هەمووان باسی دەکەن، دەبا بزانین ئەو کەسە کێیە؟!
لەو سەردەمەی دەوڵەتی عوسمانی حوکمی زۆرینەی خاکی کوردستانی دەکرد، کوردی دەچەوساندەوە و باج و سەرانەی لە کورد دەستاند بێ ئەوەی هیچ مافێکیان پێ بدات. عەشیرەتە کوردییەکان یەکیان گرت لە دژی عوسمانی و عەرەبەکان وەستانەوە. ئەو دەسەڵاتە کوردییە نوێیە کە لە کۆبوونەوەی 47 عەشیرەتی کوردی پێک هاتبوو، زۆرینەی خاکی ئەمڕۆی باکووری کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستانی دەگرتەوە. لە ساڵی 1791ی زاینیدا، عوسمانییەکان بە سەرکردایەتیی سلێمان پاشای شاوی پەلاماری کوردەکانیان دا و بەشێکی زۆری عەرەب و تورکمانە بەدەوییەکانیش تێکەڵی عوسمانییەکان بوون. وەک هەمیشە تورک و عەرەب بیانووی دژە دینییان دایە پاڵ کوردەکان و لە #قەڵای بووک# لە #مەنبەج# شەڕ ڕوویدا. لەو شەڕەدا، کوردەکان لە بەرامبەر سوپای تورکەکان و عەرەبەکان شکستیان هێنا و شکان. عوسمانییەکان سزای هەموو خەڵکی ناوچەکەیان دا و زۆرێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانیان کوشت. دەروێش کە کوڕی عەبدی سەرۆک عەشیرەتی شەرقیی ئێزیدییەکان بوو، دەستی بە چالاکی کرد و بە شێوەی پارتیزانی بەردەوام چالاکیی دژی عوسمانی و عەرەبەکان دەکرد. دەروێش ئێزیدی بوو، خۆشەویستەکەشی کە ناوی عەدلە خان بوو، مسوڵمان بوو. دوای ماوەیەکی زۆر لە بەرخۆدان، لە یەکێک لە شەڕەکاندا، دەروێشی عەڤدی لە نزیک شەنگال شەهید دەکرێت. ئەو بەرخۆدان و خۆڕاگری و یەکگرتووییی عەشیرەتە کوردییەکان سەرباری جیاوازیی ئایینەکانیان، بوو بە ئیلهامی دەیان شیعر و دەقی ئەدەبی. لە هەموویان بەناوبانگتر، لاوکی دەروێشی عەڤدییە کە لە لایەن سەدان لاوکبێژی کوردەوە گوتراوە و گوتراوەتەوە، کە زۆرینەی ڕەهایان مسوڵمانن. بۆیە ئەگەر چەند دێڕێک لە لاوکی دەروێشی عەڤدی دڵی مسوڵمانەکان دەئێشێنێت و وەزارەت لە مەنهەجی خوێندن لای دەبات، پێویستە لە جێگایەکی دیکە بابەتێکی دوور و درێژ بۆ ئەو ڕێبەرە مێژوویی و گرنگە کە تێکەڵە بە ئەدەبیاتی کوردی تەرخان بکرێت. لە جیهاندا، هیچ نەتەوەیەک ئەدەبەکەی لەسەر بنەمای ئایین هەڵناسەنگێنێت. عەرەبەکان کەی وازیان لە شیعری جاهیلی هێنا بە هۆی ئیسلامەوە؟! ئایا ئێستاش نایخوێنن؟ تورکەکان کە ماوەی زیاد لە بیست ساڵە لە لایەن پارتێکی ئیسلامیی ئیخوانییەوە بەڕێوە دەبرێن، کەی قسەکانی ئەتاتورکیان سڕیەوە؛ کە زۆرینەی سوکایەتییە بە ئیسلام؟! ئەوروپییەکان ئەگەر دەقە دژە دینەکان بسڕنەوە، دەبێت واز لە ئەدەبیاتەکەیان بێنن. ئەوە تەنیا ئێمەین کە بەڕاستی نەگبەتیمانە و هەندێک دەستە و تاقم و گروپ بە زانایییەوە نەزانەکانمان بەکار دەهێنن و مێژووی میللەتێک دەشێوێنن. لە زانستدا، هەر دەقێک لەسەر بنەمای زانستەکەی خۆی دەبێت شیکردنەوەی بۆ بکرێت، ئەدەب و ئایین دوو شتی جیاوازن و زۆرێک لە ئەو لاوکبێژانەی کە لاوکەکەشیان گوتووە، کەسانی زۆر دیندار بوون و ئەوانەش کە فرمێسکیان بۆ قارەمانێتیی دەروێشی عەڤدی و عەشقە ناکامەکەی ڕشتووە، دیسان زۆرینەیان کوردی مسوڵمان بوون.
سەرچاوەی بابەتی دەروێشی عەڤدی: ملحمة درويشي عبدي تاريخ عِشق الهوية والأرض، لە خەبەر24 و پشتئەستوور بە ڕۆژنامەی ڕۆناهی وەرگیراوە.
لاوکی دەروێشی عەڤدی بە دەنگی مەحموود شێخانی، کۆیە
[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,593 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!