ڕەنگە من بچوکترین جاشی وڵاتی خۆمان بووبێتم. یەکەمین وێنەی ژیانم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتە لەگەڵ کۆمەڵێک جاشی تردا ڕۆژێکی ڕەشەبا لەسەر لووتکەیەکی بەرز گرتوومە. ئەوکات تەمەنم نۆ ساڵە، بە خۆم و بڕنەوێکی سێ جار لە خۆم درێژترەوە، لە نزیک سەنگەرێکەوە وێنەیەکی دیکتاتۆرمان پێیە و پەنجەمان وەک نیشانەی سەرکەوتن بەرزکردۆتەوە. سەیرترین یادگاری ژیانم دەگەڕێتەوە بۆ ئه و ڕۆژەی کە لەگەڵ هەموو ماڵە جاشەکاندا بردیانین بۆ لای دیکتاتۆر، کەیخوسره و ئاغا بەدرێژایی ڕێگا قسەی لەسەر گەورەیی ئه و ڕۆژە بۆ کچ و ژنەکانی و کۆمەڵێک خەڵکی تڕوهاتی تر دەکرد، دوای ئەوەی دەجار قوونیان پشکنین، بردیانینە هۆڵێکەوە کە پێیاندەگووت هۆڵی دیدارەکانی سەرۆک... کە خۆی هات، هەمووان هەستان و دەبایە نیو سەعات چەپڵە و تڕوهات و شتی وا لێبدەین. من چەپڵەم لێنەدا. کەیخوسره و ئاغا کە ڕەفتارە سەیرەکەی من شڵەژاندبووی، بەردەوام لەناو هەلهەلە و چەپڵە و هوتافەکاندا دەیگووت (سەریاسی سوبحدەم... چەپڵە لێبدە... کوڕی حیز چەپڵە لێبدە)، من قەت چەپڵەم لێنەدا، دەبوایە هەمووان بە ڕیز دەستی ماچبکەین، کە هاتە سەرەی منەوە، وەک بچوکترین جاشی وڵات منیان بە سەرۆک ناساند. ئه و پێدەچوو زۆر خۆشحاڵ بێت کە شەرەفی ئەوەی پێبڕاوە بچوکترین جاشی مەملەکەتەکەی خۆی ببینێت. من دەبوایە دەستی ماچبکەم و ئه و شتانە، بەڵام وەستام و هیچم نەکرد. بەزۆر منیان بردە بەردەمی، ئه و منی خستە نابەینی هەردوو ڕانی خۆیەوە، ئه و کاتە سەرم لە ئاستی هەردوو گوونی سەرۆکدا بوو، ناوگەڵی سەرۆک بۆنێکی پیسی لێدەهات. من سەرم بەرزکردەوە و بە کوردییەک کە کەس لە حیمایەکان تێینەگەیشتن، گووتم (سەرۆک تۆ قوونت ناشۆیت). کەس لە تەواوی قسەکەم تێنەگەیشت، کەیخوسره و ئاغا نەبێت کە دەمودەست لەویادا بورایەوە... من کە کەیخوسره و ئاغام بینی کەوت دەستمکرد بە گریان، نازانم بۆ دەستمکرد بە گریان، بەڵام شتێک وایلێکردم حەزبکەم بگریم. مەحشەرێک بوو مەپرسە، ڕۆژنامەکانی دەوڵەت دواتر بورانەوەی کەیخوسره و ئاغایان وا تەفسیرکردبوو کە لە خۆشی ئەوەی منداڵەکەی خۆی لە ناوگەڵی سەرۆکدا بینیوەتەوە، لە هۆش خۆی چووە. ئه و وێنەیەی من دواتر بوو بە وێنەیەکی بەناوبانگ، بەڵام ساڵ بە ساڵ دەموچاوی من گۆڕدرا، ساڵ بە ساڵ من لە داخی ئه و وێنەیە بڕیارمدا دەموچاوێکی تر بۆ خۆم دروستبکەم، تا ڕۆژێک هەموو دونیا ئه و وێنەیەی منی لە ناوگەڵی سەرۆکدا بیرچووەوە، وێنەیەکی سەیرە لەسەر تەختێک، لە نزیک دوو بازنە گوڵی گەورەوە، سەرۆک دەمیکردۆتەوە و پێدەکەنێ و منیش دەمم کردۆتەوە و دەگریم.
سەریاسی دووەم لە کاسێتی سێیەمی زیندانەوە بۆ موزەفەری سوبحدەم.
ڕۆمانی (#دواهەمین هەناری دونیا#).[1]
#بەختیار عەلی#.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,447 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!