ناونیشانی بابەت: خەڵوزی بەردی
نووسین و وەرگێڕان: #فازڵ عەباس ئیبراهیم#
بەردێکی ڕەنگ ڕەش و قاوەییە یان زۆرجار ڕەنگی ڕەشە، کەتوانای داگیرسان و سوتانی هەیە، خەڵوز بەردێکی نیشتوەو لەچینەکانی ژێر زەویدا هەیە و لەبنەڕەتدا لەکاربۆن و چەند ڕەگەزێکی تری وەکو هایدرۆجین، کبریت، ئۆکسجین ونایترۆجین دروست بووە. وە ئەم خەڵوزەش لەپاشماوەی ڕووەک و گیانەوەران دروستبووە لەژێر پەستان و پلەیەکی گەرمی بەرز لەماوەی ملیۆنان ساڵد، خەڵوز بەدرێژایی مێژوو وەکو سەرچاوەی گەرمکردنەوەو کارپێکردنی شەمەندەفەرەکان بەکارهێنراوە، وەئەوەشمان بیرنەچێت کە خەڵوز کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ هەیە وە هۆکارێکە بۆدیاردەی قەتیسبوونی گەرمی چونکە یەکێکە لەسەرچاوە سەرەکییەکانی دوانئۆکسیدی کاربۆن، لەم ڕۆژەی ئێستادا ئەم وزە جیهانیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت هەروەها لەبەرهەمهێنانی خەڵوزی کوک بەکاردەهێنرێت کە مادەیەکی خاوە لەپیشەسازی ئاسن و پۆڵا. لەساڵی 1999 کۆی گشتی گازی دوانئۆکسیدی کاربۆن کەلە خەڵوزەوە دەردەچوو 8,666 ملیۆن تەن بووە، لە ساڵی 2011 گەیشتۆتە 14416 ملیۆن تەن دوانئۆکسیدی کاربۆن. خەڵوز بەدوو شێوە لەزەویدا دەردەهێنرێت یان بەشێوەی تونێل یان چاڵی کراوە واتا نزیک لەڕووی زەوی. چین یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری خەڵوزە کەساڵی 2011 (3520) ملیۆن تەن خەڵوزی بەرهەمهێناوە بەڵام زۆربەی لەناوخۆدا بەکاردەهێنرێت دواتر ویلایەتە یەکگرتووەکان دێت کە 993 ملیۆن تەن خەڵوزی بەرهەمهێناوە، وە گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری خەڵوزیش ئوسترالیا (328ملیۆن تەن) ئیندۆنیزیا (316ملیۆن تەن) گەورەترین هاوردەکاریش، ژاپۆن (207ملیۆن تەن) چین (195 ملیۆن تەن) کۆریا (146ملیۆن تەن).
$قۆناغەکانی دروستبوونی خەڵوز$
کاتێک ڕووەکەکان و دارودرەخت و گیانەوەران و قەوزەی ناو زۆنگاوەکان لەناوچەیەکی دیاریکراوی زەوی لەناودەچن و کۆدەبنەوە، دوای ئەوە پاشماوەکان لەقوڵاییەکی زۆر ڕۆدەچن و لەهەوا دادەبڕێن
دوای ئەوە بەکتریا دەست دەکات بەشیکردنەوەی پاشماوەکان و لەژێر پەستان و پلەیەکی گەرمی بەرز کەملیۆنان ساڵ دەخایەنێت پاشماوەکان دەگۆڕێت بۆ خەڵوز.
$مێژوو$
کۆنترین بەکارهێنانی خەڵوز دەگڕێتەوە بۆناوچەی شنیانگ لەچین لەدەوروبەری 4000 ساڵ پێش زاین، وە پێش هەزار ساڵ لەناوچەی فوشۆنی چین خەڵوز بۆ توانەوەی مس بەکارهێنراوە، مارکۆ پۆلۆ کەسەدەی سیازدە گەشتی کرد بۆ چین وەسفی خەڵوزی بەردی کرد بەبەردێکی ڕەشە وەکو ڕەگ و لقی دارەکان دەسوتێت.
لەئەوروپا کۆنترین سەرچاوەی بەکارهێنانی خەڵوز وەکو سوتەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ بەڕیتانیا لەسەردەمی برۆنزی 20003000 ساڵ پێش زاین، لەسەردەمی پیشەسازیدا خەڵوز لەپشتێنەیەکی فراواندا بەکاردەهێنرا بۆکارپێکردنی ئامێرەکان، لەساڵی 1700 پێنج لەسەر شەشی کانەکانی جیهان کەوتبوونە وڵاتی بەڕیتانیاوە و ساڵی 1947 نزیکەی 750٬000 کرێکار لەکانەکانی بەڕیتانیا کاریان دەکرد و کۆتا کانیش ساڵی 2015 داخرا. خەڵوز ڕۆڵێکی گرنگی لەپیشەسازی گێڕا لەهەردوو سەدەی حەڤدەهەم و بیستەم، هەروەها پێشینەی یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ خەڵوز و پۆڵا لەسەر بازرگانی ئەم کاڵایە بوو.
