ناونیشان: خۆ ئامادەکردن بۆ نەشتەرگەری
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
پێویست ناکات خۆت تووشی دڵەڕاوکێ و ناخۆشی بکەیت تەنیا لەبەرئەوەی نەشتەرگەریت هەیەو پێویستە بێهۆشکاری گشتی وەرگریت. لەبەرئەوەی بێهۆشکاری ڕێگایەکە بۆ نەهێشتنی ناڕەحەتی و ئازاری تۆ لەکاتی نەشتەرگەریدا، جگە لەخاوکردنەوەی ماسولکەو هێورکردنەوەو خەولێخستن بەهۆی دەرمانەکانی بێهۆشکاری.
بەڵام بۆ ئەوەی دڵنیابیت لەوەی کە هەموو شتەکان بە ڕێگای ڕاستی خۆیان دەڕۆن پێویستە پێشتر بەڕێگایەکی زانستی خۆت ئامادەبکەیت، ئەم خاڵانە ڕەچاو بکەیت.
$ئایا پێویست دەکات بە ڕۆژو بم؟$
بەڵێ پێویست دەکات و پزیشکەکەت بە دڵنییایەوە پێت دەڵێت کە لەنیوەی شەوەوە بەڕۆژوو بیت شەوی پێش نەشتەرگەری، ئەویش لەبەر ئەوەی دەرمانەکانی کە لەبێهۆشکاری گشتیدا بەکاردێت ماسولکەکانی گەدە و قورگ خاودەکاتەوەو ئەمەش دەبێتە هۆی ڕشانەوەو هەندێک جار بەهۆی ئەمەوە خواردن دەچێتە سییەکان و توشی هەوکردنی کیمییایی (chemical pnemonities)سیەکانمان دەکات، گەدەی بەتاڵ ڕێگری دەکات لەدروستبونی ئەم حاڵەتە.
ئایا پێویست دەکات دەرمانەکان و چارەسەرەکانی پێشوم بوەستێنم ؟
پێویستە بە پزیشکەکەت بڵێت کە چ دەرمان و چارەسەرێک وەردەگریت و ئەویش بەپێی ئەوە ڕێنمایت دەکات. هەندێک چارەسەر پێویستە بوەستێنرێت چونکە لەگەڵ دەرمانەکانی بەنجدا کارلێک دەکەن، هەندێکی تریان لەوانەیە ڕێژەی خۆین بەربوون زیاد بکەن وەکو ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری خەستبونەوەی خوێن بەکاردێن وەک ؛ ئەسپرین، پلاڤێکس..هتد یاخود ئازارشکێنە ناستیرۆیدەکانی وەکو ڤۆڵتارین، پرۆفین، ئیبۆپرۆفین...هتد. چارەسەری بەرزی فشاری خوێن و یاخود چارەسەری نەخۆشی گەدە و هەندێک چارەسەری تر ئاساییە وەربگیرێت بەڵام دەبێت بە پێی ڕێنمایی پزیشکەکەت بێت.
$ئایا تەواوکەرە خۆراکی و ڕوەکییەکان دەبێت بوەستێنرێت؟$
هەندێک لەو تەواوکەرە ڕووەکیانە کارلێک دەکەن لەگەڵ بێهۆشکاری گشتیدا و ئەگەری خوێن بەربوون زیاد دەکەن، یاخود کاریگەرییان هەیە لەسەر پەستانی خوێن، بۆیە پێویستە بوەستێنرێن. بۆ نمونە ؛ حەبی سیر، زەنجەفیل، جینسینگ، جنکۆبایلۆبا، ئۆمێگا3..هتد.
پێویستە بە پزیشکەکەت بڵێت کەچ تەواوکەرێکی خۆراکی بەکاردێنیت.
$چ جۆرە بێهۆشکاریەک و بڕی چەند بێهۆشکاری وەردەگرم؟$
پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری بڕیاردەدات کە چ جۆرە بێهۆشکاریەکت بۆ بەکاربێنێت کەئەویش بەپێی جۆری نەشتەرگەرییەکەو حاڵەتی نەخۆشەکە دەگۆڕێت. وەبڕی دەرمانی بێهۆشکارییەکەش بە پێی؛ کێش، تەمەن، ڕەگەز، باری تەندروستی نەخۆشەکە..هتد دەگۆڕێت. پزیشکی بێهۆشکار بڕیاردەدات کەچ جۆرە بێهۆشکارییەک بۆ تۆ گونجاوەو یاریدەدەری بێهۆشکاری و ستافی تەندروستی چاودێریت دەکەن لەکاتی نەشتەرگەریدا.
