بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گوومڕا 02
#شەماڵ بارەوانی#
فەقێیەکی پەڕتووک خۆر!..
لەبەشی پێشووتر باسم لەوەکرد، کە تووشی گۆڕانی فکری بووم.
ئێمە کۆمەڵەک فەقێ بووین، هەموومان بە ئاڕاستە سەربە ئیسلامی سیاسی بووین و ئنتیمامان بۆ ئیسلامی سیاسی هەبوو، هەمان بوو یەکگرتوو، هەشمان بوو مەیل و ئنتیمای بۆ کۆمەڵی ئیسلامی هەبوو. وەلێ لەهەمان کاتدا، ئێمە مەڕ نەبووین، ڕاستە بە تەمەن گچکەبووین و هەریەک لە ئێمە سەرەتا بە ڕێگای هەست و سۆز و عاتیفەوە، ئنتیمامان بۆ ئەو دوو هێزیلە ئیسلامیە سیاسی لا درووست ببوو،
وەلێ ئێستا لەڕووی فیکرەوە بە هێزببووین و عاتیفانە بیرمان نەدەکردەوە، شوکور ئێستا هۆشیارە مەحوی و ئێمە شێوازێکی تر بیرمان دەکردەوە، بەرەو ئەقڵانیەت و جیهانی بیرکردنەوە و لۆژیک هەنگاومان ناوە، بۆیە ئێمە ئەو کۆمەڵە فەقێیە عەجووڵ و هۆشیاربووین. ئەوانیش هەندەکیان کەم و زۆر بەڵام بە ئەندازەی من نا، دەیان خوێندەوە. فەقێی هاوڕێم هەبوو بەرلەمن ڕۆمانی(تاعوون)ی کامۆی خوێندەوەو هێنای من بیخوێنمەوە.
فەقێشمان هەبوو، لەیەک قاڵبی بیرکردنەوەدا چەقی بەستبوو و حەزی بە خوێندنەوە و بیرکردنەوەو بینینی بیرو ڕای جیاواز و شتی جیاواز نەدەکرد. بە ساڵیش پەڕتووکێکی نەدەخوێندەوە. زیاتر حەزی لە چالاکی حزبی بوو و هەوڵی دەدا خەڵک بکات بە ئیسلامی.
هەڵبەت ئەو گۆڕانە فیکریە، تەنیا من تووشی نەبووم، چەندین فەقێی تری هاوڕێم و فەقێی تریش، لە حوجرەیتر ئاگاداربووم کە هەمان شێوەی من، وەک مەڵاکان دەڵێن تووشی گوومڕایی و لادان بوون.
جا لەو گۆڕانە فیکریە، من کەم و زۆر کاریگەریم لەسەر فەقێکانی هاوڕێم هەبوو، فەقێکان دەیان زانی و دەیان بینی کەمن جگە لەخوێندنەوەی پەڕتووکی ئیسلامی و وانەی حوجرەو قوتابخانەی ئایینی و بابەتە ئایینیەکان، بەردەوام و شەو ڕۆژ خەریکی خوێندەوەی ڕۆمان و چیرۆک و پەڕتووکی فیکری و فەلسەفی و دەروونناسی و کومەڵناسی و سیاسی و مێژووییم.
بەهۆی مۆتاڵای زۆرمەوە، هەندێک لە فەقێکان پێیان دەگووتم پەڕتووک خۆر و بۆیە متمانەشیان بە قسەکانی من دەکرد. سەرەتا نا، وانەبوون، هەندێکیان لێم دەترسان و نەیان دەوێرا توخنم بکەون. چوونک هەندێک مەلا و فەقێی تر منیان وەک دەعبایەکی مەرترسیناک و فەقێیەکی گومڕا و لادەر و زۆر خەتەرناک، لای ئەو فەقێیانە وەسفکردبوو. [1]