سپیکردنەوەی خوێن، ناونیشانی یەکەم ڕۆمانی نووسەر و چیرۆکنووس فەرهاد مستەفایە کە لە دوتوێی (329) لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشەیە[1].
فەرهاد مستەفا، کە ساڵانێکە وەکو چیرۆکنووس ناسراوە لەم هەفتەیەدا یەکەم ڕۆمانی بڵاوکرایەوە.
پرسیارە سەرەکییەکەی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، بۆچی تاکی (کورد) لە هەڵبژاردنی خواست و چارەنووسی خۆیدا دەستەپاچە و زەلیلە. بەدواکەوتنی وەڵامی ئەو پرسیارە دەمانخاتە بەردەمی فەزایەکی بەربڵاوی (شوێنکات)ەوە. چیرۆکی ڕۆمانەکە لە گۆرستانی (ئاودە ئایک)ی هۆڵنداوە، دەستپێدەکات تا شەقام و کۆڵانەکانی سلێمانی و شۆرجە و باب ئەلشێخی بەغدا و شێخەڵای هەولێر و پەنجا عەلی کەرکووک و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش. ئەمەش لە ساڵانی حەفتاکانی ڕابردووەوە دەستپێدەکات، تا ئەم سەروەختەی ئێستا.
جیا لەوەی زمانی تێکستی (سپیکردنەوەی خوێن)، خستنەڕوو و نیشاندانە، کە هەر ئەمەش کاری ڕۆمانووسانە، کە دوورە لە بەکارهێنانی زمانی پەسن و زیادە و حەشوەیی. ڕەنگە جوانترین تایبەتمەندێتی زمانی ئەم تێکستە ئەوەبێ کە درێژدادڕی ناکات. بەڵام خاڵیش نییە، لە زمانی زبر و لە گۆاستنەوەی ئەو زبریەتەدا دەستی نەپاراستووە. وەک چۆن دەرکەوتەی هەر کارەکتەرێک، خاوەن بە شوناس و تۆن و دەنگی تایبەت بەخۆیەتی و خاڵی لەیەکچوون کۆیان ناکاتەوە.
ئەوەی بۆ خوێنەر دەبێتە خاڵێکی گرنگ بێلایەنی نووسەرە لە هەمبەر ڕووداوەکاندا، کە خاڵی گەشی تێکستەکەیە. ئەو لەبەرکەوتنی دوو زەمەن و دوو نەوە، دادوەری ناکات، بەڵکو ئەو تەنها ڕووداوەکان پیشان دەدات و ئەوە خوێنەرە دەتوانێت داوەری بکات.
نووسەر سەبارەت بە ڕۆمانەکە دەیەوێت بڵێت مەرج نییە هەموو ئەوانەی کە پەنجە دەخەنە ناو برینەکانەوە، بتوانن بنچینەی ئازارەکانمان بۆ کەشف بکەن. دەستبردن بۆ ئاشکراکردنی دزێوییەکانی پشت ڕواڵە جوانەکان، هونەرێکی قوورسە، بەتایبەت کە پەیوەست بێت بە قۆناغێکی درێژخایەنی شۆڕش و شۆڕشگێڕی و کۆمەڵگای کوردی
(ئارام سديق)