش ناو دەهێنرێت، مەبەست لێی هەمان درێژترین شەوی ساڵە.
نزیکەی 3750 ساڵ پێش ئێستا، کاتێک ئایینی زەردەشتی سەر هەڵدەدات و بە فەلسەفەی ئەوەی، کە میترا خودا نییە، بەڵکوو نوور و ڕووناکییەکە بۆ ڕزگارکردنی گێتی لە شەو و تاریکی ئەفرێندراوە، ئەم جەژنە لەناو کورد نوێ کراوەتەوە، چونکە زەردەشت بە خۆی و خانەوادەکەی لەسەر ئایینی میترایی بوونە، بەڵام کاتێک زەردەشت خوای تاک و تاقانەی ناسییەوە، ئەم جەژنەی وەک زایینی نوور و میترا و لەدایکبوونی یەڵدا ناساند، نەک وەک لەدایکبوونی ڕووناکی.
جەژنی لەدایکبوونی عیسای مەسیح
رۆژی 25ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، لە لایەن پێڕەوانی ئایینی مەسیحی بە ڕۆژێکی پیرۆز دادەنرێت. ئەم ڕۆژە، کە ڕۆژی لەدایکبوونی پەیامهێن عیسایە، لە هەموو جیهان بەگشتی و لای مەسیحییەکانی کوردستانیش دەبێتە جەژن و یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین جەژنەکانی مەسیحی بەڕێوە دەچێت. هەر بەم بۆنەیە، لەو ڕۆژە کریستییانەکانی جیهان لە کەنیسەکان کۆ دەبنەوە و بە خوێندەوەی سرووتی ئایینی و دوعا و نزا و هەڵکردنی درەختی میلاد و دواتر لە کەنیسەکان بەرەو ماڵەکان دەگەڕێنەوە و لەوێ بە ڕازاندنەوەی خوانی تایبەت بە جەژن، جەژن دەگێڕن و پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن.
جەژنی قەوڵتاسی یارسانەکان
گرنگترین و گەورەترین جەژن لە ئایینی یارسان، جەژنی قەوڵتاس، یان جەژنی یارانە. ئەم جەژنە هەموو ساڵێ لە سەرەتای وەرزی زستان، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەست پێدەکات. لەم سێ ڕۆژەدا، خەڵکی باوەڕدار بەم ئایینە بە ڕۆژوو دەبن و لە ڕۆژی چوارەم دەیکەن بە جەژن.
مێژووی ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان سەهاک. کاتێک کۆمەڵێک لە یارەکانی سوڵتان ماوەی سێ ڕۆژ لەناو بەفر گیر دەخۆن، دواتر ڕزگاریان دەبێت. لەم جەژنەدا، یارسانەکان لە شوێنی پیرۆزی خۆیان، کە جەمخانەی پێ دەگوترێ، کۆ دەبنەوە و ڕۆژووداران و بڕواداران بە خواردنی برنج و کەلەشێر و هەنار جەژن دەگێڕن.
سەبارەت بە هۆکاری دوو هەفتەکە، ئەسرەوان قادرۆک پێی وایە، کە هۆکاری ئەم ڕێککەوتنە ڕۆژژمێرییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕەگوڕیشەی هەموو ئایینەکان بۆ ئایینی میتراییسم دەگەڕێتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە یەکتاپەرەستی و هەبوونی هێزێک لەسەرەوەی هەموو هێزەکان بۆ ئەفراندنی جیهان و گێتی، هەروەها پیرۆزیی تیشکی خۆر و دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ، لەگەڵ لەدایکبوونی یەڵدا، یان میترا، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئایینەکانە، بەتایبەت ئایینی زەردەشتی.[1]