ئەی خودایە
#دڵدار#
ئەی خودایە حاڵی عالەم حەققی شایانی نییە
میحنەت و ئیدباری زۆر و شەهدی بێ ژانی نییە
سا ئەزانی بۆچ ئەمن وا مەعرەزی شەکوا ئەکەم
تا بزانی قودرەتی تۆ حەددی ویجدانی نییە
زامەکەت بێ مەرهەم و بۆ گشتی عالەم سارییە
دەردەکە زۆر نێش دار و قەتعی دەرمانی نییە
ڕێگەیی بەش کردنی ڕزقت لە دونیا شاهیدن
هێندێ کەس ئەفرادی لۆرت و هێندێ کەس نانی نییە
ڕۆژێ فەرمووت لیس للانسان الا ما سعی
هیچ کەسێیش هێندێ فەلاحی ئیش و کێڵانی نییە
ئیش ئەکات و ڕەنج ئەدات و ڕووت و قووت و زگ بەتاڵ
ئاخری بێ سوود ئەمێنێ ساڵ کە بارانی نییە
دائەمێنێ ڕەنجەرۆ و دەست لە ئەژنۆ قوڕبەسەر
ڕاستە شاهی بێ شەریک باکی گەدایانی نییە
سا لە ڕێگەی ژین دزینی مەڕ ئەکا گیسک ئەبا
چونکە برسی و بێ نەوایە مایەیی نانی نییە
ڕۆژی هات و ڕۆحی دەرچوو لاشەکەی کەوتە سڕی
لێی ئەدەن بەم گورزە گەورە وا کە ئیمانی نییە
سا بە سایەی قودرەتت بوو ماڵەکەی بێ بەهرە ما
خۆ قەزایە سیرقەتی کرد ڕاستە گوومانی نییە
بۆچ لە دونیا ڕەنجەڕۆ بی بێنەوا بی ئاخیرەت
چونکە وەک من غائیلەی دڵ عیززەتی گیانی نیە
گەر لە ئەفلاکا هەبایە حاکمێکی تر بەرقەرار...
سا ئەچووم ئەموت: خودای من، سوودی ئینسانی نییە
ڕەنگە کەمدیدە و مەلایان هانی خەڵکی وا بدەن
کوشتنی دڵدار حەڵاڵە چونکە ئیمانی نییە[1]