مێژووی قەسر و ڤێللاکانی شاری هەولێرێ
بە دیزاینی ئینگلیزی کۆمەڵێک قەسر و کۆشکی گەورەی شاهانە لەناو پارچە زەوی دووری شار، دەورە دراو بە شورەی بەرز و درێژ، پڕ باغچەی فریز و حەوز و گوڵی پڕ پەپولە و دەیان داری چنار و لاولاو شۆرەبی پڕ کوکوختی و هەموو تەیرێکی دەگمەنی شار.
کەوتبوونە لاپەڕگەی شار.
لەوانە:-
قەسری عەتاوڵاغا و نافیعاغای باوکی ڕەمزی چیڕۆکی بەسەرهاتی فڕۆکەوانی نازیەکان لە کوردستان. کە دیزاینێکی دەگمەنی تاق و دیوار و دیوەخانەکەی هەبو تا پێش ڕاپەڕینیش مابو لەنزیک هیلال ئەحمەری سێتاقان.
قەسری ئەحمەد چەلەبی لە چۆلاییەکەی پشت بەلەدیە، کە بە وێنەی مێرگێکی کەسک خۆی دەنواند، تەنیا گوێت لە دەنگی خوێندنی بولبول دەبو، بۆنی خۆشی تەڕ و پاراوی ئاوڕشێنی فریز و بۆنی گوڵە باغەکانی دەگەیشتە کن ئاوی کەسک و سۆر. ئەویش شوێنەواری نەما.
ئەوەی تر کۆشک و قەسرەکەی مستەفا عوزێری بو لە مەیدانی پایسکل فرۆشانی هەوکە.
دواتر لە ترسی دزی کردن پێش داهێنانی کامێرای سکیورتی هەموو دیواری شورەی دەرەوەیان بە پارچە شوشەی شکاوی تیژ (شیشۆق) بە چیمەنتۆ دادەچەقێندراو و تێل و سیمی دڕکاوی تەنی بو تا کەس زاتی پێ هەڵگەڕانی دیوارەکان نەکات. دواتر هەندێکیان وایەری کارەباشیان بە دیوارەکانەوە هەڵدەواسی ڕاست یان لۆ ترساندنی خەڵک، گوایە شەوان کارەبای دەدەنێ بۆ ئەوەی کەس نزیکی دیوارەکانیش نەبێتەوە.
لە باداوەش دووری شاری شوێنەواری قەسرەکەی مەلا فەندی تا حەفتایەکانیش هەر مابو.
لە قەڵاتێش بنەماڵەی ماڵی دکتۆر عەبدول ڕەزاق دەباغ و ڕەشاد موفتی قەسری گەورەی خۆیان هەبو.
دواتر لە سەرەتای ساڵی هەشتاکان ماڵی جەلیل خەیاتی دوو ڤێلای دەگمەنیان لەوبەر و ئەوبەری جادەی شێستی نزیک مەلعەبی لەنێوان گەڕەکی ئازادی و زانیاری و غاباتی کوران درووست کرد. هەوڵیان دا هەر دوو ڤیلاکە بە کۆریدۆرێکی موعەلەق بەسەر هەردوو سایدی جادەی شێستی بە یەکەوە ببەستنەوە. بەڵام شارەوانی ڕێی پێ نەدان.
لە دەست پێکی شەڕی قادسیەی جەوادی ئەسعەد ئاغای شێتنە ڤیلایەکی دەگمەنی لە حەی زوبات درووست کرد، بەڵام بەسەر دا ڕەمی کرا.
ماڵی برایماغای پەلکە ڕەشیش ماڵی قەتۆ و ڕائید کاکلی لە نیوەی یەکەمەی هەشتایەکان سێ ڤێلایان بە دیزاینی ئەوروپی لەسەر جادەی کۆیە و ناو حەی زوبات درووست کرد، کە هەموو نەخشە سازیەکانیان هیی شارستانی وڵاتانی ڕۆژاوا بو.[1]