بابەت:ژینگە
$ژینگە چییە$
ژینگە (Environment): بریتییە لەو ناوەندە سروشتییە هاوسەنگەی کە زیندە بوونەواران بە هاوسەنگی تێیدا دەژین، پێک دێت لە کۆمەڵێک هۆکار و گۆڕانکاری کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجی لە چوارچێوەی جوگرافیای بوونەوەراندا کە تێیدا دەژین.
$زانستی ژینگە$ (Ecology): ئەو زانستەیە کە لە سەرجەم پیکهاتەکانی ژینگە دەکۆڵێتەوە و دیاریکردنی کار و چالاکییەکانی مرۆڤ تیایدا.
$چەمکی زانستی ژینگە$:
زانستی ژینگە یاخود ژینگەزانی یان ژینگەناسی زانستێکی تازەیە، لەمڕۆدا تا ڕادەیەک وردە وردە خەریکە، ئەم زاراوەیە بەناو کۆمەڵانی خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە، جێی خۆیەتی بزانین ئەم چەمکە لە چییەوە هاتووە و کەی پەیدا بووە، زاراوەی زانستی ژینگە (Ecology) زانای ئەڵمانی ئەرنست هایکڵ (Ernst Haeckel) لەساڵی 1866 دایناوە، کە ئەمەش لە ئەنجامی لێکدانی دوو وشەی یۆنانییەوە پەیدا بووە، ئەوانیش Oikos بە واتای خانوو یان ماڵ، وە logos بە واتای زانستە.
ئەم زاراوەیە ئیتر لە سەدەی بیست بەدواوە بووە جێگەیی بایەخپیدانی گرنگی لیکۆڵەران، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هەموو جەنگ و شەڕوشۆڕەی کە جۆرەها چەک و تەقەمەنی تێدا بەکار هات و، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەسەر ڕووی زەوی و، زۆربوونی کارگەکان و، دەردانی وزەی زیاد لە پێویست بە تایبەتی لە لایەن وڵاتە پیشەسازییەکان و، زۆربوونی ئوتومبێل... هتد، کە زیانیکی گەورەی ژینگەیی هێنایە ئاراوە لە قەتسبوونی گەرما و تۆز و خۆل و دەیان کارەساتی سروشتی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری زۆر خراپیان کردە سەر ژینگە و، هاوسەنگی ژینگەیان تیک دا.
$زانستەکانی ژینگە$ (Environment Sciences): بریتییە لە هەموو ئەو زانستانەی کە پەیوەندیدارە بە ژینگەوە وەک زانستی زەویناسی، کەشناسی، زیندەوەرزانی، فیزیا، کیمیا، خاک، ئابووری، دارستان، ئاو، دەریا و... هتر.
ژینگە تەنیا بابەتێک یا تەوەرێک نییە، بەڵکوو ئەمڕۆ و لە دەرئەنجامی پەلهاویشتن و پەیوەندیداربوونی ژینگە بە زۆرێک لە زانستەکانەوە پێویستە زانایانی ژینگە و ژینگەناسان و ژینگە دۆستان زانیارییان دەربارەی زانستەکانی ژینگە هەبێت. وەک زانستی زەویناسی، کەشناسی، زیندەوەرزانی، فیزیا، کیمیا، خاک، ئابووری، دارستان، ئاو، دەریا، بەرگە هەوا، ژینگە دروستی، چاودیری ژینگە، ئیدارەی ژینگە و چاودێری ژینگە لە هەموو ڕووەکانیەوە ڕۆشنبیری ژینگەیی و گۆمەڵگە کە ئەمانە بابەتە گەورەکانی ژینگەن لە جیهاندا.
$پۆلێنکردنی ژینگە$:
لە پۆلێنی گشتیدا ژینگە دابەش دەبێ بۆ دوو بەش:
1- $ژینگەی سروشتی$: ئەو ناوەندەیە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی سادە تێیدا دەژی، سوود لە سەرجەم ئەو پیکهاتانە وەردەگریت کە سروشت بۆی دابین کردووە و ژینگە بە سووڕی ئاسایی خۆیدا دەڕوات لە پاراستن و ئاڵوگۆڕی سروشتیدا، بە شیکردنەوەی پاشماوەکان بۆ توخم و ماددە سەرەتاییەکان بەمەش جارێکی تر یەکەی بەرهەمهینان سوودی لێ وەردەگیریت بۆ دووبارە دروستکردنەوەی خۆراک.
2- $ژینگەی دەستکرد$: پاش ئەو پێشکەوتنەی کە مرۆڤایەتی بە خۆوەی بینی بە جۆرێک کە چەندەها شاری گەورە و کارگەی زەبەلاح و سووتاندنی ملیۆنەها بەرمیل نەوت لە ڕۆژیکدا و دەرهێنانی هەزاران تەن کانزای ژێر زەوی و بڕینەوەی هەزاران هێکتار زەوی دارستان، لە دەرئەنجامی ئەمانە (ژینگەی دەستکرد) دروست بوو.
