کورتە چیرۆک
پیاوێک هێشتا نەمردووە
نووسینی: #نیهاد جامی#
ڕاهاتن بە تریفەی مانگەشە و خولیایەکی چەندین ساڵەی منە، تۆ کاتێک لە تاریکستانێکدا بژیت ئەوسا نرخی سرووشت تێدەگەیت. بۆنی ڕێحانەکان دەبنەخۆشترین عەتری دنیا، بەڵام کاتێک ماڵت لە گەڕەکێکی میللی بێت و سپێدان کە بە چاوی خەواڵوەوە دەتنێرن بۆ نان کڕین ئەو بۆنە هیچ شوێنەوارێک لە لات بەجێ ناهێلێت، بەڵکوو شیرینەمەنییەکی منداڵان کە لە شێوەی ئۆتۆمۆبیل درووستکراوە نرخی زۆر لە ڕێحانەکان بەلاتەوە گرنگترە، خێرا پەلەتە نانەکە بەریتەوە ماڵەوە و زوو نان بخۆیت تاوەکوو زوو پارەت پێبدرێت و بچیت ئەو شیرینییە بکڕیت، کە ڕەنگێکی پەمەیی و شێوەی لە ماشێنێکی فۆکس واگن دەچێت کە لەو تەمەنەی منداڵی پێی دەڵێن قالۆنچە. تاوێک لێی ورد دەبیەوە زمان بە لێوارەکانیدا دێنیت، ئاو دەخەیتە جامی پێشەوەی بەشێکی دەتوێتەوە و دەڵێی لۆریەک خۆی پیاکێشاوە، ئیدی تا کاتی نانی نیوەڕۆ پێیەوە خەریک دەبیت، تا ئەو دەمەی دادە دەڵێت (دەی بڕۆ دەستت بشۆ و ئەو شەکرەش فڕێدە نان دەخۆین.) کاتێک دڵت نایەت فڕێی بدەیت لە تەنیشت قاپی برنجەکەوە دایدەنێیت تا دەستێک کە دەستی دایکە دەیخاتە ناو تەپڵەکی جگەرەی باوک جا پیاوم دەوێت غیرەت بکات داوای بکاتەوە.
ئێستا شەوانە تریفەی مانگ تامەزرۆی ساتی کڕینی ئەو شیرینییەی هەیە. کاتێک ڕووناکی مانگ دێتە ئەو ژوورە تاریکە تاوێک لە پەنجەکانم دەڕوانم دەبینم سیس بوون، مووی سەر پەنجەکانم سپی بوون بەوە دەزانم ساڵانێکی زۆرم لەم ژوورە تاریکە بردۆتەسەر هەر لە پەنجەرەی نیگای مانگەوە دەبێت خواردنەکە وەربگرم کە کیسێکی ڕەشیشی تیایە بۆ پیسایی کردن و پاشماوەی خۆراک.. نازانم بۆچی هەستدەکەم کە ڕووناکی مانگ دێتە ژوورەوە دەتوانم قسە بکەم، کەسێکیش لە شوێنێکی تر هەیە گوێی لە قسەکانم بێت.. ئێرە چەندە تاریکە هێندەش ئارام بەخشە، چۆن دەکرێت ساڵانێک تێپەڕێت و ڕیش و قژت تێکەڵ ببن و چاوەڕێ بیت شوێنەکان پێت نامۆ بن، ڕۆژێک بوو یان دەمە و عەسرێک چەند چەکدارێک لە دەرەوەی شار دەستگیریان کردم وەک گەوهەرێک بۆ گەورەکانیان لێیان دەڕوانیم بە ئەشکەنجەیەکی سەیرەوە سەر ماشێنەکەیان خستم. هەستم دەکرد سواری ماشێنە شەکرەکەی منداڵییان کردووم، لە ژوورێک بە بنمیچی پانکە هەلیان واسیم بە سۆندەی باخچەیەک کە پڕ بوو لە بۆنی ڕێحانە لە قاچەکانیمان دەدا هێشتا دلۆپە ئاو لە سۆندەکە دەردەچوو. دەمزانی بە دەستی ژنێکەوە بووە، چونکە بۆنی ژن لە هەر شوێنێک بێت ناکرێت پیاوی عاشق نەیناسێتەوە، وام مەزەند دەکرد هەموو ژیانم تا ئەو ڕۆژەی دەمرم بەو شێوەیە ئەشکەنجە بدرێم، بەڵام تەنیا لە کاتی گۆڕینی زیندانەکان ئەشکەنجەم دەبینی.. لەو ساڵ و مانگەی هێنرام بۆ ئەو تاریکستانە ئیدی ئەشکەنجەم نەبینی، ڕەنگە بۆنی پیسایی و تاریکی شوێنەکە کەس قێزی نەیەت بێت ئەو پیاوەی پارچەیەکە لە پیسی بخاتە ژێر قامچی و