میدیای ئەلیکترۆنی و شکۆشکێنی
#لەتیف فاتیح فەرەج#
سەنتەری میترۆ لەژێر ناوی کێ میدیای ئەلیکترۆنی چەک دەکات، داوای ڕاگرتنی ئەو هێرش و پەلامارانە دەکات، کە پەیج و ئەکاونت و سۆشیال میدیای سێبەرو داردەستی حزب و تاکەکەس تێیدا پەلاماری هەموو پیرۆزیەک دەدەن و لەخاتون و شکۆو خێزان و هیچ شتێک سڵناکەنەوە، منیش لەسەر نووسین و ڕەخنە نەک شتی تر هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو پەلامارانە بوومەتەوە، وەک چۆن دەیان ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەوان و نوسەر خۆیان و خانەوادەیان بەر ئەو پەلامارو هێرش و شکۆشکێنیە بوونەتەوە، ئەو پەلامارو ناشرینکردنە بەشێکە لەهەڵمەتی هەندێک دەزگاو ناوەندی حزبە زلەکان و بەدەستی ئەنقەستیش دەیانەوێت هەمووان ناشرین بکەن، سەیر ئەوەیە پەلاماردەرەکان وەک شینگێڕی حزبەکان دەردەکەون.
بەشێکی زۆر لەشێواوی نێو ماڵی کوردەواری ئەو پەیج و تاریکیە بەرپرسیارن لێی، ئەوان هیچ بوارێک بۆ جیاوازیی و هەناسەدانی ئازاد ناهێڵنەوە، دەستبردن بۆ تایبەتیەکانی مرۆڤ، سوکایەتی پێکردنی، زڕاندنی ناوی، مێژویەکی کۆنتری هەیەو زۆر ڕۆشنبیرو کەسایەتی لەمێژوی کوردا بەر ئەو پەلامارو شکاندنە کەوتونە، ئەوە بۆیە گۆرانی شاعیر بەتریفەی پاک و بێگەردی مانگیش دەڵێت:
ئەی تریفەی مانگە شەوی دەرکی دەلاقە
بەپیس نەبی خۆت لادە لەم کوردی عێراقە
پەروەردەی حزب بەو جۆرەی ئەوەی لەگەڵم نییە دژمە، ئەوەی دژمە دوژمنمە، ئەوەی دوژمنمە دەبێت هەمیشە لێیبدرێت، دۆخێکی دروستکردوە کە سەدان کەس کەسابەتیان بووە بەڕاپۆرت نووسی و جاسوسی و هەروەها شکاندن و بوختان دروستکردن و تا دوای، هەندێکجار بوهتان و شکاندنەکان هەموو سنورەکان دەبەزێنن، بەڕادەیەک فریشتەش بیت دەتکەن بەئەهریمەن، ئەمجۆرە چەکە قێزەون و ناشرینە زۆرجار قوربانیەکان بەڕادەیەک ئازار دەدات کە نەفرەت لەبوون و ژیانیش بکات، ئامانجی مافیاکانی میدیا بێدەنگکردن و دواتر کەویکردنە، هەموو ئەوانەی ناخرێنە نێو داوی بێدەنگکردن و کەویکردنەوە، دەبنە قوربانی ئەو سیناریۆ قێزەونانەی کە بۆیان دروستدەکرێت، هەرجارەو بەجۆرێک، بەپیاوی وڵاتان نیشاندان، بەوەرگرتنی پارە، بەلێدان لەوەی کەئەگەر کەمێک لەمافی خۆی وەک هاونیشتمانیەک وەربگرێ، ئیتر گرگن و بچوکەکان وەک ویلیەم ڕایش دەڵێت، هەرچی نەشێ دەیکەن.
لەڕاستیدا بێدەنگکردنی ئەم لەشکری چەواشەو درۆیەش دەبێت بەشێک بێت لەئاکاری گێڕانەوەی تەناهی و ئاسایشی دەرونی بۆ نێو کۆمەڵگە، جارێکیان کرێگرتەیەکی ئەوجۆرە شەڕ فرۆشیانە باسی لەوەکردبوو، بەندە لەلایەن لایەنێکەوە هەزاران دۆلارم پێدراوە بۆ تێکدانی ئاسایش، کاتێک دەرکەوت درۆیەو دەبوو شەرمەزار بێت نەک نەبوو، تائێستاش کاری هەمان کارە دژ بەخەڵکی دیکە، هەڵبەت هەواڵە درۆیەکەشی هەمیشە چەکێکە بەدەست ئەوانەوە کە داخ لەدڵن بەرامبەرت و دەستیان ناگاتە ئەژنۆت.[1]