$جۆرەکانی خەڵوزی بەردی$
زۆرجار کاربۆن 50٪ بۆ 70٪ی کێش و قەبارەی خەڵوز پێکدەهێنێت، وە ئەم ژمارانەش بەپێی پلە و جۆری خەڵوزەکە دەگۆڕدرێت. جۆرەکانی خەڵوز ئەمانەن:
لیگنایت: هەروەها پێی دەوترێت خەڵوزی قاوەیی، خراپترین جۆری خەڵوزە کەڕێژەیەکی زۆر لەخڵتە و پیسی لەخۆدەگرێت لەگەڵ ڕێژەیەکی کەمی وزە، ڕێژەی کاربۆن تیایدا 25٪ە و تەمەنی نزیکەی 150 ملیۆن ساڵە.
بیتۆمین: تەمەنی لەنێوان 100 بۆ 300 ساڵە، لەژێر پەستانێکی توند و پلەیەکی گەرمی زۆر بەرز درووست بووە وڕێژەی کاربۆن تیایدا 45_85٪ە.
ئینثراسايت: ئەم جۆرەی خەڵوزە باشترین جۆرە و 97٪ی لەکاربۆن پێکهاتوە، بەرزترین ڕێژەی وزەی تێدایە و لەخەڵوزەکانی تر ڕەقترە.
$بەکارهێنانەکانی خەڵوز$
خەڵوز وەک سەرچاوەی وزە
خەڵوزی بەردی بەیەکێک لەسەرچاوە یەکەمیەکان دادەنرێت کەمرۆڤ بەکاریهێناوە بۆ بەرهەمهێنانی وزە لەگەرمکردنەوە و چێشتلێنان، لەگەڵ دەستپێکی سەردەمی پیشەسازی خواست لەسەر خەڵوز زۆر زیادی کرد و لەبەرئەمەش لەوڵاتانی ئەڵمانیا و بەڕیتانیا دەستکرایە لێدانی کانی گەورە بۆ دەرهێنانی خەڵوز بەبڕێکی گەورە، وە دواتر هەندێ وڵاتی تریش دەستیان کرد بەدەرهێنانی خەڵوز وەکو ئوسترالیا، ویلایەتە یەکگرتوەکان و کەنەدا.
خەڵوزی بەردی بنەمایەکی گرنگی بەرهەمهێنانی وزەیە، 48٪ی بەرهەمی کارەبا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەخەڵوزەوە بەرهەم دەهێنرا ساڵی 2008. وە ئەو وێستگە کارەباییانەی بە خەڵوز کاردەکەن بەرەو کەمبوونەوە دەچن بەهۆی ئەوەی زیانێکی زۆر لەژینگە دەدات و هۆکارە بۆقەتیسبوونی گەرمی، کۆمەڵێک هەوڵدرا بۆ بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆجیا و جیاکردنەوەی دوانئۆکسیدی کاربۆن و هەڵگرتنی لەچینە قوڵەکانی ژێر زەوی، بەڵام بەهۆی تێچوونی زۆرەوە نەتوانرا ئەم هەوڵانە بەدی بهێنرێت. یەدەگی خەڵوز لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسە بۆ ماوەی چەند سەدەیەک. ویلایەتی فیۆمینگ بەتەنها 40٪ی خەڵوز و ساڵانە هەزار ملیۆن تەن بەرهەمدەهێنێت.
🔹پیشەسازی ئاسن وپۆڵا
دەرەنجامەکانی سوتانی خەڵووز وەک سەرچاوەی وزە بەکاردێت لە پیشەسازیە جۆراوجۆر و گرنگەکانی وەک پۆڵا، بەشێوەیەک دەبێت خەڵوز شێوەکەی بگۆڕدرێت بۆشێوەیەکی تر کەپێی دەوترێت خەڵوزی کوک کەدواتر لەگەڵ ئاسندا دەکرێتە فڕنێکی گەورەوەو دەتوێنرێتەوە کەبە هەنگاوی یەکەم دادەنرێت لەپیشەسازی ئاسن وپۆڵا.
