بکوژێ بۆ دایکم
رزگار لوتفی
تا ئەو ئێوارەیەی بەڕێوەبەری نووسینگەی خانووبەرەی سەر کۆڵانەکەمان زمانی نەماشتەوە و بە زەردەخەنەوە نەیگووت: جەوان! گەر دایکت دی سڵاوی منی پێ بگەیەنە، بە تەواوی دڵنیا نەبووم باوکم مردووە و مەحاڵە چیتر جارێکی دی بیبینمەوە، گەرچی ئەو چەقۆ زامندارەی پارێکە پاییز باوکمم پێکوشت ئێستاش لە ژێر خانەکەی ماڵی خۆماندایە و هەرجارە و بۆ تێکردنی شەراب چوو بێتمە خوارێ لە پێچەرۆکەکەیم کردۆتەوە و بە خوێنەوە لستوومەتەوە و لە کەلێنی دیوارەکەم ڕۆکردۆتەوە دەبوا گەلێک زووتر دڵنیای کردبام کە ئەوە نییە بەم دەستانەی خۆم باوکمم کوشتووە و، بەم دەستانەی خۆشم جەستەییم شۆردووە و، هەر بەم دەستانەشم تەرمە بێ نازەکەییم ناشتووە! بەڵام ئەی هۆکاری چ بوو کاتێک بوونی چەقۆ زامندارە خوێناوییەکە و ئەم دەستانەم ئەم دەستانەی هەر جارێ خستبمنە بەر بەلووعە و تەمای شۆردنیانم بووبێ و ویستبێتم ئاویان پێ لە چاوانم پڕژێنم خوێناویان دەڵاندبێ و وڕ تاساندبێتمیان باشترین هۆکار بوون بۆ ڕاستەقینەبوونی مەرگی باوکم، بۆچ تا ئەو بەڕێوەبەرەی نووسینگەکەی سەر کۆڵانەکەمان ئەو فەرماییشتە ناڕەوایەی نەفەرموو ئاوا بە تۆخی لە سەر مردنەکەی باوکم یەکلایی نەبووبوومەوە و بە دڵنیایی تەواو نەگەییشتبووم؟! مەگەر هۆکار لەمانە زەقتر و بەرچاوتر دەست ئەکەوێ وا من نەزانانە پێملیان نەبووبووم و سەرسەرییانە لە پەنایانەوە تێپەڕبووبووم؟! یان ئەوەی بۆ پیاوی نەزان جۆرێکیترە و ئەبێ هەمیشە بایەک لە لای نووسینگەیەکەوە ڕاخووشێ و هەموو گیانی بلەرێنێ و ئۆقرە و حەژمینی نەهێڵێ ئینجا حەقیقەتی بای لا ڕوون دەبێتەوە؟! ئەو بایەی تا باوکمم نەکوشتبوو هەمیشە لە بن سمێڵە چەخماخییە خەنەییەکەی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەر کۆڵانەکەمانەوە ڕاخووشاوە و من بۆم نەبووە هەستی پێبکەم یاخود بۆم بووە هەستی پێبکەم و خۆم نەمویستووە یان هەر جۆرە ئەراجیڤێکی بێ بنەما و بەتاڵ لە مانایەکی دیکە. وەک بوولێڵی بەیان لام ناڕوونە کە باوکم هەمیشە دەیگووت: یاخودا جوولەکەکانی فەلەستینیش ڕێیان نەکەوێتە نووسینگەی ئەو سمێڵ سوورە لە خودا بێ خەبەرە! ناگا هەنگاو بنێتە هۆڵی نووسینگەکەوە لە مێژە گووردراوە و کەوڵکراوە و پێستەکەی لە مەزادخانەکاندا خراوەتە مەزاد! باوکم ئەیگووت: نەخەڵەتابن واهەست بکەن تەزبێحە درێژەکەی دەستی تەزبێحە! گەوج مەبن، مە! ئێوە بە باشی لێی ورد نەبوونەوە و لە جادووەکانی تێ ناگەن. بە شەرافەتم ئەو تەزبێحە درێژەی بەردەوام دەوری ئەکاتەوە خودی تەنافی قەنارەکەیە، ئەو تەنافی قەنارەیەی دایم بۆ لە سێدارەدانی پەککەوتە وهەژارەکان هەڵدراوە، تەنها پەککەوتە و هەژارەکان! بۆ دەوڵەمەندەکان هەمان خەتمکەری سوبحانەڵڵا لێو بزوێنەکانە و بەس. باوکم ئەیگووت: ئەگەر هەموو کاسبکارەکانی دونیا شەرافەتیان لە دەست دابێ، ئەم هەر لە بنەڕەتڕا شەرافەتی نەبووە تا لە دەستی بدات. گەر شەرافەتێکیش بوونی بووبێ، وەک مێش هەنگوینە لە پیاوی خۆی ئاڵاوە و هەرگیز ڕووی لە مووبۆرێکی چاوشینی لەو چەشنە نەکردووە. باوکم ئەمانە و زۆر شتی دیکەشی دەگووتن و کاتێکیش دەیخستنە بەر باس و لێیان ئەدوا کە دایکم لە دانیشتنەکەیدا بوونی هەبوو و، تیشکی هەتاو چوون ڕایەڵێکی ئەستۆندکی لاییتێکی دەستی، بە زێڕی سیمایدا ڕادەبوورد و لە سەر زولفە ڕەشە پڕبریسکەکەی دەمۆڵی. مۆڵینێک ئێستاشی لە گەڵدا بێ؛ گەر گەرووی باوکمی بە نووکی چەقۆیەکی زامندار ئاشنا کرد، بێ گوومان زگی ئەو بەڕێوەبەرەی نووسینگەی خانووبەرەی سەر کۆڵانەکەشمان دەکاتە خەزێنگەی فیشەکگەلی دەم تەڵا و نوقرەیی.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 421 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!