دان بە شتەکانیدا بنێت، بەڵام دان بەچیدا بنێم، هەموو شەوێک لە شاشەی تەلەڤزیۆن دەردەکەوتم و قسەم دەکرد.. کەس نەبوو من نەناسێت هەر وتارێک پڕ بوایە لە ڕق و شەڕ دەدرا بە من بیخوێنمەوە، کەچی کاتێک من ئەکتەر بووم کەس منی نەدەناسی کەس بۆی گرنگ نەبوو ئێمە دەمانویست شانۆی نوێ پێشکەش بکەین شتی نوێ ببەخشین.. ئەو دەمەی دەمویست کۆمەڵگەیەک هۆشیار بکەمەوە کە گلۆپی ناو هۆڵ دادەگیرسا سێ دەقیقە چەپڵە باران دەکرام دوای ئەوە هەموو شتێک کۆتایی دەهات.. بۆ کەس گرنگ نەبوو من کێم؟ مەترسیش نەبووم بۆ کەس ئێمە خۆمان پێمان وابوو مەترسین بۆ سەر دنیا و دوژمن.. مەگەر بچووباین جنێومان بە زاڵمەکان بداایە. بەڵام لەو ڕۆژەی قاچم خستە ناو تەلەڤزیۆن و بوومە بێژەر بەتەنیا لایەنگرانی حزب نەبوون دەمیانناسی، بەڵکوو لایەنگرە دوژمنەکانیشمان وەک وا ناومان دەبردن ئەوانیش منیان دەناسی.. کەس نەیدەزانی پێشتر من ئەکتەرێکی گرنگ بووم، بەڵام هەموو دەیانزانی بێژەرێکی حزبیم دۆستی لایەک و دوژمنی ئەوانی تر بووم، ئەوەتا چەندین ساڵ و ڕەنگە بەپێی دەستبردنم بۆ قژ و ڕیشم تێبگەم زۆر لە مێژە لێرەم.. تەنانەت ناوی خۆشم بیر نایەتەوە.. تاریکی ئاسمان بەرەو کۆتایی دەڕۆیشت و کازیوە هەڵدەهات و لەو ساتەشدا چێژی لە بینینی تیشکی خۆر دەبینی دوای ئەوە وەک ئاڵوودەبوونی هەمیشەیی دەخەوت تا ئەو کاتەی تیشکی مانگ دەهاتەوە ژوورەوە، خەریک بوو چاوەکانی لە بەرانبەر تیشکی خۆرەکە نەدەکرایەوە لەبەر خۆیەوە کەوتبووە بڵمە بڵم و پەنجەی شایەتمان و پەنجەی ناوەڕاستی بە سمێڵیدا دەهێنا وەک ئەوەی شتێک یا خورشتێک لەژێر سمێڵی بێت کە لەڕاستیدا مێروولەیەک لەوێ بوو خەریکی زاوزێ کردن بوو خۆشی چەند ڕۆژێکە هەستی بەوە کردووە بۆیە پێکەنینێک دەکەوێتە سەر ڕوخساری و دەڵێت (دەی ئیدی تەنیا نابم هەر نەبێت بۆ چەند ڕۆژێک باوەشێک مێروولە دەبنە میوانم.) تاوێک لە خۆی ڕادەمێنێت، بیرمە لە ساڵانی یەکەم ڕۆژێک ڕۆژنامەیەکیان خستە بەردەمم کە چۆن چیرۆکی کوشتنم لەلایەن تاقمێکی چەکدارەوە باس کراوە، پێشتریش هەواڵی مەرگی خۆم لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆن بینی ئەو کاتە لەگەڵ چەند کەسێکی تر لە زیندانێکی پێکەوەیی بووین.. بۆیە من لەلای خەڵکی مردوویەکم کەچی ئەوەتا هێشتا دەجووڵێم سوودم بۆ مێروولەیەکی مێ هەیە دەتوانێت بمکاتە ماڵی خۆی، ئەمە مانای وایە هێشتا زیندووم و نەمردووم.. وەک ئەوەی شتێکی بیرکەوتبێتەوە، ئائا زیندووم و نەمردووم نەک هەر ئەوەش خەریکە شتیتریشم دەکەوێتەوە بیر نانا خەیاڵم هێشتا چالاکە بیرمە جاران چ ئەو ڕۆژانەی ئەکتەر بووم چ کاتی بێژەری خەڵکی بەناوێک بانگیان دەکردم منیش وەک هەر کەسێکی تر ناوێکم هەبوو بیرمە ناوم
کەریم عوسمان بوو.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,747 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!