🔹خەڵوزی ماڵی
بێگومان هەمومان لەماڵەوە یان لەهەر شوێنێکی تر خەڵوزمان بۆ برژاندنی گۆشت وخواردنەکان بەارهێنراوە، بەڵام ئەم خەڵوزە هەمان خەڵوزی سروشتی نیە کەلەوێستگەکانی کارەبا بەرهەمدەهێنرێت يان لەپیشەسازیە جۆراوجۆرەکان، بەڵکو ئەم خەڵوزە لەدارو درەخت دروستکراوە کەپێویستی بەپلەیەکی گەرمی بەرز هەیە کەدەگاتە 400 پلەی سەدی.بۆیە لەم سوتانەدا خەڵوزی بەردی بەکاردەهێنرێت بۆسوتاندنی ئەم درەختانە.
$دروستکردنی هایدرۆکاربۆنات$
یەکێک لەگرنگترین بەکارهێنانەکانی خەڵوز لەپیشەسازیدا دروستکردنی هایدرۆکاربۆناتە کەمادەیەکی مۆمی پێک دێت لە پێکهاتەی کاربۆن و هایدرۆجین بەرێژەیەکی جیاواز و لەچەندین پیشەسازی گرنگدا بەکاردێت بەتایبەتی بەرهەمهێنانی سوتەمەنی پیشەسازی. هایدرۆکاربۆنەکان لە خەڵوزەوە بەرهەم دەهێنرێت بە گەرمکردنەوەی بۆ پلەی گەرمی بەرز بۆ گۆڕینی لە ڕەقەوە بۆ گازی، لەو شوێنەی کە گازی گەرمکردنەوە بەسەر گازی ئۆکسجین و دوانئۆکسیدی کاربۆندا تێدەپەڕێت بۆ بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆنات لە وێنەی مۆم و هەروەها لە بەکارهێنانی خەڵووز هەروەها لەبەکارهێنانی خەڵوز و لەهەمان هەنگاوی پێشوودا دروستکردنی میتانۆڵ و ئۆریا و کەرەستەی تر و بەرهەمهێنانی گازی هایدرۆجینی ئازاد لێیان.
$خەڵوزی پزیشکی$
لەوانەیە نەبێتە هۆی مەترسی بۆسەر کەس بەهۆی نامۆییەکەی و بەبەراورد بەجۆری خەڵوزەکەو سروشتەکەی، بەڵام یەکێک لەگرنگترین بەکارهێنانەکانی کەناتوانین پشتگوێی بخەین بەکارهێنانیەتی لەبواری پزیشکی. بەشێوەیەک خەڵوزەکە بە تێپەڕبوونی بەچەند زنجیرەیەک گۆڕانی پیشەسازی بەکارلێکی کۆمەڵێک ماددەی کیمییایی دیاریکراو دەگۆڕێت بۆ دەنکۆڵەی نەرم وەکو دەنکۆڵەی لم یان لەو نەرمتر و پێی دەوترێت خەڵوزی پزیشکی، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ پاککردنەوەی گەدەو نەهێشتنی هەر ژەهرێک لەناو گەدەدا.
$هەڵمژینی بۆنەکان$
هەروەک چۆن خەڵوز بۆ پاککردنەوەی گەدە بەکاردەهێنرێت هەروەها دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ دەرکردنی بۆنە ناخۆشەکانی ناو گەدە، خەڵووز توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە بۆ ئەوەی هەموو بۆنە نەخوازراوەکان هەڵمژن کە لەوانەیە لە خواردنەوە بێت یان بە پێچەوانەوە، بۆیە هەمیشە بە ژنی ماڵەوە ئامۆژگاری دەکرێت پارچە خەڵوزێک لە ناو سەلاجەکەدا دابنێن، بەتایبەتی لەگەڵ گۆشت و پەلەوەر یان ماسی ئامادەنەکراو چونکە خەڵوزەکە تەواوی بۆنە ناخۆشەکان هەڵدەمژێت.
$سڕینەوەی کلسی ددان$
یەکێک لە بەکارهێنانەکانی تری خەڵوز لابردنی کلسە کەڵەکەبووەکانی سەر ددانە و دواتر پاککردنەوەی و سپیکردنەوەی و درەوشانەوەی. کە بەشێوەی پاودەر لەدەرمانخانەکان هەیەو دەدرێت لەددانەکان و دوای پێنج بۆ دەخولەک کلسی ددان لادەدات.
$بەرهەمهێنان و یەدەگ$
چین: بەرهەمی ساڵانە(2٬7 ملیار تەن) ڕێژەی (39٬7٪)ی کۆی بەرهەمی جیهانی.