پێشکەوتنی مرۆڤایەتی مەترسی خستە سەر ژینگە، ژینگە نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە مرۆڤ لە ماوەی ئەم چەن سەدەیەی دواییدا دروستی کرد، داهێنانەکانی مرۆڤ بوونە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پلەی گەرما و پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و بڕینەوەی دارستانە گەورەکانی جیهان، ئەمە و هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ بەکارهێنان و دەرهێنانی کانزاکان هاوسەنگی ژینگەی شێواند و سروشتی زەوی گۆڕی بۆ ژینگەیەک کە دەستکردی مرۆڤ خۆی بوو.
$دەوروبەرە ڕژێم$ (Ecosystem):
دەوروبەرە ڕژێم: بریتییە لە کۆمەڵێک خۆڕێکخستنەوەی تاکی کۆمەڵگەیەکی زیندوو وە پەیوەندی لەگەڵ تاکێکی تردا هەروەها لەگەڵ ئەو شوێنەی تێیدا دەژی کە ئاڵوگۆڕکردنی وزە و ماددەی تێدا دەکرێت.
$پێکهاتە بنچینەییەکانی دەوروبەرە ڕژێم$:
دەکرێن بە دوو بەشەوە (پێکهاتەی زیندوو و نازیندوو).
1- پێکهاتەی زیندوو:
کە بوونەوەری (بەرهەمهێنەر، بەکاربەر و مشەخۆر یا شیکەرەوە) دەگرێتەوە.
ا- بوونەوەری بەرهەمهێنەر (Producer Organism): لە یاسا ژینگەییەکاندا هەندێ ڕووەک و زیندەوەر خۆراک بەرهەم دەهێنن، پێیان دەوترێت (بەرهەمهینەر)، بۆ نموونە ڕووەک گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئاو و کانزای سەرەتایی دەگۆڕێت بۆ پێکهاتەی سەرەکی ژیان (وەک: کاربۆهیدرات و پڕۆتین و جۆرەکانی چەوری)، هەروەها گرنگترین پێکهاتە بەرهەم دەهێنێت کە ئەویش (ئۆکسجین)ە، بە کردارێک کە بە ڕۆشتنەپێکهاتن ناسراوە.
ب- بوونەوەری بەکاربەر (Consumer Organism): ئەمەیان زۆربەی زیندەوەران دەگرێتەوە بە خودی مرۆڤیشەوە کە خۆراک بەکار دەبەن، پێیان دەوترێ (بەکاربەر).
ج- بوونەوەری مشەخۆر یا شیکەرەوە (Decomposer Organism): ئەمەیان ئەو زیندەوەرانە دەگرێتەوە کە پاشماوەی زیندەوەران شیدەکەنەوە بۆ پیکهاتە سادەکان، پێیان دەوترێت (شیکەرەوە یا مشەخۆر)، ئەو زیندەورانەش کە ئەم کارە دەکەن وەک (بەکتریا، کەڕوو و هەندێ جۆری مێش و مەگەز)، لە ڕژێمی پارێزگاریکردنی ژینگەدا ئەو تەنانەی شی دەبنەوە جارێکی تر دەبنەوە بە ماددەی سەرەتایی و بە هۆی زیندەوەر و ڕووەکەوە دەبنەوە بە خۆراک، بەم کردارە پاراستنی ژینگە دەچیتە قۆناغی سروشتییەوە، هەر گۆڕانکارییەک لەم ڕژێمەدا واتای پیسبوونی ژینگە دەگریتەوە.
2- پێکهاتەی نازیندوو:
ا- هۆکاری فیزیایی: پیک دێت لە ئاو، هەوا، زەوی، تیشکی خۆر، گەرمی، با، شێ، ڕێژەی بارانبارین و... هتر.
ب- هۆکاری کیمیایی: پیک دێت لە کاربۆن، نایترۆجین، فسفۆڕ، پۆتاسیۆم، ڕێژەی ماددەی ژەهراوی و... هتر.
$گرنگترین بابەتە ژینگەییەکانی جیهان$:
- زۆربوونی دانیشتوان
- فشاری زۆری سەر داهاتە سروشتییەکان
- گۆڕانەکانی کەش و هەوا
- زۆربوونی ڕووداوە سروشتییەکان
- دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرگە هەوا)
- بەبیابانبوون و وشکبوونەوە
- پیسبوونی هەوا و زۆربوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن
- پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان
- کونبوونی چینی ئۆزۆن
- لەناوچوونی دارستانە کەمەرەیی و جەمسەرییەکان
- پاشەڕۆی مەترسیدار
- پاشەڕۆ ناوەکییەکان
- پاشەڕۆ شارەوانییەکان (ماڵان و کارگەکان)
- لەناوچوونی هەندێ لە جۆرەکانی ڕووەک و گیانەوەر
- هەژاری و نەخۆشی
- شارە گەورەکان
- جەنگ و پاشماوەکانی جەنگ
- بەرەنگاربوونەوەی یاسا و ڕێسا ژینگەییەکان بە هەڕەشە
- ترشەباران
[1]