زۆر باسی قەسابخانەکەی پارتی ناکەم لە #سلێمانی#! دەمەوێت زۆر خێرا و کەمێک به و مێژووە کوورتە پڕلە مەرگەساتەی ئه و شارەدا بچمەخوارەوە، کە هەردەم لە هەموو لایەکەوە و لە هەموو سەردەمێکدا چ لەلایەن بێگانەوە و چ لەلایەن خودی کورد خۆیەوە غەدرێکی زۆری لێکراوە!.
بیرتان دەخەمەوە: سلێمانی به و مێژووە کەمەیەوە، هەردەم پێشەنگ بووە، زۆرجار گووتوومە هەموو کورد ئێستا کۆببێتەوە تاکە دێڕێکی وەک (لە ناکەس کارییا خاکم بەسەر..)ی #مەحوی#ی سلێمانیی بۆ ناگووترێت!، هەموو سیناریۆنووس و شانۆکارانی کورد کۆببنەوە، نە دەتوانن شانۆیی #چەخماخە# بنووسن، نە دەشتوانن وەک ئه و دەستە شانۆکارەی سلێمانی نماییشی بکەن!.. باسی چیی بکەم! باسی کورد و کوردستانەکەی #ئەمین زەکی بەگ#ی سلێمانی بکەم، باسی مێژووی سلێمانی بکەم لە ڕۆژنامەگەری و نووسین و هونەردا! باسی پیرەمێرد و هەموو ئه و سەربازە ونانەی بیری کوردبوون و خزمەتی زۆری هەر بوارێکی تری کوردەواریی بکەم! لەبن نایە و تەواو نابێت!.. لەخۆڕا نییە سلێمانی به و مێژووە کەمەیەوە بەدرێژایی مێژووی لە هەموو لایەکدا چاوی لەسەربێت، لەخۆڕا نەبوو، ئینگلیزەکان شاری سلێمانییان بەنوێترین بۆمبای ئەوکاتە بۆمبارانکرد و شارێکی تری کوردستان ئه و بۆمبابارانەی بەخۆیەوە نەبینی، ئەدی سلێمانی ئەوکاتیش مەکۆی سەربەخۆییبوون و ڕووناکبیرانی وەک #ڕەفیق حیلمی# و #جەمال عیرفان# بوو.. ئەوکاتیش وتی نا!..
باسی شەشی ڕەشی ئەیلوول بکەم، یان مەرگەساتی نۆی حوزەیرانی شەستوسێ! یان باسی ئه و هەزاران شەوە تاریکانەی سەردەمی بەعس بکەم، کە بەهۆی بارودۆخی تایبەتیی ئه و شارەوە پشیلەشی بەدەرەوە نەبوو!، کەچی هەر شارێکی تری باشوور، تاڕادەیەک ژیانی شەوی بەخۆیەوە دەبینی و کێشەیەکی ئەوتۆ نەبوو!..
باسی ئەوەی بکەم کە زۆرینەی شەهیدەکانی بزووتنەوەی (رزگاریخواز)ی کوردستان بەوانەی پارتیشەوە! لە سلێمانی و دەوروبەریدایە!، ئەدی خودی پارتیش لە سلێمانی دانەمەزرا!. یان باسی ئه و زۆرینەیەی خەڵکی سلێمانی بکەم کە لە شەڕی ناوخۆدا کوژران!.. باسی ژمارەی ئەنفالەکان بکەم کە چەندی لە سلێمانیدا ڕوویداوە! یان باسی بۆمبای کیمیاویی بکەم کە چەندی پێداکێشراوە!..
باسی پایتەختی لێکەوتووی پادشانشینی کوردستان بکەم، باسی ئەوەی بکەم کە لە سەردەمی بەعسدا جوانترین و خاوێنترین شاری نەک کوردستان، ئێڕاقیش بوو! کەچی ئێستا بووەتە زبڵخانەیەکی گەورە!..
باسی زانکۆ گوازراوەکەی بکەم، کە خودی کوردیش بەشداربوو لە تاوانی گواستنەوەیدا! یان باسی پشکی شێری چەوساندنەوە و ئاسن و خوێنی داگیرکەرە یەک لەدوای یەکەکانی بکەم...
شارەکەم زۆر باسی هەیە، زۆر مەغدوورە و زۆر فەرامۆشکراوە.. ئێستاش لەم مەرگەساتەیدا هەرلایەک دەیەوێت بۆخۆی و بۆ مەبەستێکی سیاسیی پارچە گۆشتێکی تری لێبکاتەوە..
کەسیان گوێ لە (نا)ی سلێمانی ناگرن و ترسی مەرگەساتی گەورەترم هەیە!..
دەبێت هۆی ئەوە چی بێت کە چارەنووسی ئەم شارە هەردەم مەرگەسات بێت، ئەی دەبێت هۆی ئەوە چی بێت کە لە بەختی شاری #شارەزوور#دا، (چەکدارانێکی لە ڕۆمی خراپتر)! ئەوەندە شووم بن لە منداڵیش بدەن زەرەر!..
#هاوڕێ باخەوان#
22-02-2011
لاهای - هۆڵندا