ویلایەتە یەکگرتووەکان: بەرهەمی ساڵانە (1٬7 ملیار تەن) ڕێژەی (16٬2٪)ی کۆی بەرهەمی جیهانی.
یەکێتی ئەوروپا: بەرهەمی ساڵانە (590 ملیۆن تەن) ڕێژەی (9٬2٪)ی کۆی بەرهەمی جیهانی.
هیندستان: بەرهەم (478 ملیۆن تەن) ڕێژەی (7٬5٪)ی کۆی بەرهەمی جیهانی.
ئوسترالیا: بەرهەم (394 ملیۆن تەن) ڕێژەی (6٬2٪)ی کۆی بەرهەمی جیهانی.
ڕووسیا: بەرهەمی ساڵانە (314 ملیۆن تەن) ڕێژەی (4٬7٪)ی بەرهەمی جیهانی.
$کاریگەرییە ژینگەیی و تەندروستییەکانی خەڵوز$
1- هۆکارە بۆ زیادبوونی گازە گەرمەکان بەڕێژەیەکی گەورە وەکو گازەکانی ئۆکسیدی کاربۆن، نایترۆجین، کبریت، کەدەبنە هۆی زیان گەیاندن بەژینگە بەشێوەیەکی جیاجیا.
2- خەڵوز بەیەکێک لەهۆکارەکانی نەخۆشی دادەنرێت کەمەترسی بۆسەر مرۆڤ دروست دەکات وەکو هەڵمژینی تۆز و دووکەڵی خەڵوز کە ئەم گەردیلە بچوکانە دەبنە هۆی سوتانی دیواری سییەکان و گیرانی خوێنبەرەکان و نەخۆشیە شێرەپەنجەییەکان، ئەمەش جیا لەڕەگەزە قوڕسەکانی وەکو خۆڵەمێش و زەرنیخ و جیوە.
3- سەبارەت بەگۆڕانی ئاووهەوا، کاریگەری گەورەو درێژ مەودای خەڵوز بریتییە لەدەرکردنی گازی دوانئۆکسیدی کاربۆن، کە یەکێکە لەگازە گەرمەکانی گۆڕانی ئاووهەوا. وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەساڵی 2018 گەورەترین بەشداریان کردووە لە دەرپەڕاندنی گازی دوانئۆکسیدی کاربۆن بەڕێژەی 40٪. لەساڵی 2016 کۆی گازی دوانئۆکسیدی کاربۆن کە فڕێدراوەتە بەرگەهەوا 14، 5 گێگا تەن بووە. لە ساڵی 2013 سەرۆکی دەزگای ئاووهەوای سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان داوای کردووە کەدەبێت دەستبەرداری زۆربەی یەدەگەکانی خەڵوز بهێنرێت لەجیهاندا لەناو زەوی بۆڕێگەگرتن لەکارەساتی قەتیسبوونی گەرمی.
4- پیسبوونی ئاو: بۆنمونە کاتێک ئێمە خەڵوز بۆ برژاندنی شتێک دەسوتێنین ئەوا خۆڵەمێش لەدوای خۆی جێدەهێڵێت. هەمان شتیش لەوێستگەکانی سوتەمەنی خەڵوز جێبەجێدەکرێت بەشێوەیەک وێستگەکانی وزە کە بەخەڵوز کاردەکات نزیکەی 100 ملیۆن تەن خۆڵەمێش لەدوای خۆیان جێدەهێڵن ولەم ڕێژەیەش نیوەی ئەم خۆڵەمێشە فڕێدەدرێتە گۆم و دەریاچەکان کە دەکرێت دواتر تێکەڵی ئاوی خواردنەوەمان بن.
$بۆچی خەڵوز وەکو سوتەمەنی بەکاردەهێنرێت؟$
1- زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لەژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە نەوت و گازی سروشتی لەتەواو بوندان کەوای بۆدەچن لەماوەی پەنجا ساڵی داهاتوو نەمێنن.
2- بەرزبونەوەی نرخی تەکنەلۆجیای وزەی خۆر لەم کاتەی ئێستادا.
3- گرنگترین تایبەتمەندی کەخەڵوز لەسەرچاوەکانی تر جیای دەکاتەوە ئەوەیە کە بەبڕێکی گەورە لە زۆربەی بەشەکانی زەویدا بەردەستە و نرخیشی زۆر هەرزانە.
4- دەتوانرێت خەڵوز بگۆڕدرێت بۆ گاز و کارەبا و گەرمی، وە لەئێستادا لەپشتێنەیەکی فراوان بەکاردەهێنرێت بەهۆی تەکنەلۆجیای نوێوە و کاریگەری پیسبوونەکەی کەمبۆتەوە.[1]