$پێویستە چی بەپزیشکی بێهۆشکار بڵێم پێش نەشتەرگەری؟$
کاتێک پزیشکی بێهۆشکار پشکنینت بۆ دەکات پێش نەشتەرگەری پرسیارت لێدەکات لەبارەی باری تەندروستیت، پێویستە ئەم خاڵانەی پێبڵێت:
ئایاهەستیاری و حەساسیەتت هەیە بە هیچ جۆرە دەرمانێک، پلاستەر، لاستیک یاخود هەر مادەیەکی تر؟
ئایا هیچ نەخۆشیەکی درێژخایەنت لەگەڵدایە وەکو؛ بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشی دڵ، شەکرە، نەخۆشیەکانی جگەر و گورچیلە، نەخۆشی غودە، گەشکەو بورانەوە، نەخۆشی دەروونی..هتد؟
ئایا کێشەی هەناسە و نەخۆشی سیەکانت وەکو ؛ ڕەبوو، هەوکردنی بۆری سییەکان، کاکەو بەڵغەم..هتد هەیە؟
ئایا جگەرە، نێرگەلە دەکێشیت، خواردنەوە کحولیەکان بەکاردێنیت و بە ڕێژەی چەند، هیچ جۆرە مادەیەک یاخود دەرمانێکی بێهۆشکار بەکاردێنیت؟
هیچ جۆرە ئازارشکێنێک یاخود دەرمانە ستیرۆیدیەکان بەکاردەهێنیت؟
ئایا هیچ لاوازییەک یان سڕییەک لە پەلەکانتدا هەیە بۆ نمونە؛ لەقاچەکانتدا یاخود لە قۆڵەکانتدا.
ئایا کێشەی خوێن بەربوون و نەزیفت هەبووە پێشتر؟
لە ئافرەتاندا ئایا دووگیانیت؟
ئایا پێشتر هیچ هەستیاریەک یاخود کێشەیەکت توش بووە بە بێهۆشکاری گشتی، یاخود بە بەنجی ناوچەیی؟
ئایا لە خێزانەکەتدا هیچ کەس هەیە کە هەستیار بوبێت بە بێهۆشکاری گشتی یاخود ژیانی لەدەست دابێت لەژێر بێهۆشکاریدا یاخود هەر نەخۆشییەکی تری درێژخایەنی لەگەڵدا بێت.
ئایا هیچ نەخۆشیەکی درێژخایەن هەیە لەناو خێزانەکەتدا بە تایبەت دایک و باوکت؟
پێویستە ڕۆژی پێش نەشتەرگەری چ پرسیارێک لە مێشکتدایە لەبارەی نەشتەرگەریەکەت و ئەو دەرمانانەی بەکاردەهێنرێن لەکاتی بێهۆشکاریدا، بیکەیت و دوودڵ نەبیت. خۆت دڵنیابکەرەوە لەوەی کە ئاسودەو مورتاحیت لەگەڵ پزیشکە بێهۆشکارەکەت و تیمە پزیشکیەکەت و متمانەت پێیانە و باشترە گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکەکەت بکەیت لەبارەی ئاکامە نەخوازراوەکانی نەشتەرگەری و بێهۆشکاری گشتی. خۆت هێوربکەرەوە و ئەگەر زانیت پێویستت بە هێورکەرەوە هەیە باشترە بە پزیشکەکەت بڵێت کە هێورکەرەوەیەکت بۆ بنوسیت کە گونجاو بێت بۆ تۆ و نابێت سەربەخۆ لەخۆتەوە هیورکەرەوە وەربگریت.
$ئایا پێویستە کەسێکم لەگەڵدا بێت لەکاتی وەرگرتنی بێهۆشکاری گشتیدا؟$
بەڵێ زۆر گرنگە کە کەسێکت لەگەڵدا بێت بەتایبەت دەبێت کەسی پلە یەک بێت، واتە ئەگەر هاوسەرگیریت نەکردبوو، باوک، دایک، خوشک، برا. ئەگەر هاوسەرت هەبوو ئەوە هاوسەرەکەت. لەوڵاتی ئێمەدا لە ڕووی یاساییەوە کە واژووی ڕازیبوون بۆ نەشتەرگەری ئیمزا دەکرێت، پێویستە نەخۆشەکە و کەسی یەکەمی نەخۆشەکە واژوو لەسەر فۆڕمی ڕازیبوون بکات پاش خوێندنەوەی فۆرمەکەو ڕازیبوون بە ئاکەمەکانی نەشتەرگەری و بێهۆشکاری. بۆ کەسێک کە کەسی پلە یەکەکانی لە دەست دابێت ئەوە پێویستە پزیشکی بێهۆشکار لەگەڵ نزیکترین کەسی نەخۆشەکە و بەرپرس لێی گفتوگۆبکات و واژووی ڕازیبوون وەربگرێت. لەکاتی وەرگرتنی بێهۆشکاری ناوچەیشدا پێویستە کەسێکی نزیکت لەگەڵ بێت چونکە بێهۆشکاری ناوچەیش هەندێک جار دەرئەنجامی خراپی هەیە.
لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوە تەنیا نەخۆش خۆی بەرپرسیارە لە خۆیی و تەنیا واژووی خۆی وەردەگیرێت لە کاتی نەشتەرگەریدا، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا بەو جۆرە نیە و کەسی پلە یەک بەرپرسە و لەڕووی یاساییەوە دەبێت واژووی ڕازیبونی وەربگیرێت.[1]